کامیار سابیر
گەنجانی کوردستان، بۆ کوردستان بەجێ ئەهێڵن؟ تاوانبارانی سەرەکیی کێن؟
کوڕان و کوڕەزاکان و کوڕەزازاکانی بارزانیی، هەر یەکێکیان بگریت خاوەنی چەندیین میلیارد دۆلارن، لاتتریینیان خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارە، دوو شاریان( هەولێر و دهۆک) بە تەواویی داگییر کردووە و بە هاوکاریی ماڵی تاڵەبانیی، دەستیان بەسەر مەلەفی نەوتدا گرتووە و دزیی و فەرهود لە سامانی خەڵکی کوردستان ئەکەن.
کوڕانی ( تاڵەبانیی) و کچانی ئیبراهیم ئەحمەدیش خاوەنی چەندیین میلیارد دۆلارن و سلێمانییان زەوت کردووە، کوڕانی نەوشیروان و کۆسرەت و مەسئولە زۆرەکانی پارتیی، خاوەنی ئەو هەموو میلیارد دۆلار و سامانە زۆرەن کە بە زەبری شۆڕشگێڕییەتی میلیشیای پێشـمەرگە و خەباتی میلیشیایی شاخ پێکەوەیان ناوە.
گەنجی کوردیش، ئەوانەی چانسیان هەبێ و شتێ پارەیان هەبێت، رائەکەن لەو جەهەننەمی کوردایەتییە، لەو جەهەننەمی پڕ لە فڕوفیشاڵی سەربەخۆیی ئابووریی و یەکڕییزیی کوردیی و حەماقەتی ریفراندۆم….و تاد. گەنجانی کوردستان، پارەی پێڵاوکڕیین و جلوبەرگێکی باشیان نییە، زۆریینە بێکارن و لە نائومێدیی و بێ ئاسۆیی ژیاندا، تەپاوتلیانە بە دەم ئازاری بێ ژیانییەوە، وێڕای ئەوەی مەگەر بە خەون بییر لە زەواج بکەنەوە!
نیشتمانێک، ئەو هەموو سامانە سروشتییەی هەبێت، ئەو هەموو نەوت و غاز و داهاتە گومرکییە و ناوخۆییەی هەبێت، چۆن ئەبێت ئەو هەموو ناعەدالەتیی و برسییەتیی و هەژارییەی تێدا بێت؟ دەسەڵاتی چەتەکانی کوردایەتیی( بارزانیی، تاڵەبانیی و کوڕانی نەوشیروان) و هەموو ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی دەعمی ئەو چەتەگەرییە ئابوورییەیان کردووە، بۆ خۆیان بەهەشتێکیان ئەفراندووە و بۆ زۆریینەی خەڵکیش، جەهەننەمیان، چێکردووە!
تاوانباری سەرەکیی ئەم هەموو زەلیلکردنەی ئینسانی کورد، فەلسەفە بێ ماناکانی رێبازی بارزانیی و رێبازی مام جەلال و باوکی هەژاران و هەموو ئەو نوخبە و حیزب و مامۆستای زانکۆ و ژۆرناڵیست و ئۆپۆزیسیۆنانەن، لە ماوەی سیی ساڵی رابردوودا، خەریکی ماکیاژکردنی ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی دزەکانی کوردایەتیی و حکومەتی فاسیدی هەرێم، بوونە. هەروەها، تاوانباری تر، میلیشیای پێشـمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە کە پارێزەی ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی مورتەزیقە ئیقلیمییەکانی کوردایەتیین و تفەنگیان بۆ پاراستنی ئەم دز و مافیا و فاسیدانە، هەڵگرتووە.