شەهێن محەمەد: پارتی بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوکاریی ئەگەیەنێتە دوژمنان

شە‌هێن محەمەد رایئەگەیەنێت، ئەو هاوکارییانەی لە ئێستادا پارتی ئەیگەیەنێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تۆکمەکردنی چەکدارانی داعش و گروپە چەکدارییەکانی دیکەیە، دژی گەلی ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان.

چەندین ساڵە دەروازە سنوریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-ەوە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دادەخرێت و ئیدارەی دەروازەی سنوری سێمێلکا سەر بە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لەوەکردووە، زۆرێک لە هاوڵاتیان ڕێگەیان پێنادرێت لە باشوور بۆ ڕۆژئاوا بپەڕنەوە، لەکاتی هاتوچۆی کەسێکیش لە ڕۆژئاواوە بۆ باشوور لێکۆڵینەوەی هەواڵگریان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت.

“”دەروازە سنوریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا دەوڵەتی تورکیا حوکمی دەکات”

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی باسی داخستنی دەروازە سنورییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ئەکات، کە ماوەی چەند ساڵێکە کێشەی داخستنی دەروازە سنورییەکان هەیە لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆ نەگەیشتنی هاوکاریی لە باشووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت دەروازەی سنوری سێمێلکا، کە بووەتە کێشەی گەورە بۆنەگەیشتنی هاوکاری لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان.

وتیشی: بەهۆی ئەو داگیرکاری و توندوتیژیەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، هەمیشە باشووری کوردستان بە ڕۆحێکی وڵاتپارێزی و فراوانەوە ویستوویانە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بەڵام هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی بەتایبەت بەربەستێکی گەورە بووە لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ شوێنی مەبەست.

“پارتی لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کێشە بۆ گەلی کورد دروست دەکات”

شە‌هێن محەمەد باسی لە بەربەست و ڕێگرییەکانی پارتی کرد و وتی: باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی لا مەرکەزی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی چوار پارچەکەی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە و ئارامە، دەتوانرا لەم هەرێمەوە بە ڕۆحێکی وڵاتپارێزی هاوکاری بگەیەنرێتە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بێگوومان گەلەکەشی ئەوەیان سەلماندووە لە هەموو دۆخێکدا هاوکاری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان بن، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، پارتی و یەنەکە ئاستەنگی دروست دەکەن بۆ نەگەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا، جگە لەوەش پارتی لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کێشە دروست دەکات و لەژێر ناوی ڕۆژئاوا هێزی چەکداری دروست دەکات، هەروەها دەستگیرۆی و هاواریکردنی ڕێکخستنی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەمیشە نانەوەی ئاژاوەگێڕی و پلاندانان دژی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ لەناوبردنی ئەو سیستمەیە.

“پارتی بە ئاڕاستەی دوژمن سیاسەت دەکات بۆ پاراستنی کورسی دەسەڵاتی خۆی”

شەهێن محەمەد ڕوونیکردەوە، نەک تەنها ئەو بەربەست و ڕێگریان، بەڵکو پارتی لە رۆژئاوای کوردستان دەستی هەیە لە شەهیدبوونی ڕۆڵەکان و پێنەدانەوەی تەرمەکانیان، ئەمەش وایکرد خەڵکی ڕۆژئاوا چەندین جار لە دەروازەی سێمێلکا گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام بێ سوود بوو هەتا ئێستاش ئەو شێوازی مامەڵەیە بەردەوامە.

شەهێن محەمەد ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی گەلی کورد لە ئێستادا بۆ تێکشکاندنی ئەو سنورانەیە کە دروستکراون لە نێوان پارچە جیاوازەکاندا، ئەم تێکۆشانەش تا ئاستێک توانیویەتی ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت، وتی: شۆڕشی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئێستادا لە ئاستێکدایە لە هەر جێگەیەک هێزێکی داگیرکەر هەبێت، تەواوی پارچەکە بە ڕوویدا دەوستنەوە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان بەدی کرا، هەروەها هەستکردن بەو ئازارەی خەڵکی باکووری تێدایە، ئەمەش ڕوونیکردەوە لای دوژمنان و دەسەڵاتداران کە گەلی کورد هەمیشە یەکگرتووە، بۆیە بەردەوام پارتی هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر دەدات چونکە ترسی لە یەکبوونی گەلی کورد هەیە”.

“پارتی لە ژێر ناوی هاوکاری ڕۆژئاوا هاوکارییەکان دەگەیەنێتە دوژمنان”

لە درێژەی قسەکانیدا شەهێن محەمەد باسی لەوەکرد، پارتی پارتێکی ئازاد نییە و هەمیشە بۆ بەرژەوەندی و ڕێنمایی دوژمن کاری کردووە، هەر بۆیە دەروازە سنوریەکانیش دادەخات و ڕێگری لە کردنەوەیان دەکات، لە ئێستاشدا کە دەروازەکانی کردووەتەوە بە بیانووی ناردنی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا لە ژێر ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکارییەکان ناگاتەدەستی کوردانی وڵاتپارێز، بەڵکو هاوکارییەکان دەگاتە دەستی ئەنەکەسە و گروپی داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکەدا.

شەهێن ئەم هەڵوێستانەی پارتی بە شەرمەزاری ناودەبات و بە ملکەچی داگیرکەرانی ناودەبات و دەڵێت: هەر یەکێک لەو لایەنانە گرنگیان بە بەرەوپێشچوونی فکرێک داوە، کە خزمەت دەکات بە سیستمێک و دەسەڵاتێکی داگیرکەر، ئەمەشە وایکردووە خاکی باشوور بەردەوام وێرانکاری بەسەردا بێت و خەڵکی سڤیل ببێتە ئامانجی دوژمنان.

“دەسەڵاتدارانی باشوور ڕادەستی دوژمنن بۆیە دۆخی باشوور گەیشتووە ئەو ئاستە”

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی تیشکی خستەسەر گەلی کورد کە هەمیشە باجی بێ ئەزموونیی دەسەڵاتدارانی داوە، بەوەی نەیانتوانیوە پێشڕەوی خواست و ئامانجی گەلی باشوور بکەن، ئەمەش وایکردووە گەلی باشوور ببنە قوربانی دەستی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و داگیرکاری قوڵیان لەسەر بەڕێوە بچێت، دەشڵێت: ئەم داگیرکاریانە و ئەو سیستمەی لەسەر باشوور بەڕێوە دەچێت، بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی باشوور هەمیشە برسی بێت و بەدەست قەیرانە جیاوازەکانەوە بناڵێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دەسەڵاتداران لە هەموو ڕوویەکەوە ڕادەستی دوژمنن، تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا.

“خەڵکی باشوور بێ هیوا کراوە لە گەیشتن بە ویستەکانی”

لە کۆتایدا شەهێن محەمەد باسی لەوەکرد، خەڵکی باشووری کوردستان بە سیستم بێ هیوا و باوەڕ کراوە، لەوەی بتوانێت گۆڕانکاری بکات، هەر بۆیە پارتی توانیویەتی هەژمونەی خۆی زیاتر بکات، پەلکێشی زیاتر و ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی گرنگە بکات، هەروەها هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانن و لە هوڵی خۆ کۆکردنەوەدان، سەرجەمیان لە قەیراندان بەهۆی ئەو فشارەی لەسەریانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیشەوە.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …