١٣یەمین ساڵیادی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو سۆرانی مامە حەمە لە سلێمانی کرایەوە بە ئامادەبوونی چالاکوانان و نوسەران و بەشێک لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕۆژنامەنووسان.
ئێوارەی دوێنێ یەک شەممە٢٥/٧/٢٠٢١ بە مەراسیمێکی شایستە لە شاری سلێمانی یادی ١٣یەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی رۆژنامەنووسی شەهید سۆرانی مامە حەمە و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم دەستیپێکرد.
دواتر ئەحمەد میرە سەرنوسەری ماڵپەڕی لڤین، وتارێکی پێشکەشکردوو ئاماژەی بەوەکرد، کە پاش ١٣ساڵ لە تیرۆرکردنی کەچی هێشتاش دۆسیەی سۆرانی مامە حەمە وەک خۆیەتی
وتیشی: ئێستا دۆخەکە لەو دەمە خراپترە، کە سۆرانی مامە حەمەی تێدا شەهیدکرا، ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو دواوە هەنگاو دەنێین.
پاشانیش جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆنامەنووسانی کوردستان ئەنوەر حسێن، وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد، کە دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان، تا ئێستا نەتواندراوە بکوژانی هیچ یەک لەو ڕۆژنامەنووسانە بدۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا : کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە، لەپێناو ئازادیی و دادپەروەریی میدیا و ڕاگەیاندن، تێکۆشانیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە ژینگەی میدیا لە ئێستادا لە فەوزایەکی بەربڵاودایە و ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت وەک ئاماژەشی پێدا، ڕەنگە کارەسات و لێکترازانی زۆر دروستبکات.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا ١٢یەمین خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە، درابە ئەیهان سەعید برای (شڤان سەعید) چالاکوانی دەستگیرکراوی بادینان، وەکو ڕێزێک بۆ سەرجەم ئازادییخواز و ڕۆژنامەنووسانی زیندانییکراوانی بادینان.