هێرشەکانی تورکیا ئەنجامی ترسە بەرامبەر یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد

سارا رەزا بەرپرسی ژنانی تەڤگەر ئازادیی رایدەگەیەنێت “ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و شەرمەزاریی دەکەین، جەختیشدەکاتەوە: پێویستە لەم کاتەدا لایەنە سیاسییەکان یەکبگرن.

تورکیا ئامانجی قڕکردنی گەلی کوردە

سارا ڕەزا، بەرپرسی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و شەرمەزاری دەکەین، ئەمە یەکەم جار نییە دەوڵەتی تورکیا سنوری هەرێمی کوردستان و عێراق ببەزێنێت، لەم چەند ساڵەدا بە شێوەیەکی فراوان هاتووەتە ناوچەکانی کوردستانەوە، تورکیا دەیەوێت وەک ئەو هێزە کوردیەی، کە وابەستەی خۆیی کردووە، هێزەکانی تریش وا لێبکات تا داهاتی کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئەو هێزانەی بەرپەچی تورکیا دەدەنەوە دیارە هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرن، وەک دەزانین تورکیا گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاندووە و دواجاریش هێرشی کردە سەری بە بیانووی ئەوەی جموجوڵی پەکەکە لەم ناوچەیەدا هەیە، بەڵام ئامانجی دەوڵەتی تورکیا دیارە کە دەیەوێت گەلی کورد قڕ بکات و سەروەت و سامانەکەی ببات“.

 وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوایەتی ئەدا بە هێرشەکانی تورکیا

سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتی تورکیا ماوەی ١٠٠ ساڵە لە هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردایە و لە پاڵ ئەوەشدا هێزێکی تری بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکوم دەکات، کە ماوەی دەسەڵاتەکەی بەسەرچووە و بە ناوی وتەبێژەکەیەوە ڕەوایەتی دەدا بەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان، ئێمەش داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە سەروەری خاکی خۆی و کوردستان بپارێزێت، هیچ کاتێک هاوشێوەی ئێستا دوژمنی کورد بێهێز نەبووە و کورد بەهێز و خاوەن پرۆژە نەبووە، ئێستا کورد لە ناوخۆیدا نوێ بووەتەوە و بە پێشەنگایەتی ژنان شۆڕش دەکەن، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین یەک بگرن و بێنە لای یەک بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.

یەکێتی نەتەوەیی ترسە بۆ دوژمنانی کورد

سارا ڕەزا ڕوونی کردەوە، یەکێتی نەتەوەیی لەناو کوردا بووەتە جێگەی ترسی دەوڵەتی تورکیا و دوژمنانی کورد، چونکە ئەوان هەمیشە هەوڵیانداوە گەلی کورد پارچە پارچە بکەن، هەر کاتێک کورد لەگەڵ هێزێکدا دانیشتن بکات بۆ چارەسەری کێشەکان دوژمنان بەرپەچدانەوەیان دەبێت، سلێمانیش هەمیشە پێشەنگە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا، بۆیە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، لەم کاتەشدا جگە لە پارتی هەموو لایەنەکان بەیاننامەی خۆیان هەبوو، دەبێت هەموو کەسێک لە لای خۆیەوە هەڵوێستی هەبێت، چونکە تورکیا ئەمەکۆتا جاری نابێت کە هێرش دەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە کەسانی سیاسەتمەدار و چینی کەسانی ڕەنجکێش و بەتایبەتی ژنان هەڵوێستیان هەبێت بۆ یەک پارچەیی خاکی کوردستان، لە کاتێکی وەکو ئێستادا کە بەرەو کۆتایهاتن بە پەیمانی لۆزان و کۆتایی دەسەڵاتی ئەکەپە و مەهەپە دەڕۆین، چونکە هۆکارێکی تری هێرشەکانی تورکیا بۆسەر شاری سلێمانی نزمیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانە، ئەو هەڵبژاردنەش یەکلاکەرەوەی چارەنووسی گەلی کوردە و چاوەڕێی سەرکەوتنین.

قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر مەترسیدایە

سارا ڕەزا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا ئەگەر هەڵوێستێکی جدیان هەبووایە، ئەوا دەوڵەتی تورکیا و ئێرانیش نەیدەتوانی هێرش بکات، جێگەی داخە دوای ٣١ ساڵ لە حکومڕانی و ئابووری سەربەخۆ سامانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت، بۆیە ئەگەر لایەنەکان یەک نەگرن و نەیەنە لای یەک ئەوا قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دەکەوێتە ژیر مەترسیەوە.

 

سەرچاوە: https://jinhaagency.com/so/syast/jv-36321

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *