ئەنجومەنی هەرێمی تەڤگەری ئازادیی راپەڕیین، ئەمساڵ جیا لە حیزب و لایەنە فەرمییەکان یادی کۆمەڵکوژیی ٢٤/٤ی شاری قەڵادزێی کردەوە و تاجگوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٤/٤/٢٠٢٣، ئەنجومەنی هەرێمی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان-هەرێمی راپەڕیین، بۆ رێزگرتن لە ھەڵوێستی خەڵکی پشدەر لە دەرەوەی مەراسیمە حیزبیی و فەرمییەکان ساڵیادی رۆژی کۆمەڵکوژیی شاری قەڵادزێی کردەوە و
سەردانی گلکۆی شەھیدان و مۆنۆمێنتی ٢٤/٤ شەھیدانی کرد و ئیدریس عەبدوڵا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی هەرێمی راپەڕیین بەیاننامەی تەڤگەری خوێندەوە و تیایدا هاتووە: کۆمەڵکوژیی ١٩٧٤/٤/٢٤ی شاری قەلادزێ زامێکی قوڵی لەبیر نەکراوە و پەڵەیەکی رەشی دیکەیە بەتەوێڵی دەوڵەت-نەتەوەی عێراق کە لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو ئەنجامدرا. دەڤەری پشدەر، وەک ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجیی لەرووی ئاسایشی نیشتیمانیی و خۆپاراستنەوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەپاراستن و ژیاندنی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە ساتەمێژوویی و سەختەکاندا، خەڵکی دەڤەری پشدەر خاوەن فەرهەنگ و رەسەنایەتیی کوردەواریین، ئەو دەڤەرە لەمێژووی دوورو نزیکدا هەمیشە سەنگەری لەشکان نەهاتووی دژ بەداگیرکەران و پشتوپەنای شۆڕشگێڕانی هەرچواربەشی کوردستان بووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە: ٤٩ ساڵ لەمەوبەر ئەوشارە رەنگین و خۆڕاگرە لە٢٤/٤/١٩٧٤ڕووبەرووی بۆمبارانێکی نامرۆڤانەی گەورەو سەخت بۆوە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژێمی بەعسی دژ بەکورد کە بەچەکی ناپاڵم و قەدەغەکرا و ناوەندی شارەکەیان بۆمبارانکردو کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان لەبەرامبەر دانیشتوانی خۆڕاگرو کورد پەروەری شاری قەڵادزێ ئەنجامدا، کە بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە ١٥٠ هاووڵاتیی کە نیوەیان زیاتر ژن و منداڵ و بەساڵاچووبوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو: هەر لەو بۆمبارانەدا ٩ خوێندکاری زانکۆی سلێمانی شەهید بوون، ژمارەیەکیش لە خوێندکارو مامۆستای زانکۆی سلێمانی بریندار بوون کە لەوکاتەدا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆبەردەوام بوون لە خوێندن هاتبوونە ئەوشارە، قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر لە مێژوو خەباتی بزوتنەوەی وئازادییخوازیی گەلی کورددا، هەمیشە بە ماڵی گەورە و سەنگەری نەتەوەیی تێکۆشەران و نیشتیمانپەروەران و شۆڕشگێڕانی کوردستان ناسراوە، هەربۆیەش دووژمنانی گەلی کورد بەردەوام ویستوویانە تۆڵەی لێبکەنەوە و ئەو هزرو هێزو ئیرادەیە بشکێنن و خەڵکە قارەمانەکەی لەشۆڕش وتێکۆشان دوربخەنەوە، بەڵام هەرچییەکیان کرد نەیان توانی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی دلێری ئەم دەڤەرە بشکێنن، لە ٢٤/٤/١٩٨٢ خەڵکی کۆڵنەدەری قەڵادزێ پشەنگایەتی خۆپێشاندانەکانی کردو جارێکی تر ئیرادەو هێزی بۆ گەل ژیاندەوە، لەبەرامبەردا بەعسیەکان وەک تۆڵەیەک سیاسەتی خاپورکردن و راگواستن و چۆڵکردنی دەڤەری پشدەریان لە ١٩٨٨ – ١٩٨٩ دا لە بەرامبەر ئەو دەڤەرە ئەنجامدا، بەڵام نەوەک هەرنەیان توانی ئیرادەی گەل بشکێنن، بەڵکو خەڵکی وڵاتپارێزی دەڤەری (بتیوێن و پشدەر) لە ئازاری ساڵی ١٩٩١دا بە راپەڕینی جەماوەریی و سەرتاسەریی وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دایەوە و کۆتاییان بە داگیرکاریی و ستەمی بەعسیەکان هێنا و لەکوردستانیان وەدەریان نان.
دەشڵێت: لەرۆژگاری ئەمڕۆدا کە یادی ئەوڕۆژە تاڵانەدەکەینەوە سەرەڕای ئەو دەسکەوتانەی بەخوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و دورکەوتنەوەیان لەبەرژەوەندییەکانی گەل دوای نزیکەی ٣٢ ساڵ لە بەڕێوەبردن و دەسەلاتدارییان نەبوونەتە وەڵام بۆ ویست وداخوازییەکانی گەل بەڵکو ئەوەندەی تر نەھامەتیی و کێشەکانی خەڵکیان قوڵتر کردۆتەوە، داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام سنورەکانی ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکەن و دەیان ھاووڵاتیی بەو ھۆیەوە شەھیدو بریندار بوون، لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران باشور بێدەنگ و بێهەڵویستن و ئەوەش ئەوەندەی تر خەڵکی ئەو ناوچانەی تووڕەو نیگەرانکردووە.
تیاشیدا هاتووە: لە ئێستاشدا دووژمنانی گەلی کورد بەهەمان عەقڵیەتی شۆڤێنیستیی و داگیرکاریی بەردەوامن لە کاولکاریی و کۆمەڵکوژیی لەسەر گەلەکەمان بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە رۆژئاواو باشور و باکوری کوردستان چەندین تاوان و کۆمەڵکوژییان لەسەر گەلی کورد ئەنجامداوە، هەربۆیە داگیرکەرانی کوردستان بەسودوەرگرتن لە ناکۆکیی هێزەسیاسییەکان و بێدەنگیی نێودەوڵەتیی تیرۆرو کاولکاریی وکۆمەڵکوژیی زیاتر لەسەر گەلی کورد ئەنجام ئەدەن، لەدوای کارەساتی ٢٤/٤/١٩٧٤ گەلی کورد رووبەرووی چەندین کۆمەڵکوژیی بۆتەوە هەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالەوە تا دەگات بەکۆمەڵکوژکردن و بێسەروشوێنکردنی بەهەزاران ژن و منداڵی ئیزدی لەشانگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش هێرش و داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی وگرێسپی و تاڵانکردن و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی بەبەرچاوی دنیاوە نمونەی ئەوتاوانە دژبەمرۆڤایەتییانەن کەلەسەر گەلی کورد ئەنجام ئەدرێن، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە بە دەنگی بەرز هاواربکەین بابەسبێت داگیرکاریی وکۆمەڵکوژیی بابەسبێت ناکۆکیی و دووبەرەکیی و خۆخۆریی و وابەستەبوون بە داگیرکەران، سیاسەتی دیموکراتیی و پێکەوەبوون و بەهێزکردنی یەکیەتی نەتەوەییمان تاکە رێگایە بۆپاراستنی گەلەکەمان لە شەڕوکۆمەڵکوژییەکان، ئەرکی دەسەلاتدارانی حکومەتی هەرێمە ئاوڕێک لەوشارە بێناز و خۆڕاگرە بدەنەوەو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێبکەن و قەرەبوو زیانلێکەوتوانی بکەنەوە.
هەروەها ئەوشی وتووە: وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پەیمان ئەدەین بەردەوام بین لەتێکۆشان تابەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی و سەرفرازیی کوردستان و بنیاتنانی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەر و دیموکرات کە گەل تێیدا خاوەن سەروەریی و ئازدیی و خۆفەرمانی بێت.