بە دروشمی “نان، کار، ئازادیی”، لە شاری سلێمانی، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا رێپێوانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو، لە رێپێوانەکەدا بەهۆی نەبوونی یاسای کار و چاودێریی سیستمی کار رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گیرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٥/١ لە شاری سلێمانی، کۆمیتەی ۱ی ئایار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو، رێپێوانەکە لە شەقامی سالمەوە بۆ بەردەم باخی گشتیی شارەکە بەردەوام بوو، تیایدا دروشمی “نان، کار، ئازادیی” وتاریەوە و ئاڵای سوور بەرزکرایەوە.
پۆڵا ئەحمەد، لە کۆمیتەی ۱ی ئایار (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و چەندین لایەن و ڕێکخراوی دیکە) بەیاننامەی کۆمیتەکەی خوێنەوە خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد یەکی ئایار ڕۆژی بەرەنگارییە دژی چەوسانەوە و نادادپەروەریی سیستمی سەرمایەداریی، ئەو سیستەمە وەک دڕندەیەک هاتە نێو مرۆڤایەتییەوە و شێوازێکی نوێی لە کۆیلایەتی هێنایە کایەوە، بووە بە کێشە و مەترسیی بۆ سەر ژیان و تەواوی مرۆڤایەتیی.
وتیشی، لەهەرێمی کوردستان هەموو کەرتەکان خراونەتە ژێر دەستی کەرتی تایبەت و قازانج تەنها بۆ کۆمپانیاکانە، مافی کارکردن لەزۆرکەس سەندراوەتەوە و دامەزراندن ڕاگیراوە و کاری زۆر و کرێی کەم بووە بە نەریت لای خاوەن کارەکان، کرێکار وەک کۆیلە دەچەوسێنرێتەوە و هیچ دەزگایەکی چاودێری نییە، تا ئێستا یاسای کار بوونی نییە و هەڵاواردن و چینایەتیی بەبەرنامە پەرەپێدەدات.
ئەوەشی وت، پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی پێبهێنرێت و شێوازێکی نوێ لە ژیان و بەڕێوەبردن و ڕەوشت و ئاکار بێتە ئاراوە، ژنان و گەنجان و هەموو چین وتوێژەکان ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن و مافە ڕەواکانیان بەدەستبهێنن.