موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل -نەپەگە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و هەفتەی قارەمانی لە گەریلا تیڤی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رەخنەی لەبەرپرسانی باشووری کوردستان گرت.
موراد قەرەیلان، لە بەشێكی پەیامەكەیدا ئاماژەی بە ڕووداوی كەوتنەخوارەوە هێلیكۆپتەر لە ناوچەی بادینانی دهۆك كردووە، كە تێیدا نۆ شەڕڤانی سەر بە هێزەكانی قەسەدە شەهیدبوون و ڕایگەیاند، لە ١٥ ئادار دا، لە ناوچەی بادینانی دهۆك ڕووداوێكی هێلیكۆپتەر ڕوویدا، ڕاگەیەندرا، كە بە فەرماندەیی شەڕڤان، نۆ ئەندامی قەسەدە كە ئەندامی هێزەكانی دژە تیرۆر (یات) بوون، شەهید بوون، بە گوێرەی زانیارییەكانمان ئەو نۆ شەڕڤانە ئەندامی دژە تیرۆر بوون و لە شەڕی دژی داعش دا جێگەی دەستیان دیار بوو، هەندێك گەنجیش كە پەروەردەیان بینیبوو، ببوون بە فڕۆكەوان.
قەرەیلان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئێمە دەزانین، كە لە سەردەمی شێخ مەحموود بەرزنجیەوە تاوەكوو ئێستا هێزە داگیركەرەكان، بە فڕۆكە گەلەكەمان بۆردومان دەكەن و بە فڕۆكە لە دژمان هێرش ئەنجام دەدەن، هیچ ئامێرێكی بەو شێوەیەن لە دەستی گەلەكەمان دا نییە، بەڵام دیارە، كە ئێستا ژمارەیەك گەنجی كورد فێری فڕۆكەوانی بوون و ئامێری فڕین بە كار دەهێنن، ئەمە جێی خۆشحاڵییە.
فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە لە درێژەی پەیامەكەیدا وتیشی: ئێمە شەهیدبوونی ئەو فەرماندە و شەڕڤانانە بە زیانێكی گەورە دەبینین، وەك زیانێك بۆ هەموو كوردان دەبینین، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی فەرماندەیی قەسەدە، خانەوادەی شەهیدان، گەلی ڕۆژئاوا و باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكەین، ئەم ڕووداوە پەژارەیەكی زۆرە بۆ هەموومان.
قەرەیلان ئاماژە بە هەڵوێستی بەشێك لە بەرپرسانی باشووری كوردستان لەبارەی ڕووداوەكە كرد و وتی: ژمارەیەك بەرپرسی باشووری كوردستان كاتێك باسی ئەم ڕووداوە دەكەن بە زمانێكی بێ ڕێزی، كە هیچ خەمگینییەكی پێوە دیار نییە قسە دەكەن، كێشە ناوخۆییەكانی كورد هەر چییەكیش بێت، نابێت هەڵوێستێكی لەمجۆرە بە تایبەتی بۆ ڕووداوە بەئازار و ناخۆشەكان هەبێت، دژایەتی دەبێت بەڵام ئەم جۆرە دوژمنایەتییە جێگەی سەر سووڕمانە، ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە ڕاستی نابینین، هەر كوردێك بە شەهیدبوونی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان ئازار نەچێشێت، گومان لە كورد بوونی دەكرێت، ئەمە زیانێكە كە لە هەموو گەلی كورد كەوتووە، ئەو مرۆڤانە پەروەردە كراون و خۆیان لە شەڕی دژ بە داعشدا سەلماند، لەكاتی دەرچوونیان ڕووبەرووی باران و زریان دەبنەوە، ڕێگەكەیان لێ تێكدەچێت و بەم شێوەیە ڕووداوەكە ڕوودەدات، ئەمە جێگەی پەژارەیە، پێویستە بە شێوەیەكی ئەخلاقی و مرۆیی هەڵوێست نیشان بدەین و خەم و پەژارەی خۆمان دەرببڕین.
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا وتی: “هیوادارین ئەمڕۆ لەم سەردەمە گرنگەدا، هەموو تاكێكی كورد پێداگیری لەسەر ڕزگاری و ئازادی گەلی كورد بكات و ڕۆحی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری بەهێز بكات و پەرە بە ڕۆحی یەكێتی نەتەوەیی بدات و لەسەر ئەم بنەمایەش رۆحی سەرجەم شەهیدانی هەر چوار پارچەی كوردستان شاد بكەین و كوردستانێكی ئازاد بنیات بنێین، ئەوەی لە ئێمە داوا دەكرێت، ئەمەیە.