بەشێک لەپزیشكانی شاری سلێمانیی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆكان و شار و شارۆچكەكانی سنوری سلێمانیی، لەبەر پێنەدانی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستیان بە مانگرتن کرد، داواشئەکەن موچەی مانگەكانی شەش و حەوتیان پێبدرێت.
ئەمرۆ سێ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا نوێنەرایەتیی پزیشكانی سلێمانیی ئاماژە بەوە ئەکەن، “ئێمە وەك زیاتر لە 600 پزیشكی گەنجی سنوری پارێزگای سلێمانیی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان و شار و شارۆچكەكانی سنوری سلێمانیی، ئەمڕۆ سێشەممە لەپاش تێپەڕبونی زیاتر لە 44 رۆژ بەسەر دابەشكردنی كۆتا موچە و ناڕونی چارەنوسی موچەی مانگەكانی (حوزەیران/6 و تەمموز/7) بە پێویستمان زانی لایەنە پەیوەندییدارەكان و ڕایگشتیی لە هەڵوێستی پزیشكانی گەنج ئاگادار بكەینەوە كە لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناوشار وەك ژنان و منداڵبون و منداڵان و سەنتەرەكان و نەخۆشخانە گشتییەكانی دەرەوەی شار، فریاكەوتنەكانی ناوشار و دەرەوەی شار، سەرجەم بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكانی بەیانیان و 24 كاتژمێرییەكان دەوام دەكەن”.
جەختیان کردوەتەوە، “بریارماندا لەپای بێباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دواكەوتنی موچەكانمان لە ئەمڕۆ كاتژمێر 8:00ی بەیانییەوە دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناو شاری سلێمانیی و دەرەوەی سلێمانیی فریاكەوتنەكانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنكە و مەڵبەندە تەندروستیەكان و سەنتەرەكان، بایكۆت دەكەین، تاوەكو داواكارییەكانمان جێبەجی ئەكرێت”.
لە راگەیاندراوەکەدا داواكاریی پزیشكان خراوەتەڕوو:
یەكەم:دەستبەجێ دابەشكردنی موچەی مانگەكانی 6 و 7
دوەم: رێكخستنەوەی موچە و دابەشكردنی هەمو مانگێك لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن.
پزیشکانی مانگرتووە هێما بۆ ئەوەش ئەکەن، “ئێمە وەك پزیشكانی گەنج لە چەندین قۆناغی جیاواز و سەختدا لەگەڵ خەڵكی خۆمان بوین، بەبێ موچە دەوامی مەترسییدارتریین شوێنەكانمان كردوە و دانمان بە خۆماندا گرتوە و قەیرانی دارایی و ئەو باردۆخە سەختەی كوردستانمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام لەم كاتەدا موچەخۆران دوای چەند مانگێك لە دەوامكردن هێشتا چارەنووسی موچە و سەرەتاییتریین مافیان رون نییە و موچەخۆر و فەرمانبەران بوونەتە بەشێك لە ململانێ سیاسییەكان، لە كاتێكدا كە پزیشكانی گەنج تاكە سەرچاوەی بژێوییان موچەكەیانە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەرك و كارەكانیان و بەم دواكەوتنە قورساییەكی زۆرمان لەسەر دروستبووە”.