کەمانگەر: شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” پشتی بەئیرادەی جەوهەریی و هێزی گەل بەستووە

رۆزەرین کەمانگەر، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژار رایگەیاند، “سەرباری هەموو گوشار و توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئێران شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەردەوامە و ئەو شۆڕشە پشتی بە ئیرادەی جەوهەریی و هێزی خەڵک بەستووە”.

ڕۆزەرین کەمانگەر، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بەو هەڵسەنگاندنانە کرد کە سەبارەت بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو کراون و وتی: “ئەم ڕاپەڕینە وەک شۆڕشێک پێناسە کراوە و بە شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادیی” ناودێر کراوە. واتە گۆڕانکاریی و وەرچەڕخانێکی دەروونیی و کولتووریی ڕوویدا، کە هەموو کۆمەڵگای گرتەوە. هۆکار و پێشەنگانی ئەم گۆڕانکاری و شۆڕشە ئەقڵی و دەروونییەش خودی ژنان بوون، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێشەنگایەتیان کردووە.

کەمانگەر لەبارەی ئامانج و هۆکارەکانی ڕوودانی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ وتی: “لە سەرەتاکانی شۆڕشدا باس لەوە دەکرا، کە چی بووە هۆی ئەوەی ئەم شۆڕشە ڕووبدات، زۆر گرنگە خوێندنەوە بۆ شۆڕش بکرێت، چونکە دوای ئەوە دەتوانین ئەنجامێکی دروست لە بارەی شۆڕش بخەینەڕوو. چوونکە هەموو کۆمەڵگا گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی دوای ئازادیی ژنان، دەتوانرێت باسی ئازادیی کۆمەڵگا بکرێت. لەوچوارچێوەیەشدا لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا هەم ژنان و هەمیش کۆمەڵگا درێژەیان بە تێکۆشان و چالاکییەکانیان داوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، کێشە و پرسەکانی تایبەت بە ژنان نەتەنیا چارەسەر نەکراون، بەڵکو دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر بووە و سنووردارکردنی ژنان و هێرشی دوژمنکارانە بۆسەریان زیادی کردووە.

هەروەها ئاماژەشی بە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ژنان و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” کرد و وتی: لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بۆ ساتێکیش وازی لە کردەوە و هەڵسوکەوتەکانی دژ بە ژنان نەهێناوە و هەر لە سەرەتاوە هێرشی کردە سەر کچانی خوێندکار و زانکۆکانی گەمارۆدا و بە شێوازی جیاواز لە شەقامەوە تا ماڵەکان، لە خوێندنگە تا زانکۆکان، لە گوندەوە تا شارەکان، هێرشیان کردە سەریان و دەستبەسەرکردنەکان گەیشتنە بەرزترین ئاست.

ڕوونیشیکردەوە، خوێندکارانی زانکۆ لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکیان گرتووەتە ئەستوو، لە پێناو دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستیدا، کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کەمتر هاوشێوەی بینراوە. ئەمە جیالەوەی کچە خوێندکارانی تەمەن ١٣ ساڵ بەرەوسەرمان بینی، کە ڕووبەڕووی هێرشی کیمیایی دەسەڵات بۆسەر خوێندنگاکانیان بوونەوە، ئەمانە توێژێکن کە ملکەچی دەسەڵات نابن و بە دەنگێکی دلێر پێی دەڵێن نا و پێشەنگایەتی تێکۆشان دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەروەک چۆن دەسەڵات هیچ ئەنجامێکی لە هێرشە کیمیاییەکان بۆسەر خوێندنگاکانی کچان بەدەست نەهێنا، بە هەمان شێوەش نەیتوانی لەڕێگەی زیاترکردنی ژمارەی لەسێدارەدان خەڵک چاوترسێن بکات.

کەمانگەر، لەوبڕوایەدایە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی، کە ڕووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە، “پلان بۆداڕیژراو و لە ئەنجامی تاوانەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ ڕووبەرووبوونەوەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ ڕوویداوە” و وتی: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، جگە لە کۆمەڵگا، بینمان کە چەندین جار ژینگەش کرایە ئامانج و ئەمانە بەڕێکەوت و بێ مەبەست نین. بەتایبەتی لە کوردستان کە هەموو دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگردا دەسوتێن. دەسەڵات هێرشی کردە سەر ئەو شوێنانەی کە تێدا خەڵکەکەی ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان هەیە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژار باسی لەوەشکرد، “کاتێک دەسەڵات لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیشەوە نەیتوانی بگاتە ئەنجامێک، گوشارەکانی بۆسەر دایکان و بنەماڵەی گیانبەختکردوان چڕکردەوە” و ئەوەشی بۆ ترسی دەسەڵات لە شوڕش گەڕاندەوە و وتی: بەشداری سەرجەم توێژەکان لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ، لە شۆڕشدا نیشانەی وشیاری کۆمەڵگایە و بەو واتایە دێت، کە ئەم شۆڕشە پشتی بە ئیرادەی جەوهەری و هێزی خەڵک بەستووە.

هاوکات وەک خاڵێکی دیکەیش ئاماژەی بە یەکگرتوویی گەلانی ئێران لە سەرجەم شار و پارێزگاکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە یەکگرتووی فاکتەرێکی یەکجار گرنگە و دەتوانێت پاشەکشە بە دەسەڵات بکات.

ڕۆزەرین کەمانگەر جەختی لە یەکێتیی و یەکڕیزیی ژنان کردەوە و وتی: بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو بوار بۆ چالاکی هاوبەش ڕەخساو و کەژاریش بەو ئاڕاستەدا چەندین چالاکی بەڕێوەبرد و توانی پەیوەندی لەگەڵ بەشکی زۆر لە ژنان سازبکات. کۆدەنگی لەمبارەوە یەکجار گرنگە و ئێمە یەکێتی و یەکڕیزی ژنان بە بنەما دەگرین.

وتیشی، “خاوەنداری لە خوێنی شەهیدان یەکجار گرنگە و ژنانیش کە لە پێناو هاتنەدی ئامانجەکانیان بە هەموو جۆرێک قوربانیان بەخشیووە و کراونەتە ئامانج، پێویستە رێکخراوتر بجوڵێنەوە و پرسی یەکگرتوویی ژنانیش لەم بوارەدا یەکجار گرنگە”.

ئەو ئەندامەی کەژار ئاماژە بۆ ئەوەشکردووە، “لە یەک ساڵی رابردوو لە سەر ئاستی وڵاتانی رۆژئاوا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران چالاکیی فرەڕەنگ ئەنجامدرا و شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’یش بەهەموو ژنانی جیهانی نیشاندا کە ژنان لە ئێران وشیارن و ئەمەش هیوای بە سەرجەم ژنان بەخشیوە. کەژاریش رێکخراوێکی هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵگایەیە و چالاکیەکانی پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە. بە درێژایی ئەم یەک ساڵەش هەم لەو کۆبوونەوە، کۆڕ و چالاکیە جیاجیایانە، کە ئەنجامدراون هەوڵمان داوە ببینە دەنگی ژنانی ئێران و هەمیش بۆ ئەوەی وتەکانمان لە بارەی پەروەردە و یەکڕیزیی وهتد، بکەین بە کردار، هەنگاومان ناوە.

رۆزەرین کەمانگەر لە کۆتاییشدا جەختی لە چالاکیەکانی کەژار کردەوە لە پەیوەندی لەگەڵ تێکۆشانی ژنان و وتی، لێرەوە رایدەگەیەنم سەرجەم ئەو ژنانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات، تێدەکۆشن و لەو پێناوەدا گیان دەبەخشن، ئێمە شان بە شانیان دەوەستین و ئامێزی کەژار بۆ ئەوان ئاوەڵایە.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …