فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار ڕایدەگەیەنێت، بنەماڵەی بارزانیی و بەتایبەت مەسرور بارزانی هێرشەکانی سەر زاپ ڕێکدەخەن و جەختدەکاتەوە، کە بۆ ئەوان جیاوازیی لە نێوان چیای زاپ و بارزان و سەفین نییە، دەشڵێت: بنەماڵەی بارزانیی خەمی پاراستنی کوردستانیان نییە، بەڵکو بەرژەوەندییان لەو هێرشانەدا هەیە.
زۆزان چەولیگ، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆن ستێرک، تیشکی خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئەو هێرشانە.
زۆزان چەولیگ دەڵێت: ئێستا زاپ گەمارۆدراوە، دەبینین کە بنەماڵەی بارزانی و خودی مەسرور بارزانی ئەو هێرشانە ڕێکدەخەن، بەڵام دەبێت پەدەکە باش ئەوە بزانێت، ئەگەر گەریلا لە زاپ بشکێت، ئەوا دەچینە بارزان، بارزانی موختاری زاپ و ئاڤاشین و گارە نییە، دەبێت باش ئەوە بزانن، چیای بارزانیش جیاوازیی لەگەڵ زاپ نییە، چیای سەفینیش جیاوازیی لەگەڵ گارە نییە، ناتوانن بایی ئەوەندە بیربکەنەوە!.
دەشڵێت: ئەوەی زۆر باش شارەزایە لە سیاسەتی پەکەکە، پەدەکەیە، هیچ بیر لەو شتانە ناکاتەوە؟ ئەگەر لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا هاوکاری دەوڵەتی تورک بن بۆ شکستپێهێنانی گەریلا، ئەوا ئێمە دەچینە ناوچەکانی دیکە، با ناچارمان نەکەن بچینە ئەو ئاستەوە.
ئاماژە بە پیلانی دەوڵەتی تورکیش دەکات و دەڵێت: پیلانی ئاکەپە ئەوەیە سەرەتا پەکەکە لەناوببات و دواتر باشوور و ڕۆژئاوا داگیربکات، ئامانجێکی دیکەشیان داگیرکردنی موسڵ و کەرکوکە، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیش بەرژەوەندییان لەو داگیرکارییەدا هەیە، چونکە ئەوان کێشەی پاراستنی نەتەوەیی کوردە، ئەگەر وابوایە بێگومان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی کورد کاریان دەکرد.
زۆزان چەولیگ ئاشکراشی دەکات، کە سەربازی تورک بە جلی پێشمەرگەوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی گەریلا و دەڵێت: پەدەکە زۆر شت بەنهێنیی دەکات بۆ ئەوەی سەرنج ڕانەکێشێت، چاوەڕوانی ئەوەیە زاپ و ئاڤاشین بکەون، دواتر هێزەکانی لە سنووری بادینان زیاتر چالاک دەکات.
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمساڵ ساڵێکی خەتەرناکە بۆ پەدەکە و ئاکەپە و دەڵێت: ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی کۆتاییە بۆ ئەردۆغان، یان ساڵی سەرکەوتنە یان ساڵی شکستە، بۆ ئەوەی شکست نەهێنێت هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەت و هێزی وەک پەدەکە بەکاردەهێنێت، پەدەکە دەزانێت سیاسەتەکەی گەیشتووەتە کۆتایی، بۆیە ئەمساڵ ساڵێکی خەتەرناکە بۆ ئاکەپە و پەدەکە.
چەولیگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکدەخاتە سەر دژایەتیی پەدەکە بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی و دەڵێت: ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی پێکبێت بێگومان بەگوێرەی بەرژەوەندیی پەدەکە نابێت، چونکە پەدەکە دەزانێت ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی بەپێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ پێکبێت، ئەوا بنەماڵەی بارزانی و بیرکردنەوەی پەدەکە شکست دەهێنن.
زۆزان چەولیگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشک دەخاتەسەر دژایەتیی پەدەکە بۆ ئەو عەشیرەت و هۆزانەی سنووری بادینان و برادۆست، کە هەڵوێستی نەتەوەییان هەیە و دەڵێت: بۆ نموونە عەشیرەتی ڕێکانی هەن لە دێرەلوک، ئەوانە وڵاتپارێزن، هەمیشە خاک و هەستی وڵاتپارێزیی خۆیان پاراستووە و باجیشیان لەپێناویدا داوە، لەبەر ئەوەش لەم چەند ڕابردوودا چەندین گەنجیان لێ شەهیدکرا، دەتوانین بڵێین هەمان شت بەرامبەر برادۆستیی و زێبارییەکان دەکرێت، زۆرینەی خاکی ئەو عەشیرەتانەیان پێشکەشی تورکیا کردووە، کوڕەژارۆ خاکی ڕێکانییەکانە، چەندین ناوچەی برادۆستیان پێشکەشی تورکیا کرد، لە ئاکرێ و دینارتە لە هەندێک شوێن سورچی و زێباری هەن، ئێستا کێ لەوێیە؟ زیاتر لە ساڵێکە چەتەی ڕۆژیان بردووەتە ئەو ناوچانە.