بەمەستی کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهارە چووبوونە شاخ، بەڵام کرانە ئامانجی بۆردوومانەکانی تورکیا دوای ١١ رۆژ تەرمەکانیان دۆزرایەوە.
رێکخراوی سی پی تی راگەیاندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، عارف عومەری تەمەن ٥٠ ساڵ و ئەحمەد حەسەنی تەمەن ٣٥ ساڵ، کە دانیشتووی کۆمەڵگای سیرێ’ن لە شارەدێی شیلادزێ، لە ڕۆژی ٣ی نیساندا بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، ڕوودەکەنە چیای شرین لە گوندی ئەردێل.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەردوو هاوڵاتییە مەدەنییەکە لە زالکی ئەشکەوتێکی چیاکە دەبن کاتێک دەبنە ئامانجی بۆردوومانەکانی تورکیا و لەوێدا گیان لەدەستدەدەن.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، لەماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا، خانەوادە و کەسوکاری ئەم دوو هاوڵاتییە مەدەنییە بەدوای سۆراغ و هەواڵیانەوە بوون، تاوەکو سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی هەردوو هاوڵاتییەکە دۆزرایەوە.