بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان: گەمارۆی دەرمانیشمان لەسەرە

نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو مەرجانەی لەلایەن ڕژێمی سوریاوە بەسەر نەتەوەیەکگرتوەکاندا سەپێندراوە، هیچ لە شێوازی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان ناگۆڕێت، چونکە هیچ ڕێکخراوێکی جیهانیی بەڕەسمیی مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا ناکات، دەشڵێت مامەڵەکان لەڕێگەی ڕژێمی سوریاوەیە و ئەویش زۆرجار هاوکارییەکان وەک کارتی فشار دژی رۆژئاوا بەکارئەهێنێت.

جاویدان کەمال، نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لەبارەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان رۆژنامەی بەهاوڵاتی راگەیاندوە: زۆرتریین هاوکارییەکان کە پێماندەگەن دەرمانن و ئەوانەش دەرمانی سەرەکیین وەک “ڤاکسین” کە” ناچارن” بەزوویی و بەمەرجی کەمتر پێمانی بدەن، ئەگینا زۆربەی پێداویستیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکڕدرێت و دابین دەکرێت”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هاوکاریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون دەرمانن و زۆربەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوون.

لە بەڵگەنامەیەکدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نێردراوە، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بەسام سەباغ، باڵیۆزی سوریا باسی لەوەکردووە کە حکومەتی سوریا ڕێگە بەدرێژکردنەوەی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان دەدات بۆ قوربانیی و زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە سوریا لەڕێگەی دەروازەی باب-ئەلهەوا، ئەویش بە دوو مەرج، بەڵام ئەو مەرجانە بوونەتە هۆی نیگەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.

وەک لە بەڵگەنامەکەی “OCHA “هاتووە: حکومەتی سوریا بەمەرجێک ڕێگە بە درێژکردنەوەی هاوکاریەکان دەدات کە لەژێر چاودێریی و بەهاوکاری لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سور و مانگی سوری عەرەبیی لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابەش بکرێت، هەروەها جەختی لەوەش کردوەتەوە کە نەتەوەیەکگرتوەکان نابێت پەیوەندیی لەگەڵ  رۆژئاوای کوردستاندا هەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی ئەو ناوچانەی کەزۆرتریین هاوکاریان پێویستە دکتۆر جاویدان کەمال وتی: ناوچەی شێخ مەقسود کەسەر بەپارێزگای حەلەبە و لەژێر دەسەڵاتی خۆسەرە، لەگەڵ شەهبا کەزۆربەی ئاوارەکانی عەفرینیشی تێدایە” زۆتریین هاوکارییان پێویستە؛ بەڵام ئەوانە لەلایەن ڕژێمەوە جیاکراونەتەوە و دەوریان گیراوە، ڕێگری دەکرێت لەگەیشتنی هاوکارییەکان بۆیان لەلایەن ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕوسیا، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی سوریایە ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێگریکردن لە درێژکردنەوەی ماوەی نۆ مانگ کە بەنێوەندگیری نەتەوەیەکگرتوەکان ڕێگە بە گەیاندن و بەردەوامکردنی هاوکارییەکان بدات لە دەروازەی باب-ئەلهەوا، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنیت و هەر بەوهۆیەوە حکومەتی سوریا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان ئەو مەرجانەی دانا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …