هێرشی توركیا بۆسه‌ر كامپی مه‌خمور شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین

ڕێكه‌وتی٥-٦-٢٠٢١ جارێكی تر ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا به‌فڕۆكه‌ هێرشی سه‌ر كامپی ڕۆسته‌م جودی له‌مه‌خمور كرد و شه‌هید و بریندار لێ کەوتەوە. دیاره‌ هه‌ركه‌س ده‌زانێت له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی كوردی له‌زێدی خۆیان ده‌ركرد و به‌هه‌زاران گوندی خاپور کرد، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕی و كورد بوونیان، به‌ڵام به‌داخوازی ده‌وڵه‌تی توركیا و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتی و بارزانیه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌ده‌رنران و له‌ژێر چاودێری (UN) له‌كامپێكدا له‌مه‌خمور نیشته‌جێ كران، له‌ئیستاشدا جارێكی تر له‌به‌رهه‌مان هه‌ڵوێست ده‌وڵه‌تی توركیا به‌هه‌ماهه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی پارتی هێرش ده‌كاته‌سه‌ریان، له‌كاتێكدا ئه‌و كوردانه‌ی كامپی مه‌خمور ده‌بوو له‌هه‌رێمی كوردستان لانه‌یه‌كی ئارامیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرایه‌.

ئێیمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر كامپی مه‌خمور و هێرشی سه‌ر پۆلێك پێشمه‌رگه‌ مەتینا له‌هه‌مان کاتدا یه‌ك ده‌سته‌ ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌نجام داوه ‌و ئامانجه‌كه‌ش ڕوونه‌، چونكه‌ ڕوونتر بڵێین ده‌وڵه‌تی توركیا نایشارێته‌وه‌ و به‌ئاشكرا ئامانجه‌كانی خۆی دێنێته‌زمان و ده‌ڵیت شتێك به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ لای ئێمه‌ قبوڵ نییه‌ و له‌هه‌رشوێنێ كوردێكی ئازاد هه‌بێت هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر، پێش ته‌نها دووڕۆژ سه‌رانی توركیا به‌ئاشكرا ڕایانگەیاند كه‌ مه‌خمور و شه‌نگالیش ده‌بێته‌ ئامانجی هێرشه‌كانمان، هه‌ربۆیه‌ ئیتر شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ پاساوی هیچ هێز و لایه‌نێك كه‌ ده‌وڵە‌تی توركیا به‌داگیركه‌ری گشتی كوردستان نه‌زانێت و ئه‌وانه‌شی ئه‌یانه‌وێت ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا ته‌نها بۆلایه‌نێك نیشان بده‌ن ئه‌وە جگه ‌له‌ خه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌كاری گه‌له‌كه‌مان و ڕای نێوده‌وڵه‌تی، ھاوکات خزمه‌تی داگیركه‌ران ده‌كات.

ماوەیەکە هه‌ندێ جوڵه‌ی سیاسی و سه‌ربازی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن دۆخێكی ترسناك بۆگەلەکەمان  له‌ئارادایه‌ و په‌رله‌مان وحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌سیاسییه‌كانیش كه‌هه‌ژمونی پارتی به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ له‌دۆخی بێده‌نگیدان‌، لە کاتێکدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان گەڕێک بۆ لای لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت سەردانی پەرلەمان دەکات بۆ دەربڕینی ھەڵوێست و بڕیار دژی داگیرکاری، کونسوڵی توركیاش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی ده‌رئه‌بڕێت به‌وه‌ی “بۆچی ده‌سه‌ڵات وحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌ی به‌وه‌داوه‌ خه‌ڵكی له‌میدیاكانه‌وه‌ ناڕه‌زایی ده‌رببڕن! له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌و ناوچانه‌مان كڕیوه‌” بێ ئه‌وه‌ی ئاماژە به‌وه‌ بدات لایه‌نی فرۆشیار كێیه؟ و لە بەرامبەر چیدا خاک و کەرامەتی گەلێکیان کڕیوە؟ له‌هه‌مان كاتدا مه‌سرور بارزانی لە بری لێکۆڵینەوە و وەڵامدانەوەی کونسوڵ و وەڵامدانەوەی ھەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی، داوا له‌په‌رله‌مان ده‌كات هه‌ڵوێست وه‌رگرن به‌رامبه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، کە ئه‌وه‌ش زه‌نگێكی خه‌ته‌ره ‌و دۆخی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1992 كه‌شه‌ڕی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان شه‌رعییه‌ت پێ بده‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا پێویسته‌ هه‌ڵوێستی جددیه‌ به‌رامبه‌ر داگیركاری توركیا و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پارتی و بارزانی كه‌ به‌قازانجی دە‌وڵه‌تی توركیا جوڵه‌ ئه‌كات، هه‌روه‌ها شكاندنی ئه‌و بێ ده‌نگییه‌ی  خه‌ڵك و بەشێک لە لایه‌نه‌سیاسییه‌كانە، كه‌ئه‌وه‌ زیاتر هێز ئه‌داته‌ داگیركاران.

هێرشی سه‌ر كامپی مه‌خمور پێش هه‌رلایه‌نێك عێراق و UN لێی به‌رپرسیارن و ئه‌ركی هه‌رێمی كوردستانیشه‌ پارێزگاریان لێبكات.

له‌كۆتاییدا وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و هێرشانه‌ سه‌رساغی و سەبوری بۆ خانه‌وادەی شه‌هیدان و هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ئه‌خوازین.

دەستەی ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی

٧/٦/٢٠٢١

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی لەبارە دوو رۆژنامەنووسە شەهیدەکەوە هاتەدەنگ

ئەو کردەوە نامرۆڤانە و تیرۆریستییەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین دەوڵەتی تورکی فاشست و دڵ پڕلەقین، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *