ماکرۆن و سێ زۆنی سیاسیی

ئاسۆ عەبدوڵەتیف
مێژووی فەرەنسا، مێژووی فەلسەفە ‌و جەنگ و رێنیسانس و شۆڕشی قوتابیان نییە بەتەنھا، بەڵکو مێژوویەکە لە جوڵە و ئاکتی دیبلۆماسی و رەنگڕێژیی ھێڵەکانی سیاسەتکردن و بڕیاری قورس بە ھێواشی و نەرمی.

راستە فەرەنسا وڵاتی جەنگەکان و ئیمپراتۆریەتەکان و ناپلیۆنی یەکەم و لویسەکان تا دیگۆلەکان و میتیران و ماکرۆن، تا ڤۆڵتێرو دیکارت و باستۆرو ڤیکتۆر ھۆگۆ و ئەلبیرکامۆ و سەدان فەیلەسوف و سیاسی و رەمزی گەورەیە لە مێژوودا، بەڵام بۆ ئێستاش بەرزترین ڤێرژن و ئەزموونی دیموکراسی و فرەیی و ئازادی سیاسی و حیزبی و حوکمڕانی راقی و میدیا و تاکی ئازادی ھەیەو یەک چرکەش سازشی لەسەر ناکات، خاوەنی ئابووریەکی کەموێنەیە لە جیھاندا، سێھەم وڵاتە لە سەر ئاستی جیھان کە خاوەنی عەمباری چەکی ناوکییە، دوای ئەمریکا بە گەورەترین وڵاتی دنیا ھەژمار دەکرێت لە رووی دیبلۆماسییەتی ئاستبەرزەوە. بەڵام ناکاتە ئەوەی کە لە جوڵە دیبلۆماسیەکانی تێ نەگەین لەم کاتە ھەستیارەدا، بەڵام ماکرۆن کوڕی سەردەمێکی تاریکی مۆدێرنێتە بوو رووبەڕوو لەگەڵ قەڵەمڕەوییەکی مەترسیداری داعش و کەلتوریی خوێن و تیرۆر، کە ھەر لە سەردەستی ماکرۆن و ھاوکارانیشی ئەو خەلافەت و شەبەحە تاریکە ئوسوڵی و کۆنەپارێزە تێک شکێنراو سەردەمێکی تازە ھاتە ئارا بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و کورد بەتایبەتی.

سادەترین پرس و خواستی جەوھەریی لەلایەن بەشێکی سەرەکی ھاووڵاتیانەوە بۆ سەردانی ئەمجارەی “ئیمانۆیل ماکرۆن” سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەولێر رەنگە ئەوە بێت چی بۆ کورد دەکات؟
ئەگەرچی پرسیارەکە لۆژیکی نییە و زیاتر ئایدۆلۆژیی و عاتیفییە، بەڵام دەشێت کورد لەم جوڵە دیبلۆماسیانەوە فێری ئەوەبێت و ئەو پرسیارە پێچەوانە بکاتەوە ئایا کورد چی بۆخۆی دەکات؟ کورد دەبێت بزانێت ناوچەکەی ناوچەیەکی جیوپۆلەتیکی گرنگ و ستراتیژییە لە دیدی ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکانەوە، پاراستنی چەندە پەیوەستە بە ئەجێندا دەرەکیەکانەوە ئەوەندەش پەیوەستە بە رێکخستنی ناوماڵی کورد خۆیەوە، بەتایبەتی کە ئێستا پرس و خواست گەرمە لە ھەمبەر پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا ھاوشێوەی ئەفغانستان و لێکەوتە خراپەکانی ئەو پاشەکشەیە لەسەر ھەرێم، بەڵام ئەم جۆرە سەردان و دیبلۆماسیەتە رەنگە تا رادەیەک دڵنیایی بێت بۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان.
پرسیاری چی بۆ خۆکردن بۆچی گرنگە؟
ئەو پرسە بە واتای دەرچوون لە بەنگیی و بەنج و پاڵدانەوە بەدیار کارتە سیاسیە دەرەکیەکانەوە، واتە پەنجە بردن بۆ پرۆژەی چاکسازیی و ریفۆرمی گەورەو دەستکاری تەواوی سێکتەرەکان، پەنجەبردن بۆ سەر برینەکانی گەندەڵی و بەھەدەردان و بیماریەکانی ناوخۆو ھەموو ئەو دەلاقانەی لە سیی ساڵی رابردوودا وەک شەبەق دیارە بە ھەرێمی کوردستانەوەو پەرلەمانتاری بچوکیش سودیان لێوەرگر‌تووە بۆ مارکێتینگی بچوکی خۆیان، چارەسەرکردنی ئەم بیماریی و برین و قەیرانە سەختانە بە خەوبینین و داڕشتن و ستایش نابێت بە ھاتنی سەرۆکەکانی جیھانەوە بۆلامان، ئەوەندەی پەیوەستە بە چنینەوەی دەستکەوتەکان و دووبارە تەوزیفکردنەوەو بەکارھێنانەوەی دەستکەوتەکان لە دروستکردنی کۆمەڵگەی تەندروست و مرۆڤی ھۆشیارو خاوەن ئیرادە کە ماوەیەکی زۆرە بەرەو تێکشکانی زیاتر دەروات.
دیبلۆماسیەتی ماکرۆنیی
گەشتی ئەمجارەی ماکرۆن بۆ عێراق دەکرێت بە دیبلۆماسیەتی ماکرۆنیی ناوی بەرین، گرنگیەکەی لەوەدا بوو، سێ زۆن و سێ ھەرێمی سیاسی و مەزھەبی و ئیتنیکی گەرم و پڕئیشکالی بەسەرکردەوە، کە بریتی بوو لە (بەغداد ھەولێر موسڵ) پایتەختەکانی شیعەو ھەرێمی کوردستان و ناوەندی سوننە رادیکاڵەکان، کە ئەوە مەغزای قوڵی ھەیەو لە پرۆتۆکۆلی دیبلۆماسیدا بە ئاسانی ئەمە دانەنراوە.
بەدیوێکی تردا فەرەنسا کە ھاوپەیمانێکی سەرسەختی ئەمریکایەو لە چوارچێوەی ئەجێندای ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە تیرۆریشدایە لە عێراق، خۆی بە ئاڵتەرناتیڤی ھێزەکانی ئەمریکاو گروپە سەربازیەکانی تر نازانێت و بگرە وەک خاوەن رەفتار دەکات، ئەم سەردانە زۆر فەردی و ئیندیفیجواڵەو پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی سەربازی و پاشەکشەی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە نییە، دەشێت داڕشتنەوەی ستراتیژیی ئەلیزێ بێت لە عێراقی نوێی دوای ھەڵبژاردنەکان بۆ ئایندەیەکی دوور کە پێکھاتە سەرەکیەکان رۆڵیان باشتر بێت و عێراق نەکرێتە عێراقی فاشیزم و پاکتاوکردن و بریاری میلیشیاکان و یەکلاییکردنەوەی نەزعە تائیفیەکان.
لە رەھەندەکانی دیکەی ئەم سەردانە ئەوەیە ئەم ھێزە نێودەوڵەتیە عێراقێکی ئارام و سەقامگیری بێ ئاریشەو کێشەی دەوێت دوور لە توندووتیژیی و سەردەرھێنانی گەراکانی ڤەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی و بەرماوەکانی داعش و تیرۆری رێکخراو. فەرەنسیەکان ئێستاش بۆچوونیان وایە پاریس و شەقامەکانی، میترۆ و کافێکانی، ئابووریی و بەرژەوەندیەکانی کاتێک پارێزراوە، کە شەقام و کافێکانی بەغدادو ھەولێرو شام بە ھەمان شێوە ئارام و پارێزراوبن، فەرەنسییەکان ئێستا زۆر کاردەکەن بۆ ئارامکردنەوەی وڵاتە پڕ لە جەنگ و نا ئارامەکانی رۆژھەڵاتی ناوین و گەورە، بە نمونەی عێراق و سووریاو یەمەن و لوبنان، بۆیە ئارامی سیاسی ئەو وڵاتانە بە ئارامی سیاسی خۆیان وێنا دەکەن، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ئەجێنداو پلانەو دەبێت باشتر لە جاران خۆی رێکبخاتەوەو دەستوور و ھەڵبژاردنیش لە ئایندە زامنی ئەم پەیوەندییە بن و پاریس بە تۆپزیی پشتگیریی لەم پرسە دەکات.

خاڵێکی تر پرسی وەبەرھێنان و ھاتنی کۆمپانیا فەرەنسیەکانە بۆ عێراق و گرەنتی پاراستنیان، بەتایبەتی فەرەنسا چاوی بڕیوەتە دروستکردنەوەو ئیعمارو وەبەرھێنان لە سەرخانی عێراق و شارە وێرانکراوەکانی دەستی داعیش بەتایبەتی موسڵ و دەوروبەری، بێگومان فەرەنسا خوازیارە پشکی ھەبێت لەم دۆخەدا وەک چۆن پشکی ھەبوو لە کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، ئێستا شام و عێراق تا رادەیەک ئارامە، فەرەنسا دەیەوێت بەلای کەمەوە ئەم ئارامیە بەردەوام بێت بۆ زەمەنێکی درێژ کە لە بیست ساڵ کەمتر نەبێت بۆ ئەوەی مۆرکی ئاوەدانخوازیی و ھەژموونی فەرەنسا لە ئایندە بە ناوچەوانی عێراقەوە دیاربێت.
دواجار ھەرێمی کویوبیک ھەرێمێکی فەرەنسی زمانە لەچوارچێوەی وڵاتی کەنەدا، فیدراڵیەتێکی پارێزراوی ھەیە بەتەواوی مافە کەلتوریی و زمانی و ئابویەکانی خۆیەوە، کورد دەتوانێت باشتر لە جاران سوود لە ئەزموونە فیدراڵیەکانی جیھان و رۆژئاوا وەربگرێت و لۆبیی بۆ بکات.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *