جەستە زێد ڕۆح ژینگە

عادل عوسمان

پرسێکی گرنگ لە ناسنامەی هەر هەبوون و نەتەوەیەکدا، پێگەی نیشتیمانی و ژینگەیە. کاتێک مرۆڤ لەدایک دەبێت، لە ژینگەیەکدایە کە پەیوەندیەکی جەستەیی ڕۆحی دەیبەستێتەوە بەو شوێنەوە. واتە پەیوەندیەکەی تەنیا جەستەیی نیە، بەڵکو ژینگەی ئیکۆلۆژیە. بەو واتایەی تەواوی هەبوون و هەستی پەیوەندی بە ژینگە و دەوروبەرەکەیەوە هەیە. بۆیە هەبوون تەنیا پەیوەندیەکی میکانیکی نیە، چۆن ئارەزووت کرد بیگۆڕیت یان ئاڵوگۆڕی تێبکەیت. گۆڕانکاری لەو ژینگەیەی سەرەتا و لەدایکبووندا، دنیایەک ئاڵوگۆڕی نەرێنی جەستەیی، هۆشەکی، فسیۆلۆژی و جەستەیی بەدوای خۆیدا دێنێت. کە دەبێتە هۆکاری چەندین نەخۆشی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و سیاسی.

بەتایبەت ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕە پەیوەست بکەینەوە بەفشارە دەرەکیە داگیرکاریەکان و هەڵکەندن لە زێد و نیشتیمانی خۆ. بۆیە دەکرێت بپرسین بۆچی هێزە داگیرکاریەکان، ئەوەی دەستی بۆدەبەن لە دوای قازانج، کۆچپێکردن و هەڵکەندنە لە زێدی خۆ؟ زێد چیە و مانای چیە؟ زێد لە زایەند و لەدایکبوونەوە واتای وەرگرتووە. واتە شوێنی لەدایکبوونی بوونێکی نوێ. جا چ مرۆڤ بێت یان هەر زیندەوەر و بونەوەرێکی تر. بۆیە زێد تەنیا پەیوەست نیە بە زایەندی مرۆڤەوە، بەڵکو ژینگەیەکە بۆ هەموو بونەوەرەکانی ئەو ژینگەیە. بەوە پەیوەندیەکی دیالەکتیکی، جینەتیکی لەنێوان بوونەکان بە ژینگەکەیانەوە دروست دەبێت. کە لەبواری فسیۆلۆجی و جینەتیکیدا دووبارەبوونەوەی ئەو پەیوەندییە فسیۆلۆجیە ڕەنگ دەداتەوە بۆ میتافیزیکا واتە بۆ هۆشمەندیش دەپەڕێتەوە. هەروەها پەیوەندیە خانەییەکانی پێکهاتەی جەستەیی هاوبەش لە نێوان بوونەوەرەکان و ژینگەدا دروست دەبێت، کە دابڕانیان مەترسی دارە. بۆیە پێکهاتە خانەییەکانی خاک، مرۆڤ، بوونەوەر لەگەڵ ژینگە بەشداری و هاوبەشی دەکەن و یەکتر دەناسن و تەواو دەکەن. بۆیە کاتێک مرۆڤ دەچێتە دەرەوەی ژینگە و زێدی و دەگەڕێتەوە هەست بە ئارام بوونەوە و دڵنەواییەک دەکات. هۆکارەکەی بۆ ئەو پەیوەندیە جەستەیی ڕۆحیە دەگەڕێتەوە. ئەم پەیوەندیە زانستیش سەلماندویەتی و ئەرێنی کردوە.

بۆیە گرنگە مرۆڤ لەو پەیوەندیە نەک تەنیا لە ئاستی جەستەییدا بەڵکو لە ئاستی ڕۆحیشدا تێبگات. کاتێک تێگەیشتنێکی گەردوونی لەو بوون و پەیوەندیانە بەڕاست و دروستی هەبوو ئەوکات دەتوانرێت تێگەیشتنە ئەرێنیەکان بناسێنرێت. ئەوەی کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر ژینگە و ژیان دەکات بناسرێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین داگیرکاری چیە؟ پێش هەرشت داگیرکاری تێکدانی ئەو پەیوەندیە گەردونیەی نێوان بوون و هەبوون و ژینگە و باڵادەستی مرۆڤی دڕندە و دەسەڵاتدارە، بەسەر جەستە و ڕۆح و تێکدانی ئەو پەیوەندیە و هەڵوەشانەوەی لەژێر کاریگەری هێز، قوتابخانە و بیرکردنەوە فەلسەفیە ماددی و میتافیزیکیەکاندا. لەم سەردەمەشدا قوتابخانە زانستیەکان.

لە پەیوەند بەم باسەدا، دەتوانین سەیری دۆزی کورد و نیشتیمانەکەی و پرۆسەی داگیرکاری بکەین، کە چ کاریگەریەکی بەدرێژایی مێژوو لە لێدان لە پێگە و شوێنگەی ژیان و هەڵوەشانەوەی ژیانی خۆجێی کردوە و کۆچ و ڕەوو ئاوارەبوون چ کاریگەریەکی لە هەستی تاک و کۆمەڵگە لە دابڕانی شوێنی ژیاندا کردووە. بۆیە کوردبوون، واتە بوونێکی گەردوونی لە هاوسەنگی ژیاندا و لێدان و تەفروتووناکردنی و هەڵکەندنی لە شوێنی ژیانی و گواستنەوەی لە زێدی خۆی واتە دەستێوەردان لە ڕاگرتنی هاوسەنگی سرووشتی ـ گەردوونی. بۆیە کاریگەریەکانی ئەم دەستتێوەردانە لای کوردان هەمیشە خۆپاراستن، بەرخۆدان و گرێدان بەخاکەوەی بەرهەمهێناوەتەوە. سرووشتی پەیوەندی مرۆڤی کورد بەخاکەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی سرووشتی و کشتووکاڵ. مرۆڤی کورد لە سرووشت و خاکەوە تێرخۆراک بووە و ئابوری دامەزراندوە و بنەما هزریەکانی بەگوێرەی ئەزموونی ژیان بە زانست و دانایی کردووە. بۆیە لێدان لە کوردبوون واتە لێدان لە ئەزموون و دانایی و ئەو کلتورە مێژوویە کەڵەکەبووە سرووشتیەی کەلەسەر کۆمەڵگەی هەرەوەزی و پێکەوەیی دامەزراوە.

 کاتێک کۆمەڵگەی چینایەتی دادەمەزرێت، ئیتر جیاوازیەکان بۆ پێکدادان و دەستبەسەرداگرتن دەگۆڕێت. یەکەمین داگیرکەریەکان لێرەوە دەست پێ دەکات و درێژە بەکار و تەمەنی دەدات. ئەمجار گرنگە لە داگیرکاری تێبگەین، کە چیە؟ داگیرکاری، واتە دەستبەسەرداگرتن، وێرانکردن، چاوچنۆکی، تێکدانی پەیوەندی نێوان جەستە ـ ڕۆح، هەڵکەندنی مرۆڤ لە زێدی خۆی، تێکدانی ژینگە، خستنە خزمەتی سرووشت بۆ خۆ و بۆ قازانج، بە ناوەندکردنی مرۆڤ و لە ناویشیدا مرۆڤی دەسەڵاتدار، دڕندەیی و دەستگرتن بەسەر ژندا، بەکاڵاکردنی ژن و هەرشت، دروستکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوەی کاڵایی، دروستکردنی خوداوەندە ماددی و مەعنەویەکان، پارچەکردنی زهن و زانست، دەستێوەردانی پەیوەندی ئاسایی زهن ـ جەستە. داگیرکاری ئەوەیە، بۆیە کۆمەڵگە و ژینگە و سرووشتەکەی تووشی بەڵای سەرمایەداری بوون و کەوتونەتە قۆناغی لەناوچوون و مەترسیەوە.

خراپترین دەستێوەردان لەبەریەک هەڵوەشاندنی پەیوەندی زهن ـ جەستەیە. هیچ کارێک ئەوەندە مەترسیدار نەبووە، کە جیاوازی بخەیتە نێوان زهن و جەستەوەو هەر یەکێکیان بەدۆڵێکدا ببەیت. دوای ئەو دابڕانی جەستە لە زێد و ژینگەیە. هەڵبەت باسێکی لەم شێوەیە هەم پەیوەستی مێژووە هەم پەیوەستی زهن و قوتابخانەکانی فەلسەفە و زانستە. دەستێوەردان و بەلاڕێدابردنی ئەو شتانە و ئاراستە پێدانی هەتا ئێستە لە بەرژەوەندی سەرمایەداری و سیستەمەکەیدا بووە. بۆیە ڕەخنەگریەکانیش هەر لەناو خودی سیستەم و بە ئەداتەکانی ئەو سیستەمە کراوە، خەرمانی بەرەکەتی هەربۆ قازانج و کەڵەکەی سەرمایە و وێرانکردنی خاک و گۆی زەوی بووە. ڕەخنەگری ئەم سیستەمە بە مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک و سۆسیۆلۆژیای ئازادی دەکرێت. کە ڕێکخستنەوە و تیئۆریزەکردنی پەیوەندی سرووشتی جەستە ڕۆح و ژینگە و پەیوەندی گەردوونی هەبوونە جیاواز و شێوە جیاوازەکانی هەبوونە، کە هەموویان خاوەنی هەمان پێگەی زیندووێتی و هاوسەنگی ژیانن.

کێیە بەرامبەر ئەو لەناوچوون و مەترسیە وەستاوەتەوە پێشەنگی زیندوو کردنەوەو تیۆریزەکردنی هوشیارانەی ژیاری زانستی دەکاتەوە؟ ئەوەی کە یەکەمین هوشیاری کۆمەڵگەی سرووشتی بەرهەمهێناو کردیە موڵکی گشتی و وەک بەهای کۆمەڵگە ناساندی و هەتا ئێستەش بەرگری لە بەها جوانەکانی ژیانێکی سرووشتی دەکات و بوەتە کلتوری زاگرۆسی و لە ئێستەدا تیئۆریزەی سەرلەنوێی ئەو هوشیاری و هۆشمەندیە دەکەنەوە، کوردانن. بۆیە پاراستن و لەگەڵ بوونی کورد واتە هاوبەشی کردن لەو پرسە جدیەی جەستە ڕۆح. بۆچی کوردان کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئاوارە دەکرێن، لە گوندەکان دادەگیرێن و دەخزێنرێنە ئۆردوگا زۆرە ملێکانەوە، بێ کاردەکرێن، بۆچی دەکرێنە چەکدار و جاش و بەکرێگیراو و سیخوڕ، بۆچی لەژن دەدرێت، بۆچی لە ڕۆحیان دەدرێت و بێ ویژدان دەکرێن، بۆچی لە شارەکان مۆڵ دەدرێن و دەخرێنە سیستیەکان و پەرە بە هوشیاری شار ـ سیتی دەدەن، واتە شار لەناو شاردا. بۆچی سیتیەکان وەک زیندان و مۆڵگەی لێهاتوە و بە پرسگە و لێپرسینەوەدا پێیدا دێیت و دەچیت. بۆچی مرۆڤی کورد لە گوند و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژینگەکەی دادەبڕێنرێت. ئەو هەموە نەخۆشیە کۆمەڵایەتی و جەستەیی و ژینگەییە چیە تووشی کۆمەڵگەی کوردی بووە. خانەکانی لەش بۆچی تووشی پارچەبوون و گەشەکردن و دروستکردنی خانەی جیاوازدەبن کە بەناوی نەخۆشی شێرپەنجە بەناوێ دەکرێت. چارەسەرەکەی لەکوێیە و چۆن دەکرێت؟ ئەوانە هەموو پەیوەستی دۆخ و دۆزی کورد و کۆمەڵگەی مرۆیی و دەسەڵاتە تێکدەرەکەی پەیوەندی جەستە ـ ڕۆح ـ ژینگەیە.

چۆن دەتوانین چارەسەری دۆخێکی لەو شێوەیە بکەین. بە بەدەستهێنانەوەی هوشیاری و تێگەیشتن لە هاوسەنگی هاوکێشەی پەیوەندی جەستە ـ ڕۆح ـ ژینگە. بە گەڕانەوە بۆ زێد، بۆ گوند و بۆ ژیانی سروشتی. من ئەم باسەم بە گێڕانەوەیەکی حەقیقی ژیانی مرۆڤێک کۆتایی پێ دێنم، کە شێرپەنجەی گرتوە و بۆ چارەسەر خزمان و دەوروبەر ویستوویانە کۆمەک و هاوکاری بکەن و بینێرنە هندستان بۆ چارەسەری پزیشکی زانستی. بەڵام کابرای نەخۆش پێشنیارێکیان بۆ دەکات و سوپاس و پێزانینی خۆیشی دێنێتە زمان، کەبەم شێوەیە دەبێت.

کاتێک دەزانێت شێرپەنجەیەتی خزمان و دەوروبەر دەیانەوێت کۆمەکی بکەن، ئەویش پێیان دەڵێت، بەسوپاسەوە بۆتان بەڵام لەبری ئەوەی بچمە هندستان، من داوادەکەم کۆمەڵێک سەر ئاژەڵم بۆ بکڕن و دەچمەوە گوندەکەی خۆم، ئەوان چییان خوارد منیش ئەوە دەخۆم بزانن چاک دەبمەوە یان نا. خەڵکەکەش بەوە ڕازی دەبن و دەبێژن، ژیانی خۆتە خۆت دەتوانیت بڕیار لە چۆنیەتیەکەی بدەیت. بۆیە کابرای نەخۆشە بەوشێوەیە دەکات کە خواستیەتی و پاش ماوەیەک دەبینێت تەندروستی بەرەو باشبوون دەچێت.

بێگومان ئەو بەسەرهاتە ڕاستیە و ئەوەش دەیسەلمێنێت کە پەیوەندی جەستە ـ ڕۆح بە ژینگەوە چەندە کاریگەری هەیە بەسەر هەبوون و تەندروستی و هۆشمەندیەکی تەندروست و کۆمەڵایەتەوە. بۆیە لێدان و دابڕانی جەستە لە زێد، لێدان و دابڕانی ڕۆحە لە ژینگە و سرووشت.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …