پیرۆزە رۆژی کرێکارانی جیهان

نەجیبە قەرەداغی

پیرۆزە لەو مرۆڤانەی پێناسەی ڕاستی بەها و ڕەنج دەزانن، بەها و ڕەنجیش تەنیا بە دونیای ماددییەوە نابەستەوە.
لە رۆژی یەکی ئایاردا وێرای گرنگی تێزەکانی تا ڕۆژی ئەمڕۆش، بەلام پێویستمان بە دیدێکی رەخنەگرانە هەیە لەو مارکسیزم و چەپێتیەی کە بەشێکە لە هۆکاری نائومێدبوونی مرۆڤ لەگەڵ ڕەتکردنەوەی “سەرمایەداری تا ئاستی ڕشانەوە” و خۆلێپاکردنەوە
رەخنەکردن لەو تێگەیشتنانەی کە بەها و ڕەنج تەنیا لە مەسەلەیەکی چینایەتیدا دەبینن گرنگە، ڕەنجی ژن بە تایبەتی دایک وەک ڕەنج نابینێت، بە گرنگی دەزانم لەم بۆنەیەدا سەرنجتان بۆ بەشێکی کورت لە دیدی ڕێبەر.ئا*پۆ ڕابکێشم کە لە بەرگرینامەی سۆسیۆلۆژیای ئازادی دا گەڵالەی کردووە و یەکێکە لە حەوت فاکتەری مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە ئابورییە:
—–
” شیکارەکانی ئابووری ـ سیاسی سەرمایەداری و شرۆڤەی مارکسیستی کە پەیوەندییەکانی ئابوورییان دەرھەست کردووە زۆر مەترسیدارن. چونکە ھەرگیز ئابووری نابێتە چالاکی خاوەنکار ـ کرێکار. من بۆ خۆم ناچارم دووانەی خاوەنکار ـ کرێکار وەک دوو دزی پاوانخوازی ئابووری ھەڵسەنگێنم: ئەو ئابوورییەی چالاکی سەرەکی دیموکراتی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە (ئەگەر سەردەمی کڵان و ھۆزیشی لەناودا بژمێرین، ئەو کاتە راستترە بڵێین چالاکی یەکەمی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسییە). لێرەدا کە باسی کرێکار دەکەم مەبەستم ئەو کرێکارە سازشکارەیە کە بەناوی کرێ بەشێکی کەم لەو بەھایە وەردەگرێت کە لە بەشە ھەژارەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتیش لە ژنان و کچانی بێکرێ دزراوەو تاڵانکراوە. ھەروەکو چۆن کۆیلە و بەندە زیاتر لە رەوشی پاشکۆیەتی سەردار و بەگەکەیدایە، کرێکاری سازشکاریش بەردەوام پاشکۆی خاوەنکارەکەیەتی. بەچاوی گومانەوە تەماشاکردنی کۆیلایەتی، بەندایەتی و کرێکارێتی و ھەروەھا رووبەڕووبوونەوەی، لەسەر ئەم بنەمایەش پێشخستنی چالاکی و ئایدیۆلۆژیاکەی، مەرجی سەرەکی ئەخلاقی و سیاسیبوونە. ھەروەکو چۆن سێیانەی کۆیلەدار ـ سەردار ـ خاوەنکار شایانی پیاھەڵدان نین، ھەروەھا کۆیلە ـ بەندە ـ کرێکاریش کە بە واتای پاشکۆیەتی ئەمانە دێن پێویستە ھەرگیز بەسیفەتی توێژە باشەکانی کۆمەڵگا شکۆدار نەکرێن. راستترین ھەڵوێست ئەوەیە، بەزەییت بە رەوشیاندا بێتەوە کە داڕووخاوترین توێژەکانی کۆمەڵگان و ساتێک زووتر لەپێناو ئازادکردنیان دەستبەکاربین.
بە ماھیەتە سەرەکییەکەیەوە ئابووری چالاکی کۆمەڵگای مێژووییە. ھیچ تاکێک (بە سیفەتی کۆیلەدار، سەردار، خاوەنکار، کۆیلە، بەندە و کرێکار) و دەوڵەتێک نابنە نوێنەری چالاکی و کردەی ئابووری. بۆ نموونە ھیچ تاکێکی خاوەنکار، بەگ، کۆیلەدار، کرێکار، لادێیی یان شاری ناتوانێت بەرامبەرەکەی کاری دایکایەتی بدات کە دامەزراوێکی کۆمەڵگای مێژووییە، چونکە دایکایەتی ژیانیترین و سەختترین چالاکی کۆمەڵگا فەراھەم دەکات، بەردەوامی ژیان دەستنیشان دەکات. ناخوازم تەنیا باسی وەچەخستنەوە بکەم. بەڵکو لە گۆشە نیگایەکی فراوانەوە سەیری دایکایەتی دەکەم، چونکە کلتوورێکە، دیاردەیەکە بە ترپەکانی دڵی بەردەوام لە خرۆشاندایە و خاوەن کردارێکی پڕ لە ژیرییە. ئەمەش راستییەکەیە. باشە، مادام رەوشەکە بەمجۆرەیە، ژن تا ئەم رادەیە پێویست و ژیانییە، سەرباری ئەوەی زەحمەتییەکی زۆر دەبینێت، بەردەوام لەناو کاردایە، بە ئەقڵ و دڵێکی بەجۆش و خرۆشاو بارکراوە، بە کامە ئەقڵ و ویژدانەوە دەشێت وەک رەنجدەرێکی بێکرێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ کامە زانستی ئابووری کە خۆی بە ئایدیۆلۆژیای زەحمەتکێشان دادەنا، مارکسیزمیشی لەناودا ، کاتێک خاوەنەکانی ئەمجۆرە چالاکییە کۆمەڵایەتییانە بەبیری خۆشیاندا ناھێنن و لە دەرەوەی کرێیان دەھێڵنەوە، خزمەتکار و پاشکۆی خاوەنکار لەگۆشەی سەرەوە جێگیر دەکەن، چۆن دەتوانن رێگە چارەکەیان لەژێر ناوی کۆمەڵایەتی پێشکەش بکەن؟ تا رادەیەکی مەترسیدار ئابووری مارکسی ئابوورییەکی بۆرژوازییە. پێویستی بە رەخنەدانێکی جددی ھەیە. چونکە تا رەخنەدانێکی بوێرانە پێشنەخرێت، لە گۆڕەپانی بەرژەوەندی سەرمایەداریدا گەڕان بەدوای سۆسیالیزم، ھەر وەکو لە ئیفلاس و ھەڵوەشانەوەی (ھەم لە خۆیەوە) بزووتنەوە (سۆسیالیزمی بونیادنراو) سەد و پەنجا ساڵییەکەیدا بینرا، بەھادارترین خزمەتە کە بێ بەرامبەر پێشکەش بە سیستەمی سەرمایەداری دەکرێت. لینین کاتێک دەڵێ”رێگای دۆزەخ بە بەردەکانی نیازپاکی بەردڕێژکراوە” چەندە راستی گوتووە! ئایا خۆیشی دەیتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە کردارەکەی ئەم رستەیەی دەسەلمێنێت ؟ “

هەروەها چێکی بکە

بۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ مامۆستا شەماڵ

سەید خالید سەرەتا لە کەسەیەتی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بەرێزو وەفادارییەوە سەرجەم شەهیدانی رێی ئازادیی کوردستان، …