لە شاری کەلار پرسەی شەهید شۆڕش گەرمیانی، گەریلای ئازادیی كوردستان بەڕێوەچوو و خانەوادەكەشی ڕایدەگەیەنن، شانازی بە شەهیدبوونی رۆڵەکەیانەوە دەکەن.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٦/٣/٢٠٢٣ لە شاری کەلار بە ئامادەبووخانەوادە و هەڤاڵان و دۆستانی پرسەی شەهید شۆڕش گەرمیانی بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە سەلام كەریم، برای شەهید شۆڕش رایگەیاند: براكەم لەساڵی ٢٠١٤دا لەپێناو خاك و ئازادیی كوردستاندا، بەشداری ڕیزەكانی گەریلا بوو، ئێمە وەكو خانەوادەكەی شانازی پێوە دەكەین كە لەو پێناوەدا شەهید بووە.
هاوکات داواشیكرد، گەلانی هەر چوارپارچەی كوردستان، یەكبگرن و یەك دەنگبن، تا ئازادیی تەواوی گەلی كورد و كوردستان بەدیدێت.
هەروەها وابڕیارە، سبەینێ سێ شەممە ٧/٣، كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ، لەبەردەم ماڵی شەهید لە شارۆچكەی كەلار، مەراسیمێكی شایستە بۆ ڕێزلێنان لە شەهید شۆڕش گەرمیانی، ئەنجامبدرێت.
وەهاب ئەحمەد ئەندامی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری کوردستان، رایگەیاند: لەبەرامبەر شەهید شۆڕش و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریدا سەردادەنەوێنین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و بنەماڵەكەی دەكەین، شەهید شۆڕش لەگەرمیانەوە ڕووەو ئازادیی كوردستان هەنگاوی نا، مێژوویەكی پرشنگداری بۆ گەلەكەمان نووسییەوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، ناوەندی ڕاگەیاندی هەپەگە ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوکردەوە، بەوهۆیەوە ئەمڕۆ لەشارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پرسە بۆ شەهید شۆڕش گەرمیانی کە یەکێک لەو شەهیدانەبوو بەڕێوەچوو.
شەهید محەمەد كەریم، ناسراو بە شۆڕش گەرمیانی، لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەشداری ریزەكانی گەریلا بووە و لەبەرخودانێكی بێوێنەدا، لەساڵی ٢٠٢١، لەدژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك، لە هەرێمەكانی پاراستنی مێدیا، لەگەڵ چوار هاوڕێی دیكەیدا شەهید دەبێت.