لە ئاوی لیخندا ڕاوکردن

بەرخۆدان باشور

ھاتنی ھاکان فیدان، بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەردوو لایەندا، لە دوو ئاستی جیاوازدابوو. ڕایەداران و بەرپرسانی عیراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سیادە و دەسەڵات ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تۆرکیا کرد. بەڵام ھەرێمی کوردستان وەک حیزب و بنەماڵە و ڕەوتە جیاوازەکانی لقەکانی بەڕێوەبردنی سیاسەتی تورکیا یەک یەک کۆیانکردنەوە و پەیام و ڕێنمایی جێبەجێکردنیان پێدان.

بێگومان ھەرێمی کوردستان وەک حکومەت، ھەڵسوکەوتی نە لەگەڵ کرا و نە خۆیشی ھەڵسوکەوتی کرد. کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکان بە جیا، پەیامی باش نادات. لە کاتێکدا، شەش خاڵی داخوازینامەکەی تورکیا بۆ عیراق، لەلایەن عیراقەوە ڕەتکرایەوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا و لە لای حیزبە کوردیەکان، نەک ئەرێنی کرا، بەڵکو لە کاتی دانیشتنەکان لە گەڵ وەزیری دەڕەوەدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکان کۆمەڵکوژیان ئەنجام دەدا و میتیش خەڵکی زیندان دەکرد و بەرپرسانی گفتوگاکەریش، پەیامی دوپات کردنەوەی شەڕ لە دژی تیرۆریان دەدا و ڕادەگەیاند و بەخۆشیەوە دڵی وەزیری دەرەوەی تورکانیان خۆش دەکرد و دەدایەوە. کە ئەوانیش بەشێکن لە سوپا شەڕکەرەکەی تورکان بۆ ھێرش بۆسەر کوردان.

لەخۆوە نیە، ئەندامی یەکگرتوی ئیسلامی دەگیرێت و بەناوی پە* کە*کە وە بەناوێی دەکەن و لەولاشەوە فرۆکەکانی تورکەکان، لە برادۆست کۆمەڵکوژی دەکەن و لە پێنجوێن بۆردومان دەکەن و ئەمانیش، پەیامی شەڕ لەدژی تیرۆر دەدەن. دەبێت ئەو پرسیارە بکەین، لە ڕوانگەی تورکیاوە، تیرۆر چیە و کێ تیرۆریستە؟ وە ئەو ھاوڕوانگەییە لەگەڵ تورکیادا چۆن پێکھات و کوردایەتیەکە بۆ کوێ چوو؟

لەوەڵامی ئەو پرسیارەوە دەگەینە کۆمەڵێک سەرەداو کە پێویستە تاک و کۆمەڵگەی باشور ھەستیار بێت بەرامبەری. لە ڕوانگەی تورکیاوە، ھەر کوردێک ناوی کوردێنی لەخۆی بنێت، تیرۆریستە، جا ئەوە ئەگەر پەکەکەش بێت، ئەوا ھەر مەپرسە چ ئاگرێکە. لەبەر ئەوە شەڕی ئەو تیرۆریست و ئاگرە دەبێت بکرێت. ئەی ئەگەر ھێزێک لەژێر ناوی کوردێتیدا ھاو ڕوانگەی ئەو تێگەیشتنەی تورکان بێت! دەبێت چی پێ بڵێیت و ناوی چی لێبنێیت؟ کێشەکە لە باشوری کوردستان لێرەوە دەستپێدەکات! تێکەڵکردنی ھێڵەکان و گشتاندنی کوردایەتی و کوردی ئازاد.

بێگومان کاتێک پەدەکە و ھێزە ئیسلامیەکان، ھاوڕوانگەی تورکان دەبن. واتە لە ھەموو بنەمایەکی کوردێنی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی دادەماڵرێن، ئەوە بۆ ھەر کوردێکیش ڕاستە و ڕاستینەیە. کە کوردێنی واتای شەڕ لە دژی داگیرکاری، کۆیلەیی و سیخوڕی دێت و کار بۆ پێکھێنانی یەکیەتی نەتەوەیی و پێکەوە تێکۆشان، لەدژی داگیرکاری و ھێرشەکانی دەوڵەتی تورک. کاتێک ئەم یەکیەتیە پێکناھێنیت و نابیتە بەشێک لەو تێکۆشانە پێکەوەییە و لەگەڵ تورکان، شەڕی دژی تیرۆر دەکەیت. واتە تۆ کۆیلە، سیخوڕو بەکرێگیراوەی داگیرکەرانیت.

تێگەیشتنی ئەوە پێویستی بە تیئۆریزە و زانست نیە، تەنیا یەک تۆز ئەخلاق، خۆدابڕین لە بێ کەرامەتی و پشتنەبەستن بە بەرژەوەندی تایبەتی پێویستە. ئەو کات دەبیتە مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاقی سیاسی کە خەمی گەل و نەتەوەکەت بتجوڵێنێت و لەدژی داگیرکاری تێکۆشان بکەیت. گرنگە مرۆڤ ھەستێار بێت بەرامبەر بە دەربڕین و ڕەشکردن و ڕەوایەتیدان، بە کاری تیرۆریستی و داگیرکاری. کاتێک پاساوی دەسگیرکردنی ئەندامەکەی یەکگرتوو، بە پەکەکەیی بون دەدرێتەوە. واتای شەڕ و ڕەشکردن لە دژی پەکەکە و ڕەوایەتی دان بە داگیرکاری و ھێرشی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵکوژیەکانی سەر باشور و گەلی کورد.

ئەوە لە کاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان، خاوەنی پەڕلەمان و حکومەتە، لە ھیچ یاسایەکی ئەو پەڕلەمان و حکومەتەدا، پەکەکە بە تیرۆریست نەناسێنراوە. ئەگەریش پەکەکە بە تیرۆریست بناسێنرێت، ئەو کاتە ئەم حکومەتە، دەبێتە حکومەتی داگیرکەران و دژە کورد! بۆیە دەستبردن بۆ کارێکی لەو شێوە مەترسیەکانی زیاترە. بەڵام پەدەکە لە ڕێگەی بێ ڕۆڵ کردنی پەڕلەمان و  داخستنیەوە دەیەوێت ھاوئاھەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بکات بۆ شەڕ لەدژی گەلی کورد و پێشەنگە سیاسیەکەی کە پەکەکەیە.

بۆیە شەڕێکی لەو شێوەیە، لەدژی پەکەکە، دەکاتە شەڕ لەدژی گەلی کورد و دەستی دەوڵەتی تورک واڵاتر دەکات. بێگومان، شەڕێکی لەو شێوەیەش، نە لە قازانجی گەلی کوردە لە باشور، نە گەلی کوردیش قبوڵی کارێکی لەو شێوەیە دەکات. بونی ستاتۆی ھەڵپەسێردراوی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبردنی نایاساییانەی حکومەتەکە، لەلایەن پەدەکەوە، بە قازانجی پەدەکە و تورکیایە. تورکیا لەژێر چەتری حکومەتی ھەرێمدا، زۆرترین جوڵە، داگیرکاری، دزی و تێکدانی ژینگە دەکات. ئەگەر پەدەکە – حکومەت نەبێت! ئەوا تورکیا ئەوەندە دەست ئاواڵایی نابێت. ئەو کات دەبێت:

یان

  • بچێتە دەرەوە، لە عیراق و ھەرێمی کوردستاندا.

 یان

  • ھەرێمی کوردستان داگیربکات، واتە ویلایەتی موسڵ بلکێنێتەوە بە دەوڵەتی تورکیاوە و خەونی عوسمانیە نوێیەکەی بێنێتە دی.

بەڵام ئەوە مەترسیەکانی زۆرترە، چونکە دەبێتە ھۆکاری تێکدانی ھاوسەنگی ھێزی ناوچەیی و وڵاتانی زلھێزو لابردنی پەردەش لە ڕوی پەدەکە. بۆیە پرسی داگیرکاری پرسێکی سەختە و بەرەو ڕوی ھەم بەرخۆدانی گەلی کورد دەبێتەوە، ھەم ھێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان دەبێتەوە. بێگومان بونی پەدەکە و ھێزە کوردیەکان، ئەو ڕوپۆشە بۆ تورکیا مسۆگەر دەکەن، کە لەژێر ناوی شەڕ دژی تیرۆر، شەڕ لەدژی کورد و پەکەکە پێشەنگەکەی بکەن.

بۆیە بۆ گەلی کورد پێویستە لەم دۆخەدا زۆر ھەستیارانە ھەڵسوکەوت بکات و نەبێتە ھاوبەشی یارمەتیدانی ھێزە کوردیە ھاوکارەکانی داگیرکەران و دەوڵەتی تورک. نەک ھاوبەشی بەڵکو پێویستە ببێتە ھێزی لێپرسینەوە و ڕاگرتنی ئەو ھاوبەشیەی دەوڵەتی تورک. ئازادی سیاسی مانای بەشداری ھەموان، لە پرسی سەرخستنی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی گەلی کورد و کۆتایی ھێنان بە داگیرکاری، بەبێ جیاوازی. ئەو پرسەش پێویستی بە بەرپرسیاری، پەیمانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی دیموکراتیک ھەیە. کە ھەموو ھێز و ڕەگەز و ئایین و ئاینزا جیاوازەکانی ناو کوردان بێنێتە پاڵ یەک و تێکۆشان بەگوڕتر بکەن و خاوەن لەیەک دەرکەون.

سەرکەوتنی گەلی کورد لە یەکیەتی پێکەوەیی و ھابەشی تێکۆشانەکەیدایە. ھەرکاتێک گەلی کورد بەبێ جیاوازی ڕێکخستنی جوڵەی کردبێت، دوژمنی ناچاری پاشەکشەو لەبەریەکھەڵوەشان کردوە. بێگومان تاوانبارکردنی پەکەکە، بە تیرۆریست و خۆخستنە بەرامبەری و ھاوکاری دەوڵەتی تورک لەشەڕی دژی تیرۆردا، بەمانای وەستانەوەیە لەدژی گەلی کورد و ھەڵگری چەند مانایە و ڕەوایەتی دانە بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک، بۆ ئەوەیە، کە:

١-پەکەکە وەک ھێزێکی دەرەکی دەستنیشان بکرێت، کە ئەوەش خزمەت بە سیاسەتی لۆزان و پارچەکردن دەکات.

٢-بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە ھێرشی دەوڵەتی تورک بدات.

٣-بۆئەوەی باڵادەستی دەوڵەتی تورک، بەسەر پەکەکەدا نیشان بدەن.

٤-بۆ ئەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە.

٥-بۆ ئەوەی پەکەکە، بە ھۆکاری نائارامیەکان نیشان بدەن.

لێرەوەیە، ڕەشکردنی پەکەکە، واتە ڕەوایەتی دان بە داگیرکەران وکەوتنە خزمەت و بونە بەشێک لە جێبەجێکەری سیاسەتی لۆزان، کە قڕکردن و پاکتاوی گەلی کوردە. ئەو ھەموو تیرۆرە ناوخۆییەی دەکرێت، کوشتنی نادیار، خۆکوژی، ژنکوژی، باج و سەرانە و گرانکردنی شت. ھۆکارەکەی پەکەکە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نیە. بەڵکو سیستەمی داگیرکاری تورک و کەوتنە خزمەتی سەرانی دەستڕۆیشتوی کوردە.

ھاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا ھاوکاتە لەگەڵ گرانبونی بەنزین و باج و سەرانەکان. ئەوە بۆچیە؟ بۆ جێبەجێکردنی ئەو داخوازیەیە، کە سەرانی باشور دەبێت ئەو ملیار و نیو دۆلارەی دادگای پاریس، کەبەسەر تورکیایدا سەپاندوە کە بیداتەوە بەعیراق، دەبێت ئەمان بیدەن. ئەوانیش لە گیرفانی خەڵک لە ڕێگەی گرانی و زیادکردنی باج و سەرانەوە، لەگیرفانی خەڵک بۆیان دابین دەکەن.

پەکەکە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لەدژی ئەو داگیرکاری و دەستێۆەردانانە دەجەنگێ. بۆیە گەل پێویستە خۆی بەڕێکخستن بکات و لەدژی ئەو داگیرکاری و بەکرێگیراویە بجەنگێت.

هەروەها چێکی بکە

ماندێلا و ئۆجالان؛ شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادیی”

پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەمام لە وتارێکدا بە ناونیشانی “ماندێلا و ئۆجالان: شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی …