لە ساڵڕۆژی گەلە کۆمە نێودەوڵەتیەکەی دژ بە ئۆجالان

لای من ئۆجالان پێش ئەوەی دامەزرێنەرو سەرکردەی حیزبێکی سیاسیی بێت، زیاتر بیر مەندێکە، ئۆجالان جیا لە مرۆڤە ئایدۆلۆجیستەکان هات کلتورو شێوازێکی تری نوسینی پیادە کرد لە داڕشتنی تێزەکانیدا.

وێڕای ئەوەی لە ناو حیزبێکی سیاسیدا بوو. بەشێک لەو پەرتوکانەی ئۆجالان تا ئێستە خوێندومنەتەوە، سێبەری ئایدۆلۆجیای پەکەکە نابینی و لە دەرەوەی ئەو نەزمە ئایدۆلۆجیە پەیامەکانی خۆی گەیاندوە، یەکێک لە تایبەتمەندی نوسینەکانی ئۆجالان ئیشکردنیەتی لە ناو مێژوودا ، پێی وایە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان قوڵ بونەوەیە بە ناو ڕەگی مێژودا، تا باشتر سروشتی شتەکان و پێکهاتەکەیان بناسین ئینجا بیان خەینە ژێر شرۆڤەی ئێستاوە، لەو ڕوانگەیەوە چارەسەری گونجاو بدۆزینەوە. لە کتێبی ( لەدەوڵەتی ڕاهیبی و سۆمەرەوە بەرەو شارستانێتی دیموکراتی) و ( مانیفستۆی شارستانێکی دیموکراتی ) کە کۆی بەرگرینامەکانیەتی ئەمە بە ڕوونی دەبینرێت.

ئامانج و ئیش کردنی ئۆجالان بە پێی تێزەکانی بێت ئیش کردنە بۆ فەراهەم کردنی ئازادی تاک وە پەروەردەی باڵا بۆ تاکەکانی نێو کۆمەڵگەدا لە کتێبی ( عەشقی کورد) دا، ئەوە بە جوانی دیارە کە دەیەوێ مرۆڤێک بەرهەم بێت لێوان لێو بێت لە هۆشیاری و ئیرادەیەکی بەهێزو تێگەیشتنێکی قوڵ، کاتێک ئەو کتێبەم خوێندەوە، هێندە داواکاریەکانی ئاپۆ بۆ مرۆڤ سازی زۆر بوون، لە مێشکی خۆمدا شوبهاندم، بە و (مرۆڤی باڵا) یەی کە(فێردریک نیچە) داوای دەکات. ئۆجالان بۆ دەوڵەت داریش پەیامی ڕوونە کەداوی حوکمڕانی دیموکراتی و سیستەمی سۆسیالیزم دەکات هەڵبەت سۆسیالیزمێکی کوردانە، نەک شێوە و وێنە گشتیەکەی سۆسیالیزم.

“ئۆجالان و ئیسلام”

زۆرێک لە خەڵکی ئاسای و خەڵکانی ناو حیزبە ئیسلامیەکان، چون خۆیان بیر کردنەوەیان لەژێر هەژمونی ئایدۆلۆژیدایە، بەبێ خوێندنەوەی کتێبەکانی ناو براو و تێگەیشتن لێیان، بینیومە تەخوینی ئەو پیاوە کراوە بە مولحید و کافرو بێ دین، چون مەعریفەکەیان مەعریفەیەکی فەیکە و تەنها لە تیڤی و ئەم وتی و لەوێ بیستم ئاوا بڕیار لەسەر شتەکان دەدەن، لە هەردوو کتێبی(ئیسلام و نیشتیمان پەروەری) و (تێڕوانینی شۆڕش گێڕانە بۆ پرسی ئاین) ئاپۆ زۆر بە جوانی باس لە مێژوی سەر هەڵدانی ئاینەکان دەکات، نەک کە سوکایەتی بە ئیسلام ناکات، بەڵکو وەسفێکی گەورەی ئیسلام دەکات بە جوانترین و باشترین شۆڕش وەسفی دەکات لە نیوە دورگەی عەرەبدا، وە کاراکتەری (محمد) وەک پەیامبەری ئیسلام(د.خ) بە کەسێکی گەورەو گرنگ وەسف دەکات، ئەو ڕەخنە لە مێژوی ئیسلام دەگرێت دوای ململانێی نێوان (علی) و (مەعاویە)، وە باس لە عەلی دەکات وەک نوێنەرایەتی ئیسلامی ڕاستە قینە کە بەداخەوە مەعاویە توانی زاڵ بێت بەسەریدا، لەو کاتەوە ئیسلامی ڕاستەقینە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، وە ئیسلامی سیاسی دروست بوو، کە هەموو هەڵپەکەی گرتنەدەستی دەستەڵاتە، کە دەیەوێت بە ناوی ئیسلامەوە، ئەو ئامانجە دنیای و مادیەی هەیەتی لەو ڕێگەیەو لە ژێر ئەو پەردەیەدا مسۆگەری بکات.

“ئۆجالان و ژن”

یەکێک لەو کایە گرنگانەی ئۆجالان ئیشی تێدا کردوە کایەی تێگەیشتنە لە ژن و سروشت و پێکهاتەکەی، زۆر لای گرنگە کە ژن ئازاد بێت پێی وایە گەر ژن ئازاد نەبێت ناتوانێت منداڵێکی تەندوست و ئازاد بەرهەم بهێنێت، بۆیە ئۆجالان بە داهێنەری چەمکی(ژنۆلۆژی) دادەنرێت، کە ناو نیشانی یەکێک لە کتێبەکانیەتی کە باس لە سروشتی ژن و وەبەشداری کردنی لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا دەکـات. وەلەکتێبی(ڕێبەرایەتی پەکەکە ڕێبەرایەتی ژنی ئازادە) باس لە پێگەی ژن دەکات لە ناو کۆمەڵگادا و لە ناو ڕێکخراوەکەیاندا وە دیسان بە قوڵبونەوەی لە ناو مێژودا تێزەکانی داڕشتووە دەربارەی مێژوی ژن کە لە سەردەمە کۆنەکاندا ژن خوداوەند بووە، دواتر پیاو بە فێڵبازی ئەو پێگەیەی لێ زەوت کردوەو بەو شێوەیە کۆمەڵگای پیاو سالاری سەری هەڵداوە.

“ئۆجالان چۆن دەستگیر کرا؟”

پاش ئەوەی ئۆجالان بۆ ماوەیەکی زۆر لە سوریا(دۆڵی بیقاع) خەریکی ڕاهێنانی فیکری و سەربازی دەبێت بە کادرو لایەنگرەکانی، تورکیا داوا لە سوریا دەکات کە دەریبکات لەو وڵاتەکەی سوریاش ناچار دەبێت پەیامی بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دەرچێت لە وڵاتەکەی، پاش ئەوەی لەوڵاتی یۆنان بەڵێنی مانەوەو پاراستنی ئەدرێتێ بەڵام لەوێش پێی ڕادەگەیەنن کە ئەبێت ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت، ناچار بە فڕۆکە ڕوودەکاتە ئەڵمانیا و هۆڵنداو ڕوسیا هیچ یەک لەو وڵاتانە ئامادە نەبون مافی پەناهەندەی سیاسی پێ بدەن، لە کۆتایدا بە ناچاری ڕودەکاتە (نایرۆبی) پایتەختی (کینیا) لــــــە ڕێکەوتی (۱٥شوباتی۱۹۹۹) بە پلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیر دەکرێت و ڕادەستی تورکیا دەکرێت و لە دورگەی ئیمراڵی گۆشەگیر دەکرێت.

ئۆجالان بۆ ڕووی نەکردە شاخ؟

پرسیار لە ئۆجالان دەکرێت ئەوکاتەی کە سوریا ناچاری کردی لەوڵاتەکەی بچیتە دەرەوە بۆ ڕووی نەکردەوە شاخەکانی کوردستان، بەرەو ئەوروپا ڕۆشتی لەوەڵامدا دەڵێت: ڕوو کردنە شاخەکانی کوردستان بەواتای کردنەوەی دەرگای شەڕێکی گەورەبوو بەڕووی گوند و شارو شارۆچکەو لادێکانی کوردستان، من بۆ پاراستنی کورد ئەوەم کرد، بەدیلی ئەوروپام هەڵبژارد بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە، بەڵام بەداخەوە وادەر نەچوو.

“ئۆجالان و سیستەمی سەرمایەداری”

ئەوەی کتێبەکانی ئۆجالانی خوێندبێتەوە، دەزانێ کە کەسێکە زۆر دژی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە، وە باوەڕی بە سیستمی سۆسیالیزم و ئیشتراکیەت هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا، کتێبێکی هەیە بە ناونیشانی (سوربون لەسەر سۆشیالیزم سور بون لەسەر مرۆڤ بوون) لەو کتێبەدا شیکردنەوەیەکی چڕو پڕی کردوە دەربارەی سیستمی شۆسیالیزم وە پێی وایە سەرمایەداری ئابوری نیە بەڵکو دوژمنی سەر سەختی ئابوریە، وە ڕەخنەی زۆر لە سیستمی سەرمایەداری جیهانی ئەگرێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پێشڕەون لە جێبەجی کردنی ئەوسیستمە لە  جیهاندا، وە پێی وایە سەرمایەداری جۆرێکە لە دەستەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی دەستەڵات لە جیهاندا، وە لەناو وڵاتە سەرمایەدارەکان ئەمریکا بە نمونە دێنێتەوە، وە پێشی وایە ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتیەی کە کرایە سەری هەر بە هۆی هەڵوێستەکانیەوە بوە دژ بە سیستمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری جیهانی.

لە کۆتایدا هیوادارم تاکی کورد بە دور بێت لە خۆش ویستن و تەقدیس کردنی هەر سەرکردەیەک تەنها لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە، با خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆجیانەمان هەبێت بۆ کەسایەتیەکان، ئایدیاو بیرکردنەوەو تێکستەکانیان بە وردی و قوڵی بخوێنینەوە ئینجا داوەری بکەین لە بارەیانەوە، چ وەک لایەنگیری چ وەک دژایەتی.

چۆمان کەمال

۱٥ شوباتی ۲۰۲۲

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *