خەڵکی بناری قەندیل دژی بەکار هێنانی چەکی کیمیایی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کرد، هەڵوێستیان دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەبێت لە لایەن تورکیاوە.
بەشێک لە دانیشتووانی گوندی شەروێتی بناری قەندیل دژی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ھەڵوێستی جددییان کرد بەرامبەر ئەو تاوانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامیدەدات.
کەسایەتیی گوندی شەروێ شێخ محەمەدی بەستێ، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ھیچکات لە ھیچ کارێکی دڕندانەی ناوەستێت و لە ئێستاشدا لە دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە بەرمبەر گەل و گەریلادا، چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکاردەھێنێت، دەوڵەتانی زلھێز و دونیاش لە بەرامبەر ئەو کارە دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا بێ دەنگن”.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەرکی سەرشانی ھەموو مرۆڤێکی بەویژدان، کە لە بەرامبەر بەکارھێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بێ دەنگ نەبێت.
ڕاشیدەگەیەنێت و دەڵێت: بەداخەوە تاکو ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرمابەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەناو خاکی باشووری کوردستان بێدەنگە و ھیچ ھەڵوێستێکی نییە.
داواشی لە گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان کرد، لە بەرامبەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی چیتر بێ دەنگ نەبن و ھەڵوێستیان ھەبێت.