ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال: ئێمە شەنگال رادەستی کەس ناکەین

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و تاژێ سەبارەت بە هێرشەکەی سەر شەنگال ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕایانگەیاندنەکان بڵاوکردەوە “ئەوانەی شەنگالیان ڕزگار کرد لە شەنگال دەمێننەوە، ئێمە شەنگال رادەستی کەس ناکەین”.

لە ٨ ـەمین ساڵیادی ئازادکردنی شەنگال، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال. شەوی ڕابردوو (١٣ی تشرینی دووەم) کاتژمێر ٢٣:٠٠، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە شەڕڤانانی یەبەشەی تێدا بوو، بە فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراوی دەوڵەتی تورک بۆردومان کرا. یەبەشە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باسی لەوەکردبوو، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 2 شەڕڤانی یەبەشە بەرخۆدان شەنگالی (جاهید دەروێش ئەلیاس) و ئارگەش فەقیر (سەعد خەلیل قاسم چوکۆ) شەهیدبوون، هەروەها شەڕڤانێکی دیکەش برینداربووە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە شوێنی هێرشەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردوە و بە توندی هێرشەکەی شەرمەزار کرد. ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل، تاژێ، یەکێتی گەنجانی ئێزدخان و گەلی سنونێ لە شوێنی هێرشەکە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە.

بەناوی کوردیناسیۆنی تاژێ دایە شەمێ ڕەمۆ لە ڕاگەیەندراوەکەدا قسەی کرد و وتی:”لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگالدا، دوژمن هێرشی کرد. بنەماڵەکانمان لە باشووری کوردستان دەستە دەستە دەگەڕانەوە بۆ شەنگال. ئەو ڕۆڵە ئێزدیانەی داعشیان تێکشکاند، لە هێرشەکەدا چەکەکانیان هەڵگرت و سوێندیان خواردو و ڕووبەڕووی هێرشەکان بوونەوە. بەڵام چی ڕوودەدات با ڕووبدات، تەسلیمی دوژمن نابین، دەستبەرداری پرسی ڕەوای خۆمان نابین، شەهیدانمان پارچەیەکن لە جەستەمان، ڕۆڵەمانن بەڵام ئێمە شانازی بە شەهیدەکانمانەوە دەکەین، دوژمن هەرچی دەکات ئێزدی ناترسن، هەموو ئێزدییەک لە هەر شوێنێک بێت دەستبەرداری پرسی خۆی نابێت.”

بە ناوی ئەنجومەنی گەلی سنونێ، سەیدۆ عەلی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە بەم شێوەیە قسەی کرد:”هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شەنگالدا تێپەڕیوە، گەلەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ شوێن و خاکەکەی، بەڵام دوژمن نایەوێت شەنگال ئارام بێت.  ئەوانەی لە شەنگال هەڵهاتن دەیانەوێت جارێکی تر شەنگال بگەڕێننەوە پێش ساڵی ٢٠١٤. دەبێت گەلی شەنگال ڕاپەڕن و بڵێن ئێمە شەنگال رادەستی کەس ناکەین، ئەوانەی شەنگالیان ڕزگار کرد لە شەنگال دەمێننەوە، چەندە هێرش دەکەنە سەرمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، شەنگال شەنگالی ئێمەیە.”

 

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …