دەبێت دەرگای خیانەت و هاوکاری دابخرێت

زەکی ئاکل

دەوڵەتی تورک ئێستا لە باکور و لە باشور پشت بە پێکهاتەی کوردە هاوکار و خیانەتکارەکان دەبەستێت. ئەگەر کورد نایەوێت شکست بهێنن و لە مێژوودا لەناونەچن، دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی خیانەتکاران و هاوکاران هەڵوێستییان هەبێت.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت درێژخایەنترین و ڕێکخراوترین سەرهەڵدانی کورد لە مێژووی کۆماردا لەسەر بنەمای قڕکردن و جینۆساید بە گوێرەی خۆی کۆتایی پێبهێنێت. بەپێی هەندێک خەمڵاندن تێچووی ئەم شەڕە بۆ تورکیا ٤ ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەگەر دەیان هەزار کەس کە گیانیان لەدەستداوە لەم شەرانەدا بۆ ئەمە زیاد بکەین، چیتر ناتوانین زیانەکان بژمێرین. ئەگەر لە جیاتی ئەمە، دان بە بوونی گەلی کورددا بنرێت و هەنگاوی دیموکراتیک بنرێت، لە جیاتی ئەو زیانانە بە تورکیایەکی پێشکەوتوو و یەکگرتوویی و خوشک و برایەتیی تورک-کورد دەهاتە ئاراوە.

ئەردۆغان ماوەیەک دەیگوت لە دێرسیم کۆمەڵکوژییەک لە دژی کورد ئەنجامدراوە. ئیحسان سابی چاغلایانگیل، کە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا کاری کردووە و بە کەسێکی گرنگ ناسراوە، کاتێک باس لەو قۆناغە دەکات و دەلێت؛ کورد لەناو ئەشکەوتەکان ژهراوی کراون و لە دژی ئەوان چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە. ئەگەر کوردێک یان مێژوونووسێک ئەم قسەیەی بکردایە لایەنی تورکی باوەڕی پێ نەدەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی کەسێک لەناوخۆوە وتی کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی. هەروەها موحسین باتور کە بیرەوەرییەکانی دەنوسێت و فەرماندەی هێزی ئاسمانی بووە، نەیتوانیوە لەسەر روداوەکانی دەرسیم بنووسێت و هەر بۆیە داوای لێبوردنی لە خوێنەرانی کردووە. چونکە دەزانێت ئەوەی دەکرێت تاوانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتیە. هەروەها دەزانێت کە ئەمە لەو شوێنەی سەرچاوەی گرتووە، پارێزرا نییە، بۆیە بەسەر بابەتی جینۆساید لە دێرسیم بازدەدات و تێدەپەڕێنێت.

ئەردۆغانیش لەوەی لە دێرسیم کرا، ئێستا زیاتر دەکات. بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، ئەو چەکانەی کە قەدەغەکراون و تەنها لە کۆگاکانی ناتۆداهەیە، بەکار دەهێنێت. میت بە تەواوی گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی کوشتن. نەک لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو لە سنوورەکانی عێراق و سوریا بە ناوەندەکانی ئەوروپاشەوە بەردەوام خەریکی ڕاوکردنی خەڵکن. بە سەدان کەس لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل بە  فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شێوازەکانی تری تیرۆر شەهید کراون . بە تایبەتی میت لە باشوری کوردستان لە رێگەی سەپاندنی سیخوڕییەوە کاریگەری هەبوو. لە ڕاستیدا گەلی باشوور نیشتمانپەروەرە. کۆمەڵگایەکی ئەوەندە خراپ نییە. لە ڕێگەی بە کرێگیراو و بەرپرسانی پەدەکەوە میت دەرفەتی ئەوەی دۆزیەوە کە زیاتر لە باشوور خۆی ڕێکبخات. ئەگەر پەدەکە رێگەی بۆ خۆش نەکردایە، میت نەیدەتوانی بگات بە خەڵک.

لە ڕۆژائاواش دۆخێکی هاوشێوە هەیە. زۆرێک ڕۆژئاوایی هەن، کە پەڕینەوە بۆ تورکیا. میت پەیوەندیان بە هەندێک تاک و خێزانەوە کرد و توانیان هەندێکیان بەکرێبگرن. یان لە رێگەیانەوە خەڵک بناسن . سەرەڕای ئەمەش لەڕێگەی تەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە بەدوای خەڵکێکی زۆردا دەگەڕێن و پێشنیاری سیخوڕیان بۆ دەکەن. هیچ تێچوونێکی بۆ ئەوان نییە. هێزە نێونەتەوەییەکان هەڵوێست نیشان نادەن. سیخوڕەکانی میت هیچ مەترسیەکیان لەسەر نییە  لەسەر مێزێک دادەنیشن و لە رێگەی تەکنیکەوە دەکەونە ناو هەوڵدان. قبوڵکردنی یەکێک لە سەد کەس قازانجێکی گەورەیە بۆ ئەوان. بەداخەوە کەسانێک هەن ڕۆح و ویژدانی خۆیان بە پارە دەفرۆشن. ئەمە یەکێکە لە پیسترین رێگاکان کە دەتوانێت کۆمەڵگا لەناو ببات و لە مرۆڤایەتی دایبماڵێت.

ماوەیەک پێش ئێستا هاکان فیدان چووە عێراق. هۆکاری ڕۆیشتنی ئەوەبوو کە بەکرێگیراوانی لە دژی پەکەکە چالاک بکات. تاکەئامانجیان لەناوبردنی پەکەکەیە. بۆ ئەمەش بە گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات سزا بە سەر عێراق و سوریادا دەسەپێنێت، گورزی قورس لە ئابووری ئەو وڵاتانە بدات و وێرانکردن و لەناوبردنی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی نەخۆشی بڵاوبکاتەوە، بەم جۆرە ئامادەسازی بۆ دەکات. هیچ شتێک لەم دونیایەدا نەماوە کە لە دژی پەکەکە نەیانکردبێت. بەوجۆرە کە هاوپەیمانییان لەگەڵ داعش پێکهێنا، ئێستا ئەلنوسرە لە ئیدلێب دەپارێزن. چەتەکان لە ناوچەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی بڵاوبوونەتەوە و بەرانبەر بە خەڵک چی ئەکەن ئازادن. تاوان نەماوە  دژی مرۆڤایەتی نەیان کردبێت.

کەسێکی وەک هاکان فیدان کە تا قورگی لە خوێنی میلەتی کورد دایە، لە هەولێر بە گەرمی و دڵخۆشی زۆرەوە پێشوازی لێکرا. هەموو کوردانی چوار پارچەی کوردستان زۆر باش دەزانن کە دەوڵەتی تورک ئەگەر نەتوانێ لە ناوەوە یارمەتی وەربگرێت، ناتوانێت لە شەڕدا سەربکەوێت. هەموو خەڵک یەکڕیزییان دەوێت.

 گەلی کوردی یەکگرتوو دەبێت بە کاریگەرترین و دینامیکیترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەدۆخی ئێستاش دا دەتوانێن کاریگەریمان لەسەر هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. بەڵام چ ئەقڵیەتێک لەلای بنەماڵەی بارزانی بوونی هەیە! نەیاندەتوانی تۆزێ مەودایان لەگەل کەسێک کە دەستی بە خوێنی کۆرد سوورە، کەمبکەنەوە؟ ئایا هاکان فیدان دەبێتە چی ئەوان؟ ئایا لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا خاوەنی بنەما نین؟ لە باشووری کوردستان ئەوەندە خوێنیان ڕشت. هەیمەنە و سەروەری حکومەتی باشووریان پوچەڵ کردەوە. بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن و شاخ و بەرد و شوێنە مێژویەکان بۆردومان دەکەن. دەیان گوند چۆڵ کران. دارستانەکان دەسوتێنرێن، دارەکان دەبڕدرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ تورکیا. ئەوان دەستیان بە ئابووری باشووردا گرت. ئێستا ئەو شوێنە بۆتە شوێنی راپەراندنی پیلانەکانی دەوڵەتی تورک.

 تێگەیشتنێکی بەم جۆرە هەیە کە بارزانی و پەدەکە باوەریان کردووە کە دەوڵەتی تورک پەکەکە لەناو دەبات. بەم شێوەیەش لە دەستی پەکەکە ڕزگاریان دەبێت. لە جیاتی ئەوەی پەکەکە وەک هێزێکی کوردی ببینن و هاوکاریی بکەن، دەچن هاوکاری دوژمنان دەکەن. دەوڵەتی تورک لە ئێستادا لە باشوور و باکور پشت بە پێکهاتەی کوردە خیانەتکار و هاوکارەکان دەبەستێت. ئەوان زۆر باش دەزانن بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کورد و پەکەکە تێکبشکێنن. ئەگەر کورد نەیەوێت لە مێژوودا شکست بهێنێت و نەمێنێت، دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی خیانەتکاران و هاوکاران هەڵوێستی هەبێت.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

 

 

هەروەها چێکی بکە

ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات   حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی …