کە-جەکە: کوشتنی محەمەد میرزا ئەنجامی تەسفییە حسابی ناوخۆیی دەزگای پاراستنی پارتییە

کە-جەکە رایگەیاند، چەندین جارە پارتی بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایش، لێدوانی چەواشەکارانە و پڕ لە درۆ و دەلەسە بڵاو دەکاتەوە و کوشتنی محەمە میرزا ئەنجامی تەسفییە حسابی ناوخۆیی دەزگای پاراستنی پارتییە.
ئەوەش ئاشکرائە ئەکات: “بە کوشتنی محەمەد میرزا ئەوەیە کە تێوەگلانی نوێنەرایەتی میت لە دهۆک لە کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی مامۆستا “مەلا ئەحمەد جەلالەدین” پەردەپۆش بکەن، چونکە تۆمەتباری سەرەکی ئەم کۆمەڵکوژییە دانی بەوەدا ناوە، کە لە ناوەندی میتی دهۆکەوە فەرمانی کوشنتی وەرگرتووە”.
شەوی ٢٣ـی ئەم مانگە، لە شارۆچکەی زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تەقییەوە و ئاگری گرت، دواتر دەرکەوت کە محەمەد میرزا سندیی، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتیکوردستانی تێدابووە و سووتاوە.
٢٨ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی ئاسایشی پارتی و میدیاکانی ئەو حیزبە، ئەوەیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، گوایە پەکەکە محەمەد میرزا سندیی کوشتووە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەمبارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرلەبەریی ئەو تۆمەتانە رەتئەکاتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: چەندین جارە پەدەکە لە سەر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لێدوانی چەواشەکارانە و پڕ لە درۆ و دەلەسە بڵاو دەکاتەوە و هەر جارێک هەوڵ دەدات تۆمەتی بێ بنەما ئاڕاستەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بکات، لەم ڕۆژانەی دواییدا، لە سەر ڕووداوی گیان لەدستدانی محەمەد میرزا، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پەدەکە لە زاخۆ، گوایە تەڤگەرەکەمان بەوە تاوانبار دەکات کە لە پشت ئەم رووداوەوە بووە، بێگومان ئەم هەوڵە چەواشەکارییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە هەموو شتێک سووکایەتی کردنە بە عەقڵ و ویژدانی گەلی کوردستان و بە‌کارهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی باشووری کوردستانە، لە بەرژوەندی سیاسەتی داگیرکاریی و تیرۆری دەوڵەتی فاشیستی تورک.
ئاماژە بەوەشکراوە: لە کاتێکدا کە هەموو گەلی کوردستان لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا لە ناو گفتۆگۆدایە بۆ ئەزموون وەرگرتن لە مێژوو، بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و پیلانگێڕان و پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی و لەم چوارچێوەیەدا نوێنەرانی گەل کۆنفرانسێکی مێژووییان لە لۆزان بەست، پەدەکە، نەک هەر بەشداری ئەم گفتۆگۆیانە نابێت، بەڵکو بۆ جێگیرکردنی پیلانەکانی لۆزان، لە خواکورک و مەتینا بووەتە پێشقەراوڵی سوپای داگیرکەری تورک و لە هەمانکاتدا هەوڵ دەدات بە کردەوە و بە لێدوانی گێرەشێوانە ڕای گشتی گەلی کوردستان چەواشە بکات و پەرتەوازەیی دروست بکات.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە: “بێگومان تاکە هێزی سوودمەندی ئەم کردەوانەی پەدەکە دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیایە، چونکە پەدەکە دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ شاردنەوە و ڕەوایەتیدان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی میتی تورکیا بە کار دەهێنێت، ئامانجێکی دەزگای پاراستن و میت لە تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەکەمان، بە کوشتنی محەمەد میرزا ئەوەیە کە تێوەگلانی نوێنەرایەتی میت لە دهۆک لە کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی مامۆستا “مەلا ئەحمەد جەلالەدین” پەردەپۆش بکەن، چونکە تۆمەتباری سەرەکی ئەم کۆمەڵکوژییە دانی بەوەدا ناوە، کە لە ناوەندی میتی دهۆکەوە فەرمانی کوشنتی وەرگرتووە”.
جەخت لەوەشکراوەتەوە: “هەروەکو چۆن لە لێدوانی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگەدا هاتووە، تەڤگەرەکەمان و گەریلای ئازادیی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوی کوشتنی محەمەد میرزاوە نییە و هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستە دەکرێن بێبنەمان، بەڵکو لەو بڕوایەداین کە ڕووداوی کوشتنی محمەمەد میرزا، بەشێکە لە هەوڵی تەسفییە حسابی ناوخۆیی ناو دەزگای پاراستن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو تاوانانەی کە لە دژی گەلی کورد و لە دژی ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەران دەیکەن ئاشکرا نەبێت، لە شەنگالەوە بگرە هەتا مەتینا و زاخۆ دەزگای پاراستنی پارتی هاوکاریی تەواوی دەزگای تیرۆری میت دەکات و لەم چوارچێوەیەشدا زۆر مرۆڤی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری ئەم وڵاتە بوونەتە قوربانی”.
کە جەکە داواشی “لە ڕای گشتی گەلی کوردستان، دامەزراوە فەرمییەکان و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها ڕۆشنبیران و ئازادییخوازان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم گێرەشێوێنییانەی پەدەکە هۆشیار بن و ڕێگە نەدەن کە دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا لە ڕێگەی پەدەکەوە دەزگا فەرمییەکانی هەرێم بۆ جەنگی دەروونی دژ بە گەلی کورد بەکار بهێنێت”.

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …