حاکم لەتیف مستەفا، لەبارەی تیرۆرکردنی یوسرا دەروێش و لێمان شوێش هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی دەڵێت: لە ڕۆژی شەهیدکردنی یەکێکمان دەستی جەلادەکانمان دەگوشین و زیاتر لەبەردەمیاندا دەچەمێینەوە.
حاکم لەتیف سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشوتری پارلمانی عێراق نووسییویەتی: “ئەمڕۆ رژێمی فاشیستی ڕەگەز پەرست هەموو پیاوەتی و غیرەت و قارەمانێتی و ڕق و کینەی خۆی لە تیرۆر کردنی دوو ژنی مەدەنی نە سەربازی تاقی کردەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە: “تیرۆری دەوڵەتی فاشیستی و رەگەزپەرستی دژی خەلکی مەدەنی، لە نەزەری جیهان ڕەوایە، بەڵام تەنیا بەرگری کردن لە بوونی گەلێکی بندەستە بە شیوازی مەدەنیش بێت تاوانێکی گەورەیە”.
هێمای بۆ ئەوەشکردوە: “١٠٠ ساڵە زنجیرەی کوشتن و بڕینمان بەردەوامە، نە دوژمنەکانمان لە خوێنی ئێمە تێر دەبن نەخۆشمان وانەو پەند لە ڕابردوو وەردەگرین و نە بەزەیشمان بەخۆماندا دێتەوە”.
حاکم لە تیف ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە جیاتی یەکگرتن و پاڵپشتی کردنی یەکتر و بەهاناوە چونی یەکتر لەم دنیای بێ کەسیەماندا، بەداخەوە لە سەرخوێن و ئازارەکانی یەکتر شایی دەکەین و لە ڕۆژی شەهیدکردنی یەکێکمان دەستی جەلادەکانمان دەگوشین و زیاتر لەبەردەمیاندا دەچەمێینەوە.