عەبد: پەیمانی کۆمەڵایەتیی و کۆنفرانسی مەسەدە دوو گورزن لە دەوڵەتی تورک دران

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکە  رایگەیاند :”پەیمانی کۆمەڵایەتیی و کۆنفرانسی مەسەدە بە دڵی دەوڵەتی تورک نەبووە، بۆیە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چڕ کردەوە”.

حەمدان عەبد – جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکەرایگەیاند، کە لە سەرەتای قەیرانەکانی سووریاوە بە دەستێوەردانی تورکیا لە کاروباری سووریادا، هەم سەربازیی، سیاسیی هەم پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەستی پێکردوە و وتی:”دەوڵەتی تورک دەیەوێت رێگەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزێتەوە و بەوەش مافی بڕیار و نێوەندگیریی جیهانی عەرەبیی و ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەوت بکات.”

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک لەسەر دوژمنایەتییەکانی بەرامبەر گەلی سوریا و بەتایبەت کورد و عەرەب ماوە و دەژیت. هەموو لایەک بەرەو شۆڕش یان بەرەو دیموکراتیک بوون دەڕوات، بەڵام دەوڵەتی تورک شەڕیان لەگەڵ دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە تاکڕەوییەکانی، سیستمی حکومەتی لە پەرلەمانییەوە گۆڕیووە بۆ سەرۆکایەتی.

‘داعش کەڵکی نەماوە، بۆیە خۆی هێرش دەکات’

عەبد باسی لە بەرفراوانی ئاستی هێرشەکان کرد لەم ماوانەی دواییدا و وتی:” ئێمە لە هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک سەرمان سوڕنابێت بەتایبەتی دوای ئەوەی داعش و جەبهەت نوسرە و گروپە چەتەکانی دیکە شکستیان هێنا و بوونە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی  جیهانیی، بەڵام سەرەڕای ئەوە تورکیا شێوازی تری بەکارهێنا بە چالاککردنی شانە تیرۆریستەکانی داعش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ لەناوبەدنی شێخی هۆزەکان، کەسایەتی، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر ویستی کۆمەڵگەی سوریا لەناوببات. هەروەها دۆسیەی پەنابەرانی سوریای بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپا بەکار هێنا، چەتەکانی بۆ ناوچەکانی تری جیهان وەک لیبیا و ئازەربایجان ڕەوانەکرد، دوای داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی، و گرێ سپیی دەستی بە گۆڕینی دیمۆگرافیا لەو هەرێمانە کرد. بۆ شکستپێهێنانی گەلانی سوریا هەموو ڕێبازێکی تاقی کردووتەوە لە بەر ئەوەی ئانجامی وەرنەگرت، هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕؤژهەڵاتی سوریا و ژیانی گەل بە ئامانج دەگرێت. ناوچە مەدەنییەکان وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە، کارەبا و وێستگەی نەوت، ئەو شوێنانەی کە هەزاران کەس تێیدا دەژین و میلیۆنان کەس سوودی لێ وەردەگرن دەکاتە ئامانج و ئەمەش بە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیی دادەنرێت و لە ئەنجامدا کۆچێکی زۆرەملێی لێدەکەوێتەوە.

‘تورکیا هەموو یاساکانی پێشلکردوە’

راشیگەیاند، تورکیا هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و وتی:”دوای ئەوەی ئیسرائیل ژێرخانی غەززەی کردە ئامانج لە شەڕەکانی نێوان ئەوان و حەماسدا، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هیچ کاردانەوەیەکی جددیی لە دژی ئیسرائیل نیشان نەدا، ئەردۆغان سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت و بەردەوام بە فڕۆکەی شەڕ هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات و گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.”

ئاماژەشی بە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد و شەرمەزاریکرد و وتی:”هەموومان دەزانیین کە ئەردۆغان هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و لە پێناو داگیرکردنی ناوچەکە و چۆڵکردنی لە دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمەکە و گەلانی دیکە بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە دەدات و بە هێنانی فەلەستینیەکانی غەززە و نیشتەجێکردنیان لەهەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت جێگەیان پڕ بکاتەوە.”

‘پێشکەوتنەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە دڵی دوڵەتی تورک نەبوون’

حەمدان عەبد هێمای بۆ ئەوەشکرد، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەم هێرشانە داعش زیندوو بکاتەوە و وتی:”دەوڵەتی تورک دوو گورزی لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە بەرکەتووە؛ ئەویش دامەزراندنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیی نوێ و پەسەند کردنی زۆرینەی سورییە چالاکەکانە. ئەوی دیکەیان ئەنجامدانی چوارەمین کۆنفرانسی مەسەدە یە.”

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بێدەنگیی حکومەتی دیمەشق و رووسیا و ئەمریکای شەرمەزار کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:”پێویست بوو، حکومەتی سوریا پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دادگایەکی نێودەوڵەتیی بانگهێشت بکردایە بە هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکرات  ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای بپاراستایە، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوە گەمارۆی دوو گەڕەکی حەلەب (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە) و ناوچەی شەهبا دەدات”.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …