د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەماوەی شەش مانگدا و لەکۆ 30 میلیارد دینار بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی تەنها پێنج ملیاری خەرجکردوە و بەهەمانشێەش پارەی بۆ گەشتوگوزار خەرجکردوە و دەشڵێت، ” نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین”.
د.هێرش سەلیم لە هەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسییویەتی، “لە ماوەی شەش مانگ لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بو، بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات، تەنها پێنج ملیار کە بەشی تەنها مانگێکە خەرجیکردوە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو،”ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار ئەکەین کە نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بکات هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابینکردوە، بێئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەکانی ترەوەیە و پێویستی بە هاوکاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە کە بۆی دانراوە”.
جەختیشی کردوەتەوە، “ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابینکردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم و بانکەکانی سلێمانی “.