پێكهێنانی ئەنجوومەنی پێكهاتەكان؛ لەدەستوری بنەڕەتی عێراقیشدا رێگەپێدراوە، هەرچەندە قەوارەكەی هەرێمی باشوری كوردستان تا ئێستا نەیتوانیووە دەستورێكی تایبەت بەخۆی ئامادە بكات، ئەم خاڵ و پێشنیارە بكەنە دەرەتانێك بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی كە گۆایە لەنێوان لایەنەكاندا بووەتە گرێكوێرە. كەم و زۆربوونی ژمارەی كورسی كۆتاكان زۆر  لەلایەنی دیموكراسیەوە كێشە نییە، بەڵكو دەوڵەمەندیی و فرەرەنگی  كۆمەڵگەی كوردستان نیشان دەدات. ئەمەش خاڵێكی ئیجابییە و جێگەی  مۆناقشەش نییە. ئەوەی جێگەی مۆناقشەیە، چوونیەتی دیاری كردن و هەڵبژاردنە ئەو  كۆتایانەیە كە بەسەرناوی نوێنەری پێكهاتەكان لەپەرلەماندا جێگە دەگرن، بۆیەش دەبێت ئەو میكانیزمەیە  وەها بێت كە هەم غەدر لەخۆدی پێكهاتە و دەنگ و رەنگی راستەقینەی پێكهاتەكە نەكرێت و هەمیش ئەو كورسیانە نەبنە كەرەستەیەكی سیاسیی بەدەست هەندێ ئەجینداوە لەپەرلەمان كە ئێستا بەداخەوە لە ساڵی 92ەوە كە پەرلەمانی هەرێمی باشوری دامەزراوە، رۆڵی وەها دەگێڕن.

سەیر كەن، لەتوركیادا، پیاوێكی كورد وەكو سەلاحەدین بە شەش میلیۆن دەنگەوە لەزیندانە و ژنێكی توركمان بە دووسەد دەنگی ساختە لەهەرێمەكۆكەی دەسەڵاتی كوردیدا بووەتە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانۆكەكەی هەرێمی باشوری كوردستان، لێرەدا جیاوازی و واتای دیموكراسی و مەوداكانی تێگەیشتن لەدیموكراسی لەكوێدایە و چەندە؟!

بەهەمانشێوە پێكهاتەی سەرەكی و بنەڕەتی كوردستان”ئێزیدیەكانن” كە كۆنترین و رەسەنترین پێكهاتەی ئەم ئاو و خاكەن لەپەرلەمانە هەرێمۆكەكەی دەسەڵاتی كلاسیكی كوردیدا خاوەن كورسیەكی تایبەت بەخۆیان نین. بەهەمانشێوە شەبەكەكان و كاكەئیەكانیش بێ بەشكراون لەو مافە بنەڕەتیە. دەبێت ئەم كەم و كوڕییە بنەڕەتیانە لەپەرلەمان و سیستەمی سیاسی و ئیداریەكەی دا سەرراست بكرێنەوە. یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم هاوشێوەی یاساكانی ناوەند، یاسای سۆكۆلاستیكین”هەرشێوە تەسفیر و تەعبیرێكیان لێ دەتوانرێت هەڵنجێندرێت”. بۆیەش دەبێت یاسا روون و ئاشكرا و بێ پێچ و پەنا بێت و وەكو كارتێك نەبێت بەدەست، دەسەڵاتەوە. بەهۆی سێ بەندی سەرەكی دەستوری عێراقەوەیە كە ئێستاكە نوێنەر رەسەنەكانی  كۆمەڵگەی كوردستان”ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك”لەپەرلەمانەكەی هەرێمدا بوونیان نییە. ئەمەش  بەربەستی سەرەكی دەبێت لە داهاتوو دا بۆ داڕشتنی  دەستورێك بۆ هەرێم، دەبێت ئەو خاڵەش لەدەستوری ناوەنددا سەرراست بكرێتەوە، ئەوانەی كاری دەستور دەكەن و لەوبوارەدا شارەزان، باش دەزانن ئەو خاڵانە چین كە رێگری لەنەبوونی كورسی ئەو پێكهاتە رەسەنانە دەكات لەپەرلەماندا.

ئەگەر بەگوێرەی یاساكانی هەڵبژاردنی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021ی عێراقیدا بكەین؛ ئەو هەڵبژاردنە بەهۆی كەمی رێژەی بەشداری”حەدی نیسابی یاسایی”، رەوایەتی خۆی نەبوو و دەبوو جارێكی تر پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەماوەی چل و پێنج رۆژی تردا، پرۆسەكەیان دووبارە بكردبایەتەوە. لەگەڵ ئەوەی كە هەڵبژاردنەكەش دووبارە نەكرایەوە، ماوەی ساڵێك زیاتر بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە ناڕەواكەشدا تێپەڕبوو كە چی هێشتا حكومەت پێكنەهێنرا. ئێستاكەش كە حكومەت پێكهێنراوە، هەر لایەنەو هەوڵدەدات، هەندێ گۆڕانكاری لەخاڵەكانی دەستوردا بەپێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خۆی و ئەجینداكەی لەژێر ناوی گۆڕانكاری دەستوری”پێداچوونەوە بەدەستور”دەستكاری دەستورەكەی 2005 بكەن.

خاڵێكی تر كە لەپەرلەمانەكەی هەرێمی باشوری كوردستاندا دەبێت رەچاو بكرێت، پەرلەمان تەنیا رۆڵی چاودێریكردن و دانانی یاسا نییە. بەڵكو رۆڵی سەرەكی پەرلەمان، حیسابخواستنە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەند و یاسایانەی داڕشتووە. پەرلەمانیش نابێت ببێتە شوێنی ململانێ سیاسی و پشتیوانی ئەجینداكانی دەرەوە.

لەپەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان؛ پێكهاتەیەك بەشێوەیەكی ئاشكرا پەلاماری سیمبۆلەكانی گەلی كورد دەدات و پشتیوانی بۆ دەوڵەتی داگیركەری بەسەر كوردستانەوە دەردەبڕێت. لەكاتێكدا ئەو كەسە بۆ خۆی بەدەنگی لایەنی ساختەچی وەكو خۆی و بەژمارەیەكی زۆر كەم و دەنگی ساختەوە هاتووەتە ئەو پەرلەمان.

گەل دەبێت باش لەو راستیە بزانێت كە ئەوەی ئێستاكە هەرێمی باشوری كوردستان بەرێوە دەبات، نە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و دامەزراوەی دادوەرییە؛ بەڵكۆ ئەوەی هەرێم بەرێوە دەبات لەپلەی یەكەم، هێزی دەرەكی و بەپلەی دووهەمیش ئەو دەسەڵاتەیە كە بەدەوری هەندێ سەرۆك حیزب و بەرپرسی چەند دەزگایەكی ئەمنی توقێنەرە. ئەم كەسایەتی و دامەزراوە ئیستخباراتیانە لەهەموو یاسا و رێسا و دامەزاروەیەكی هەرێم بڵندتر و باڵاترن و هیچ دامەزراوەكەیش ناتوانێت حیساب لەو دامەزراوانە و كەسایەتیانە بخۆازێت. سەیر كەن، لەكوێ دنیادا بووە؛ نوێنەری وڵاتێك لەسەردانەكەیدا بۆ وڵاتێكی تر راستەوخۆ و پێش هەموو كارە فەرمیەكانی دەوڵەت، سەردانی سەرۆك حیزبێك یا رێكخراوێك بكات. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە؛ لایەنە سیاسیەكان بۆ خۆیان بەربەستی سەرەكین و ناتوانن چارەسەری كێشە هەڵبەستراوەكانی كۆمەڵگە و رێكارە یاسایە گۆنجاوەكانیش دابڕێژن. گەل دەبێت بەئیرادەی سەربەخۆ و بەرێگەی دیموكراسیەكی راستەراست نوێنەرایەتی خۆی بكات.

خاڵیكی تریش كە دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت، پرسی یەكبازنەیی و چەند بازنەیی بوونە بۆ هەڵبژاردن، پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران و ژمارەی دەنگدەری بەشداربووە لەپرۆسەكە. ئەم پرسانە هەندێكیان رەهەندی نیشتیمانی و هەندێكیشیان رەهەندی سیاسیاسیان هەیە. دەبێت رەهەندە نیشتیمانیەكان، بخرێتە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییە سیاسییەكانەوە و هەستیاری و بەرژەوەندی نەتەوەیی بخرێتە ژوور هەموو بەرژەوەندییەكانەوە. ئەم خاڵە، پەیوەستە بەكاری پەرلەمانەوە و ماوەی كاری پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە كە هیچ كارێكیان لەسەر نەكرد و هەریەكە ویستیان ئەم بابەتە وەكو كارتێك لەبەرامبەر بەیەكدی بەكاربهێنن بۆ كۆكردنەوەی دەنگی دەنگدەران. دەبێت گەڵ لەو یاریانە بەئاگا بێت و نەبێتە ئامرازی دەستی ئەو هێزە چاوچنۆكانەی تەنیا هەست و سۆزیان گەیشتنە بەدەسەڵات و گەل وەكو پەیژەیەك بۆ مەرامەكانی خۆیان بەكاردێنن.