ئەو كاتەی، نەتەوە و ژینگەی نیشتمانێك بەر شاڵاوەكانی جینۆساید دەكەوێت

 

ئا: ساکار عەبدوڵا

بەڵگە  و ئامارەکان جەخت لەوە ئەکەنەوە، ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە رووبەرووی بێرحمانەترین دۆخ کراوەتەوە، بە ملیۆنان دۆنم لە درەخت و باخ و پوشی لەوەرگاکان و زەوی کشتوکاڵیی بڕدراونەتەوە و سوتێندران و لە ناوبراون، لە هەمووشی ترسناکتر چەکی کیمیایی و بۆمی ئەتومیی تاکتیکیی نراوە بە سییەکانی ژینگەی ئەم نیشتمانەوە.

جینۆسایدی دارستانەکان:

چاودێرانی ئابووریی لە هەرێمی کوردستان ھەڵسەنگاندیان بۆ زیانی بڕینەوەی دارەکانی ھەرێمی کوردستان کردوە و ئاماژە بەوە ئەوکەن، سوپای دەوڵەتی تورکیا رۆژانە ١٠٠ ھەزار دۆلار لە بڕین و فرۆشتنی داری چیاکانی کوردستان بە دەست دەهێنێت و دژی گەلی کورد و ژینگەکەی بە کاری ئەهێنێتەوە.

عەبدولڕەزاق خەیلانیی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان باس لە کاریگەریی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران ئەکات لەسەر ژینگەی باشووری کوردستان و رایگەیاندوە: هەموو رۆژێک لە سەر سنوورەکان تۆپباران و شەڕە، هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دارەکان لەسەر سنوور دەبڕنەوە یان تۆپبارانی دەکەن و دەیسووتێنن، ئەوەش کاریگەریی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی. لە ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠١٩ بەنزیکەیی ١٠٠ ملیۆن دۆنم دارستان لە باشووری کوردستان بەهۆی هێرش و تۆپبارانی دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە سووتاوه.

ملکۆ بازیانیی، سەرۆکی پارتیی سەوزی کوردستان، جەخت لەوە ئەکاتەوە: لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دەوڵەتی تورک لە رێگای کۆمپانیای جەنگیزەوە، زیاتر لە سێ ملیۆن داری بەتەمەنیان لە بادینان بڕیوەتەوە و ژینگەی ناوچەکەیان بەتەواویی شێواندووە، ئاژەڵ و باڵندەکان رووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە و  زۆرینەیان کۆچ-یانکردووە.

شیمال ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی ژینگەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک ئەوە دەڵێت، لە ساڵی 2012وە تاوەکو 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆک 6766 دۆنم دارستان لەنێوچوون و دارەکانیش لە جۆری سنەوبەر و دار بەڕوو و داری قەزوان بوون.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی:

دەوڵەتی تورکیا هەر ئەوە نەبێت دارستانەکانی ئەبڕێتەوە، بەڵکو چەکی قەدەغەکراوی جۆراوجۆی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی، دژی گەریلا و ژینگەی هەرێمی کوردستان بەکار ئەهێنێت و ئەمەش کاریگەری مەترسییدار لەسەر ژینگەی هەوا و خاک و ئاو زیندەوەران و مرۆڤ جێئەهێڵێت.

بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوە راستییە ئاشکرا ئەکەن، فەرماندەیی هێزە وشکانییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی گشتیی تورکیا لە ٢٥ی شوباتی ١٩٨٦دا فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر گەریلاکانی کوردستان دەرکردووە، ئەو بەڵگەیە لە ٢٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لەلایەن  گۆڤاری “ئیکیبینە دۆگرۆ” بڵاوکرایەوە، کە واژۆی گەورە جەراڵ نەجدەت ئۆزتۆسونی لەسەر بوو.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەرامبەر گەریلاکانی کوردستان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩ کە دژی گەریلاکانی کوردستان و ژینگەی چیای جودیی بەکاری هێنا.

هێزەکانی پاراستنی گەل  کە بە هەپەگە ناسراوە رایگەیاندوە، لە حەوت  مانگی شەڕی ساڵی ٢٠٢٢ دەوڵەتی تورک دوو هەزار و ٨٣٧ جار چەکی کیمیایی و بۆمی قەدەغە کراوی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دژی گەریلا بەکار هێناوە.

هێرشەکان بۆسەر ژینگەی هەرێم:

لە هەر شوێنێک هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام ئەدرێت، بێگومان ژینگە لایەنی یەکەمە کە زیان و وێرانکاریی بەرئەکەوێت.

یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە ٢٥ ئایاری ١٩٨٣ بەبەشداریی حەوت هەزار سەربازی ئەو وڵاتە دەستیپێکردو لەژێرناوی (ئۆپەراسیۆنی چاودێریکردنی گەرم)، لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر سنوری هەرێمی کوردستانی عێراق-یان بەزاند، یەکەم ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تورکیاش لە ١٢ی ئابی ١٩٨٦ ئەنجامدرا، تیایدا سوپای ئەو وڵاتە بەو ئۆپەراسیۆنە ژینگەی هەرێمی کوردستانی لە رووی هەواو خاک و ئاوەوە پیس کرد و زیانی بە دار و درەختیش گەیاندوە، بەڵام وەردەکاریی و ئاماری ئەمە لەبەردەستدا نییە.

لە روداوەکانی ساڵانی ۱۹۸٨تا۱۹۹۱، سوپای تورکیا سودی لەبۆشایی ئەمنیی سەر سنورەکان وەرگرت و جارێکی دیکە دەستیکردەوە بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.  تورکیا لەساڵی ١٩٩٢-١٩٩٤ بەردەوام بو لە لەشکرکێشیی و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی داگیرکاریی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و وێران کردنی ژینگەکەی. سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوری ٢٨ی کانونی دوەمی ١٩٩٤ دژی کامپی زەڵێ لە هەرێمی کورستان، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی شەهیدو برینداربون و جگە لەو زیانانەی بەژینگەی هەرێم گەیشتن. هەروەها لەئازاری ١٩٩٥ ئۆپەراسیۆن (چەلیک-ئاسن)ی بەبەشداریی ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم ئەنجامداو نزیکەی ٤٥ رۆژ بەردەوامبوو لە وێرانکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.

وێرانکارییەکان ژینگەی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوام بوون، دەوڵەتی تورکیا، لە کانوونی دووەمی ساڵی  ١٩٩٦ تورکیا بەلیوایەکەوە هاتە نێو خاکی هەرێم و بەرەسمی دەستیکرد بەدروستکردنی بنکەی سەربازیی و خۆجێگیرکردن لەناو قوڵای خاکی هەرێمی کوردستاندا. دواتر پشت بەست بە بونی سەربازییان لەناو هەرێمدا لەساڵی ١٩٩٧ ئۆپەراسیۆنی (چەکوش)یان ئەنجامدا، دواتر لەساڵی ١٩٩٨-٢٠٠٠ ئۆپەراسیۆنەکانی (چەکیچی و مورادو سەندویچ)ی بەدوادا هات. لەگەڵ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکیشدا تورکیا زیاتر خۆی خزاندوەتە خاکی هەرێم و ژمارەی سەربازو بنکەکانی لەسەر بڕینەوەی داری دارستانەکان و تێکدان شاخ و گردۆڵکەکان و سەرچاوەکانی ئاودا زیاتر کردوە، ئەمەش لەسەر حیسابی تێکدانی ژینگەی هەرێمی کوردستان.

ماوەی ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٧، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور راگیران، بەڵام  لە ٣ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٧ و لە سەردەمی فەرمانرەوای پارتی دادو گەشەپیدان (ئاکپارتی)دا دوبارە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان بەهاکاریی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمەریکی دەستیانپێکردەوە. دواتر لە١ ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٧ تا ١ی کانونی ٢٠٠٨ تورکیا هێرش و ئپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەی خواکورک و هەرێمی زاپ لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدا،  سوپای ئەو وڵاتە لە ٢٠١١ هێرشەکانی بە فڕۆکە بەردەوامیی پێدا. لە ساڵی ٢٠١٢ لە چوارچێوەی دەستپێکی پرۆسەی ئاشتییدا پەلامارو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تارادەیەک خاوبونەوە و گەریلاکانی هێزەکانی پارستنی گەلیش ئاگربەستی راگەیاند، تاڕادەیەک زیانەکان بە ژینگەی هەرێمی کوردستان کەم بوونەوە.

لە٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ تورکیا دەستیکردەوە بەهێرشی ئاسمانیی و هەرێمەکانی(قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرەو گارە)ی لە هەرێمی کوردستان بە ٥٠ فڕۆکە بۆردومانکرد. ئەم هێرشە هاوکات بو لە هێرش و پاکتاوی سیاسیی لە کوردستانی باکوور لەو ساڵەدا.

تورکیا لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧دا لە ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگەوە، دەستی کردەوە بەهێرشکردن بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و بە کۆپتەر ژمارەیەکى زۆر سەربازی لە ناوچەکانى (گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ) دابەزاندو بە قوڵایی زیاتر لە سەدان کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی هەرێمەوەو لەناوچەی (لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنی تر) بنکەى نوێی سەربازیی دروستکرد لەسەر حسابی ژینگەی ئەو هەرێمانە. تورکیا بەردەوامبو لەئۆپەراسیۆنەکانی لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنی(پەنجە)ی بەهاوکاری فرۆکە جەنگیەکانی دەستپێکردەوە.

هەروەها لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، تورکیا ٣٩٨ جار هێرشی ئاسمانیی و بۆردومان و ٤٢٥ جاریش بە تۆپخانەکانی هێرشی کردوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ٢٨٨ گوند لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.  لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ هێرشەکانی تورکیا لە ئاسمان و زەمینەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون.

لیژنەی پێشمەرگە  و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٠ راپۆرتێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هێرش و سنوربەزاندنەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بە پێی راپۆرتەکە سوپای تورکیا تەنها لە قەزای زاخۆ، بەدرێژایی (400) کیلۆمەتر و قوڵایی (15) کیلۆمەتر هاتونەتە ناو سنوری ئەو قەزایەوە و تەنها لە رۆژی پێنجی حوزەیران نزیکەی (669) تۆپ و (70) موشەک و ئاڕاستەی گوندەکانی زاخۆ کراون.هەر بەپێی راپۆرتەکە؛ پێشتر لەو سنورە تەنها چوار بارەگای هێزەکانی تور کیا لەو هەبون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا (18) بارەگای دیکە بونیان هەیە.

هاوکات هەر بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، لە قەزای ئامێدی لە کۆی (348) گوند (198) گوند چۆڵکراون، تا ئێستا لە سنوری قەزای ئامێدی (28) شەهید و چوار بریندار هەبوە، ناحیەی چەمانکێ کە دەکەوێتە بەرواری ژیری لای چیای گارە  نزیکەی (100) کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا دورە (72) گوندی هەیە، (80%) گوندەکان چۆڵن. لیژنە ناحیەی کانی ماسێ بەرواری باڵا نزیکەی (17) بنکەی لەشکری تورکیا لەناو خاکی کوردستان دانراوە، لە ناحیەی شێلادزی لە کۆی (92) گوند نزیکەی (٨٥)گوند چۆڵکراون، لە ناحیەی دێرەلوک لە کۆی (56) گوندو کۆمەڵگە تەنیا (14) گوند و دو کۆمەڵگە خەڵک تێدا نیشتەجێن. ناحیەی دینارتە، لە قەزای ئاکرێ، زیانێکی زۆری بەرکەوتوە لە چوارچێوەی هێرشەکانی تورکیا، لە کۆی 91 گوند نزیکەی 24 گوند چۆڵکراون.

هەروەها سەبارەت بە سنوری پارێزگای هەولێر، لە ناحیەی مێرگەسور (55) گوند چۆڵکراون، لە چۆمان (15) گوند، لە ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران (104) گوند چۆڵکراون، سەرەڕای سوتانی پوش و پاوەن و رەزو و باخ و لەناوچونی هەزاران مەڕ و ماڵات لەوەڕگەیەکی زۆر لە تەواوی گوندو دەڤەرەکان، کەزیانەکانی بەدەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت، بەگوێرەی راپۆرتی یەکە ئیدارییەکان.

لەئەنجامی بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیاو ئێران بۆ ناوچە سنورییەکان، ژمارەی قوربانیانی لەریزی هاوڵاتیانی سڤیل و گوندنشینانی ئەو ناوچانە لەبەرزبونەوەدایە.

تیمى عێراقى رێکخراوى (سى پى تى) دەربارەی ئاسەواری هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لە٢٣ی تەمموزی٢٠٢٠   رایانگەیاند:”لەساتەوەختی راگەیاندنی هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگدا، زیاتر لە شەش هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و چوار هاوڵاتیش برینداربون، جگە لە سوتانى  چەندین رەز و باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هاوڵاتیان.”

رێکخراوەکە ئاشکراشی کردوە لە مانگی ئابی ساڵی (2015)ەوە، تا ٢٠٢٠ فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بونەتە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە (85)ی هاوڵاتی مەدەنی و بریندارکردنی زیاتر لە (95) هاوڵاتی دیکە مەدەنى.

لە ماوه‌ی شه‌ش مانگی یەکەمی ‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 دا 137 هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی كراوه‌تە سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، 135 هێرشیان لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوەو 85 جار لە ئاسمانەوە بوە، 50 جار لە رێگەی تۆپهاوێژەکانەوە بوە، 2 هێرشیشیان لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە”.

رۆژی ٧ی ئاب ٢٠٢٠ فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، لەدوکاتی جیاوازدا شاخی بالۆسیان لەقەزای ماوەت بۆردومانکردو لەهێرشەکەدا زیانێکی زۆر بەر رەز و باخى هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە کەوت، کەبە نزیکەی 100 دۆنم پوش و پاوان و رەزو باخ مەزەندە دەکرێت.

کامەران عوسمان لە تیمى عێراقیی رێکخراوى (سى پى تى نێودەوڵەتیی)، رایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٠٧ – ٢٠٢٢ یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردمانەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران-ەوە سوتان و لەناوچوون.

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی (سی پی تی باسی)، باسی  لە لەناوچونی ئاژەڵی کێوی کردوو وتی: ئەو ئامارەی کە لە بەردەستی ئێمەدایە لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٢  ٢٥٠٠ ئاژەڵی کێویی لە ناوچوون، لە مانگی هەشتی ٢٠١٥ تا ١/١/٢٠٢٢ تورکیا چوار هەزار هێرشی کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان ئەمەش لە رێگەی توپباران و بۆردومانی ئاسمانیی فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە.

تۆپباران و هێرشی ئاسمانیی ئێران:

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ١٠ جار خاکی هەرێمی کوردستانیان تۆپباران کرد و دوو جاریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان، لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج. تۆپبارانانەکان زیانی گیانییان نەبووە و تەنیا زیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە و ئاو و خاک و هەوایان پیس کردوە. هەروەها ساڵی ٢٠٢٢ کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان جار سنورەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران و موشەکباران کردوە، جگەلەوە چەند جارێکیش لەناوی خاکی هەرێمی کوردستاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک هێرشکی کردوەتە سەر بارەگای حیزبە کوردییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیی و هەولێر.

 

سەرچاوەکان:

  1. https://anfsorani.com/
  2. https://rojnews.news/
  3. https://xwebun1.org/bilancoya-sere-7-mehan-hat-askerakirin/?fbclid=IwAR0v8M3tI27y1HVj4p4aS4s1uya9XgxxVqVQMdrdxtn3sBBncOnloziPmtc
  4. https://www.peyserpress.com/detail/6154
  5. https://www.dangnews.krd/details/3075/12/22/05/2021/
  6. رادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکا.
  7. چەند سەرچاوەیەکی تر.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی پرسەو سەرەخۆشیی ئاڕاستەی بنەماڵەی حەکیم لوقمان دەکات

‎پرسەو سەرەخۆشیی ‎بۆ بنەماڵەی بەڕێزی  شەھید حەکیم لوقمان، لەشارۆچکەی کەلەکچی سەر بەپارێزگای دھۆک. بەھەستێکی قوڵەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *