هەرێم کەمال ئاغا: ناتەبایی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە نەک شتی تر

هەرێم کەمال ئاغا رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوریی و قەوارەیەکی سەربەخۆیە، یاسای بودجە کە بۆ ساڵێک یان چەند ساڵێکە، کاریگەریی لەسەر پێگە دەستورییەکەی نابێت؛ بەڵکو ناتەبایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پارلمانی عێراق هەرێم کەمال ئاغا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند”کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەریی وایکرد یەکێتیی هەڵوێستی هەبێت و هیچ هەوڵێک بۆ لەتکردنی هەرێم لە ئارادا نییە، ناتەبایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە نەک شتی تر، هیچ یاسایەکیش ناتوانێت کاریگەریی لەسەر پێگەی هەرێم دروست بکات.”

ئەوشی رونکردەوە”بۆیە ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاسای بودجە کە باس لە پێدانی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەک دەکات، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەر گازندەی هەبێت، بڕگەیەکی ئاساییە و کاریگەریی نابێت.”

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی بە “خیانەت”کردن تۆمەتبار دەکات، بەو پێیەی تەنها ئەندامەکەی یەکێتی لە لیژنەی دارایی دەنگی بە پرۆژە یاسای بودجە داوە، لەکاتێکدا ئەندامانی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەکە کشاونەتەوە.

هەرێم کەمال ئاغا لەو بارەیەوە، دەڵێت “وەڵامی ئەم شتانە نادەینەوە و ئێمەش قسەمان لەسەر 16 ی ئۆکتۆبەر زۆرە، ئەمەی کراوە نە خیانەتە و نە هیچ، خیانەت خواردنی ماڵی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دۆسیەی نەوتە.”

لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق و مادەی 14 دا کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی هەرێم، حکومەتی عێراق پابەندکراوە بە خەرجکردنی شایستەی دارایی بۆ هەر پارێزگایەکی هەرێم، گەر گازەندەی هەبوو لە نایەکسانی لەدابەشکردنی داهاتدا، ئەمەش گومانی لای پارتی دروستکردووە بەوەی دەستی یەکێتیی لە پشت ئەم بڕگەیەوە بێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی وتی “گەر ستەم لە دهۆکیش بکرێت ئەم بڕگەیە دەیگرێتەوە و دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کەواتە بڕگەکە تایبەت نییە بە سلێمانی، ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکیی بوو، مادام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دانیشتوون و لێکتێگەیشتن دروستبووە، ئەم بڕگەیە هیچ کاریگەریی نابێت.”

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پارلمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تێبینییان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق هەیە و تەنها دوو بابەت پێشنیاری ئەوان بووە، بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و بابەتی دادپەروەریی لە نێوان پارێزگاکان، تا گەرەنتی هەبێت پارێزگایەک هەست بە ماف خوراوی نەکات.

ئەوەشی وت”ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەم مادەیە هەیە، چۆن داوای 400 هەزار بەرمیل لە نەوت بکرێت و لەولاشەوە دەرهێنانی نەوتی لە بیرە نەوتییەکان لێ قەدەغە بکرێت، دەکرێ ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.”

هێمای بۆ ئەوەشکرد”بەهۆی بایکۆتکردنی تیمی یەکێتیی لە حکومەت، تیمی پارتی گفتووگۆیان لەگەڵ عێراق کردووە و ئەوان بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم مادانە بدەین.”

ئەوەشی خستەڕوو”فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بابەتی دەستورین، بەڵام ئەو لیوا کوردانەی پۆلیسی سنور کە سەر بە عێراقن و ناوچە سنورییەکان دەپارێزن کوردن.”

هەرێم کەمال ئاغا جەختیشیکردەوە جگە لە پاشەکەوتی موچە و دادپەروەریی نێوان پارێزگاکان، تێبینییان لەسەر مادەکانی تری پرۆژە یاسای بودجە هەیە و پێشنیاریان بۆ هەموارکردنەوەی پێشکەشکردووە.

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …