سەرچاوەی قێزەونی دەسەڵاتی پیاوان بەسەرژناندا لەدیدی میل-ەوە

مەحمود عەبدوڵڵا

بەرلەوەی بۆچونەکانی جۆن ستیوارت میل بخەمەڕوو، پێوستە وڵامی پرسیارێک بدەمەوە، ئایا ئەمڕۆ ژنان لەهەمان بارودۆخی سەردەمی جۆن ستیوارت میل دان، کە دەکاتە سەدەی نۆزدە؟ بەدڵنیاییەوە وڵامی من بەڵێییە، لەبەر دوو هۆ: یەکەم هەرنەبێ لە وڵاتە دواکەوتووەکان ژنان هێشتا دانیان پێداناندرێ، دووەم: ئەگەرچی لەڕووی واقیعیش نەبێت، هێشتا لەڕووی تیۆریەوە پیاوان باوەڕیان بە یەکسانی ژن و پیاو نییە، ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەی پێیان وایە ژنان لەڕووی جەستەیی لاوازترن. ئەڵبەت ئەم لاوازییە هەرلەسەرەتاوە بەدەرنییە لەفاکتەری  پەروەردە، چونکە بێگومان ئەگەر پیاوێکیش  هەر لەمنداڵییەوە ڕێگری لێبکرێت  لە ئەنجامدانی هەموو ئەو کاروپیشانەی کە کۆمەڵگە وەک کارو جوڵەی   پیاوان دیاریکردون، بەرامبەر پیاوایتر لاواز دەبێت.   ئەگەر باس لەکوردستان بکەین  ئەوا ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان خەریکە لەم لایەنەوە، نەک بۆسەدەی نۆزدە بگرە دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەر هەڵدانی ئیسلام، هەرنەبێ لەڕووی تیۆرییەوە، ئیسلامی سیاسی خەریکی ئامادەکردنی زەمینەیەکە بۆ بەکۆیلەکردنەوەی ژنان. فشاری ئایدیۆلۆژی لەسەرژنان هێندە قوڕسە کە لەهیچ  سەردەمێک لەکوردستان  نەبیندراوە.  جۆن ستیوارت میل لەکتێبە ناوازەکەیدا کۆیلەکردنی  ژنان، وەڵامی هەموو ئەو پاساوانە دەداتەوە، کە ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی دەیانەوێت جارێکیتر ژنان بەکردەوە بخەنەوە ژێر نیری ستەمکاری دەسەڵاتی پیاوانە. بۆچی دەڵێم بەکردەوە؟ چونکە  وەک میل دەڵێت مەرج نییە مامەڵەی خەڵک وەک بنەما یاساییەکان بێت، بەهۆی هەندێ هەستو هۆگری مرۆڤانە لە زۆرجێگا، ئەگەرچی یاسا و ئایدیۆلۆژی، یان شەریعیەت بەجۆرێکە کە دەسەڵاتی ڕەها دەداتە پیاوان، بەڵام پیاوان هەموو دەسەڵاتیان بەکارناهێنن، بەپێچەوانەی بۆچونی ئاین و پێچەوانەی یاساکان مامەڵەیەکی مرۆڤانە تر دەکەن لەگەڵ ژناندا، ئەوەش نیعمەتی هیچ ئایدیۆلۆژیا و ئاینێک نییە، جگە لە هەستی سروشتی مرۆڤ خۆی و جوامێری پیاوان. دەمەوێ بڵێم ڕاستە ئەمڕۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک تاڵیبان مامەڵە لەگەڵ ژنان ناکەن، بەڵام نەک بەهۆی ئەو ئاین و شەریعەتەی بڕوایان پێیە، بەڵکو بەهۆی هەستێکی سروشتی، وەک میل دەڵێت:یاسای  زۆر لەوڵاتان لەزۆرجێدا سامناکترە لەو هەڵسوکەوتەی خەڵک بەکردەوە دەیکەن، هەندێ یاسا ماونەتەوە تەنها بەهۆی ئەوەی پەیڕەوناکرێن چونکە هەندێ هەست و هۆگری لەمرۆڤدا هەن حەزوتاسەی بۆسەرەڕۆی دادەمرکێنێتەوە. جۆن ستیوارت میل بەسەختی بەرگری لەمافی یەکسانی ژن و پیاو دەکات، ئەو کاتەی ئەندام پەرلەمان بوو، داوای مافی دەنگدانی بۆ ژنان دەکرد، هەروەها تانەی لەویاسایەدا بو کە دسرائێلی ناردیە پەرلەمان،تا  لەجیاتی وشەی پیاو لەیاساکەدا وشەی کەس بەکاربێت بۆ ئەوەی هەردوڕەگەز بگرێتەوە. کەواتا  کۆیلەکردنی ژنان هەمەلایەنەیەلەزمانوزهنیەتیشدا جێگیربووە. بۆیە دەبێت  زمان و زیهنیەیش  پاکبکرێتەوە، لەو چەمک وئاماژانەی هێمای سوڵتەی مێردانەن.

میل پێیوابوو گەورەترین کۆسپی بەردەم پێشکەوتنی ڕەگەزی مرۆڤ، جیاوازی دانانە لەنێوان ژنان و پیاواندا، بەبۆچونی میل مرۆڤایەتی هەر هەنگاوێکی  هاویشتێبێت بۆ شارستانیەت و پێشکەوتن، هاوتەریب بووە لەگەڵ باشتربونی پێگەی ژنان. واتا پێشکەوتن وئازادیی ژن دوڕووی دراوێکن، کە بێ یەکترنابن. ناکرێ بیر لەکۆمەڵگەیەکی پێشکەوتو بکەینەوە بێ یەکسانی ژن و پیاو، کۆمەڵگە دواکەوتوەکان بە یەکسانی نامۆن، داواکردنی یەکسانی بەدژایەتی دەزانن! ئەو بە پشتبەستن بە ئەزمونی مێژووی مرۆڤایەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دیسان دواکەوتویی و سیستەمی ستەمکاری دوڕی یەک دراون، ستەمکاری و دواکەوتوی لەو یاسا قێزەونە ئاودەخۆنەوە واتا یاسای “مەزنایەتی” ئەوەی بەهێزترە لەسەر حەقترە، مادام پیاو بەهێزترە دەبێت سەرۆک و فەرمانڕەوای ژن بێت، ئەوەش یاسایەکە سەرچاوەکەی هێزەو هیچیتر، هی سەردەمی کۆیلایەتییە. میل دەڵێت: لەهەرکات و شوێنێ ستەمکارهەبوبێت و خەریکی چەوساندنەوەی خەڵک بوبێت، ئەوا لەوکات و شوێنەشدا دەسەڵاتی پیاوانە و کۆیلەکردنی ژنان هەبووە. کەواتا ئەوانەی دژایەتی مافی ژن دەکەن لەگەڵ دوو گریمان ڕووبەڕوون:

یەکەم: ئەوان  دژایەتی ئازادی دەکەن و باوەڕیان پێی نییە، دووەم: باوەڕیان بە جیاوازی دانانە لەنێوان مرۆڤەکاندا، هەربۆیە یان دەبێ بیسەلمێنن کە ئەو بۆچونەی دژایەتی ژن دەکات حەقیقەتە، یان دەبێت بێدەنگ بن و مل بۆ لۆژیک و واقیعە زانستیەکان ڕابکێشن و دەست لەهەست و سۆز و ئیحساساتەکان هەڵگرن.

بەڕای میل ئەو هەستی زاڵبونی پیاوانکۆنترین و توندترین هەستە کە پیاوان هەیانە، ڕەنگە دواینیش بێت کە دەستبەرداری دەبن.. بۆیە سەرچاوەی نایەکسانی ژن و پیاو، هیچ نییە جگە لەیاسای قێزەونی مەزنایەتی، واتا یاسای بەهێزەکان، کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو کاری بەو یاسایەکردوە و سەرچاوەی پێکهاتنی کەسایەیەتی و مرۆڕاڵبووە.

مرۆڤایەتی بەشی هەرەزۆری ژیانی بەگوێرەی یاسای هێز بەڕێکردووە، و هەردو ڕەگەز کۆیلەبون. ئەوەندە نابێت پیاوان لەکۆیلایەتی ڕزگاربون، بەڵام ئەو هۆکاڕانەی بونە هۆی نەمانی کۆیلایەتی پیاوان، هەمان  کاریگەرییان نەبووە، بۆ ئازادی ژن، کۆیلایەتی ژن هەرماوە، بەڵام گۆڕاوە بۆ بەستراوەیی بە پیاو یان مێردەوە. بۆیە بەڕای میل خەبات بۆئازادی ژن لە هەموو خەباتێک قوڕسترە، بەهۆی تایبەتمەندی سروشتی ئەو دەسەڵاتە، لەچاو هەرسیستەمێکی تۆتالیتار، چونکە سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پیاوان بەسەر ژناندا جیاوازە، لەبەرئەوەی لەسیستەمی دەسەڵاتی تۆتالیتاردا تەنها ئەوانە لایەنگری دەسەڵاتن کە لەبەرژەووەندیاندایە، بەڵام لەسیستەمی پیاوسالاریدا تەواوی پیاوان لایەنگری یەکن، دەسەڵاتی پیاوان تایبەت نییە بەچین و توێژێک، هەموپیاوان بە جیاوازی هەژار و دەوڵەمەند پەیڕەوی دەکەن، هەر نێرینەیە ک بەهیوایە ئەو ۆژە بێت ببێتە سەرۆکی ژنەکەی! لەلایەکیتر هەرکەسێک حەزدەکات دەسەڵاتی بەسەر نزیکترین کەس داهەبێت ئەو کەسەی لی نزیکە یان هاوسەرە. ئەم دو تایبەتمەندیەی نێرسالاری خەباتی ژنان سەختردەات،وە ژنان ئازادنابن تا بەشی زۆری پیاوانی نەکەونە پاڵ شۆڕشێک کە بۆ ئازادی ژنان لەئارادایە. لەبەرئەوەی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پیاوان لەبەرژەوەندی ئەوانە، زیاتر لەگەڵ هەستو احساساتیان دێتەوە، ئەگەر پیاوێک ئەودەسەڵاتە لەدەستبدات لەوانەیە هەست و سەلیقەی بگۆڕێت! بەکورتی بۆپیاو سەختە کوشتنی پیاوێتی، نەک لەبەرئەوەی هەستێکی سروشتییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دژی هەست و ئیحساساتێکە کە بەرهەمی  کارتێکەرە کۆمەڵایەتیەکانە. ئەم هەستە نەلۆژیکییە، نەبەرهەمی ئەزمون و تێفکرینە، بۆیەش گۆڕینی سەختە چونکە وەک ستیوارت میل دەڵێت: ئەگەر باوەڕێک لەسەربنەمای هەست و ئیحساسات بێت، لۆژیک بنەماکەی ناجوڵێنێ، لەکاتی دژیەکی لۆجیک و باوەڕەکەی بەپێچەوانەوە ئەوکەسە دەگاتە ئەو باوەڕەی کە سەرچاوەی بیروباوەڕەکەی پێویسی بەبەڵگەنییە..بۆیە لۆژیک کاتێک کاریگری دەبێت کە زۆربەی تاکەکان لەڕوی ئاوەزمەندییەوە زۆرژیرو پێگەیشتوبن، تا مل بۆبەڵگەکان ڕابکێشن.

پیاوان دەڵێن گوێڕایەڵی ژنان تەواو سروشتییە، زاڵیەتی پیاوان بەسەرژنادا سروشتییە، هەربۆیە بەتۆکمەیی ماوەتەوە، بەڵام میل پێی وایە بونی نەریتێک لێرولەوێ تۆکمەیی و بەڵگەی دروستبونی نییە و سەرچاوەی هەستەسروشتی وشەریفەکانی مرۆڤ نییە؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرچاوەکەی چەپەڵی و گەمژەیی مرۆڤیە. لەڕابردودا سیستەمی کۆیلایەتی بەهەزارن ساڵ بەردەوامبوو، بێگومان بەباوەڕی خاوەن کۆیلان سیستەمەکە تەواو سروشتی بو، چونکە هەزاران ساڵ بەتۆکمەیی مابویەوە!

هیچ دەسەڵاتێک نیە سروشتی وڕەوانەبێ، لەدیدی ئەوانەی لەبەرژەوەندیاندایە. ئەوەی پێی دەوترێ سروشت تەواو دەستکردە. پیاوان بەسروشتی خۆیشیان گەمژەن، پێیان وایە هەست و ئیحساساتێک کەهەیانە لەئێستادا، سروشی وخواکردە، بەڵام نەزانی مرۆڤ سەبارەت بە کەریگەری هۆکارەدەریەکیەکان و ژینگە لە پێکهاتنی کەسایەتیدا ڕێگرە لەبەردەم بەڵگاندن و لۆژیک.

ئەوپیاوەی وەها دەبینێ ئەرکەکانی ژن و پیاو لەسروشتی ژنانو پیاوانە سەرچاوەدەگرن کەم توانان لەهەڵسەنگاند وڕاڤە ولێکدانەوەی دیاردەکان.ئەم بۆچونە لەبنەماوەهەڵەیە، تاقەشتێک ئەم کۆیلایەتیەی ڕاگرتوە یاسای هێزە،واتا بەهێزەکان مافی زاڵبونیان هەیە،کەبەپێی بنەماکانی مۆدێرنە ئەم یاسایە مایەی شەرمەزارییە،ئەمڕۆخەڵک دانبە ویاسایەدانانێن،بەڵام سەبارەت بەژنان دەگەڕێنەوە بۆ هەمانیاسا! و لاوازی جەستەی ژن دەکەنە بنەمای بۆچونەکانیان.

ڕاستە لە زۆرشوێن ئەم جیاوازیانە ڕەوانین، بەڵام لەکۆمەڵگەی وەک باشوری کوردستان بەسەختی بەرگری لەم یاسا قێزەونە دەکرێت،بگرە وەک فەرمانی خودا دەبیندرێت.

بەبڕوای میل ئەگەرچی ژنان بەویستی خۆیان دەبنە کۆیلەو بەرگری لێدەکەن بەرگری لەسوڵتەی مێردانە.بەبڕوای میل ئەم مەسەلەیە ماستاوچێتی هەندێ ژنانە بۆ دەستکەوتنی مێرد، بەرگری لەوتێزە سەقەتە دەکەت تێزی سروشتی بونی دەسەڵاتی پیاو.

 لەڕاستیدا ئەوچوارچێوەیەی پەیوەندی ژن وپیاو دیاری دەکەن لەبنەماوە هەڵەیە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەمرۆ بەهۆی زاڵبونی گوتاری ئیسلامی سیاسی ئەمتێزە سەقەتە جارێکیتر پێشکەشی کۆمەڵگە دەکرێتەوە، تێزێک ی ئێکسپایەر و بەسەرچو کە جگە لە دواکەوتویی هیچیتر بەرهەمناهێنێت.

.لەژێرناوی لەخواترسی هێرش دەکرێتە سەرکەسییەتی ژن و ئازادیەکەی بەڵام لەڕاستیدا ئەوترسە هیچ نییە جگە لەترس لەژن و کوشتنی پیاوێتی و تێکچونی سەلیقە، ترس لەپشکوتنی تواناکانی ژن و هەڵتەکاندنی سیستەمی نێرسالاری. ئاشکرایە پیاوانێک کە جگە لە پیاوێتی هیچیتر یان نییە لەژیاندا نمایشی بکەن، بۆیە کە توشی ژنۆفۆبیاهاتون.

میل پێی وایە پەنابردنە بەر سروشت و وارسکە بەرهەمی سەدە نۆزدەیە،بەپێچەوانەی سەدەی هەژدە،لەجیاتی ئەقڵ، وارسکە لەجێگەی خودا دانراوەو وەک هەڵەهەڵنەگر دانراوە، لەکاتێکدا ئەوەی پێیدەڵێن سروشت بەرهەمی ژینگە و فاکتەری دەرکی و پەروەردەن.

لەکاتێدا لەمناڵیەوە کچان واپەروەردەدەکرێن کەکەسایەتی دڵخوازی ئەوان،دەبێ ڕێک پێچەوانەی پیاوبێت، دژەدیوی کەسایەتی پیاوبێت، ئەگەرچی ئەزمون سەلماندی لەو شوێنەی بوار برەخسێت بۆ هەڤبڕکێی ژنان ،لەجیاتی بۆچونی گەمژانەو خۆپەرستانەی پیاو،ئەواژنان لەزۆرباردا پێشی پیاوانیش کەوتوون. تەنانەت کوێریش دەبینێت کەژنان بەتواناترنەبن کەمترنین.ئەگەر سوڵتەی پیاوانیان لەسەرنەبێت. تەنانەت کوێریش ئەوڕاستیە دەبینێ کە ژنە شەڕفانەکان لەو داعشە نێرە کێویانە ئازاتربون.ئیتر نەخۆشی ئیحساسات نەبێت،بەگوێرەی لۆژیک دەبو پیاوان واز لەو بۆچونە گەمژانەو تێزی سەقەتی بەرزتربونی پیاوان بێنن.

میل دەڵێت: لەهەندێ شوێن گشتیبونی ڕێکارێک گریمانەیەکی بەهێزە نیشانەی ئەوەیە بەرەو ئامانجێکی جێپەسەند ودڵخوازمان دەبات، بەڵام ئەوە تەنها ئامرازە بۆ ئامانجێک لەکاتو شوێنێک، لەوانەیە لەشوێن و کاتی جیاواز ئەنجامی پێچەوانەبدات،هەرئەوەی کە ئەمڕۆ دەبینین سوڵتەی مێردانە جگە لەکۆیلایەتێ  و دواکەوتویی هیچ ئەنجامێکی نییە، چونکە هۆکارەکانی نەماون.

میل دەڵێت زاڵیەتی پیاو بەرهەمی بەراوردێکی هۆشیارانەو تێفکرین نییەئەگەر تەنانەت شێوازی دەسەڵاتداریەتی ژن بەسەرپیاو یان دەسەڵاتی یەکسان پێشتر ئەزمونکرابایە، هێشتا وەک ئەزمونێ سەردەمی خۆی لێی دەڕواندرا،چونکە کە لەوسەردەمەدا پاساوێک هەبوبایە بۆ شێوازی پەیوەندییەک، ئەوا ئەوپاساوە بێبایەخ دەبو بەتێپەڕینی زەمان، ئەوە شتێکە زۆربەی واقیعەتە کۆمەڵایەتیەکان دەگرێتەوە، بەڵام تائێستا دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان سیستەمە حقوقی و سیاسیەکان بۆچونی باوی خەڵک دەکەنە یاساو پیرۆزی دەکەن︎!

سەرەڕای ئەوانەش دوو پاڵنەریتر هەین بۆ بەردەوامی نەریتی نێرسالاری  ئەویش هاندان و هەڕەشە، پیاوان هەربەشێوەی مناڵ ڕەفتار لەگەڵژناندەکەن، لەسیستەمی کۆمەڵایەی نێرسالاریدا تەواوی دامەزراوەکان دەخەنە خزمەت سوڵتەی پیاوان پەروەردەو ڕاهێنان، لەمناڵیەوە ژن واڕادەهێندرێ بەگوێرەی هەستە خۆپەرستانەکانی پیاوبێت.

پیاوانی ئاینیش لەوە کۆڵەوارترن جیاوازی سروشتی کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیبکەن! چونکە سەربەئەقڵی باون، ئەقڵی باو شتەکان  لەڕواڵەتدا چۆنن، وادەبینێ لەجەوهەردا هەمانشتن، ئەقڵی باوا توانەی ڕاڤەی دیاردەکانی نییە. درک بە بارگاویبون بەدەسەڵاتی دامەزراوەکان ناکەن، بێئاگان ئەوشتەی ئەمڕۆ ئاساییە لەوانەیە لەسەردەمی یاسای هێز بەزۆرو زەحمەتی خەڵکی بۆ ملکەچ بکارابێ و ئەمڕۆ بیرچوەتەوە مەگەر مرۆڤ ێکبەوردی مێژو بخوێنێت یان لەکۆمەڵگایەکدا بژی کە ژیانێ مۆدێرنی نەگەیشتبێتێ لەسەرشێوازی کۆمەڵگی کۆن بژین. لەسەرەتادا کۆیلایەتی بەزۆربوە، دوایی بۆتە ئاسایی و یاسایی، تەنانەت لای ئەرستۆ دەبێتە سروشت! بۆیە بەڕای میل بەستراوەیی ژن بەپیاو درێژکراوەی کۆیلایەتی جارانە. چونکە لەڕابردو یاسای باو یاسای هێزبو، لەبەشی هەرەزۆری ژیان، مەسەلەی سروشتیبون و نەبون، تەنها مەسەلەی باوبون یاباونەبوونە، ئەقڵی باو، هەرچی باوبێت لەئێستادا وەک حاڵەتی سروشتی دەیبینێت، چونکە ئەقڵێکە تەمبەڵ پشتبەستوبەهەست، نەک کونجکاوی و لێکۆڵینەوەو ڕاڤەو دۆزینەوەی بنەماکان یان یاسایەکی گشتی..

بۆیە ڕەوشی ژنان باشترین پێوانەیە بۆئاستی پێشکەوتن و شرستانیەت و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان پێشکەوتنی ژنان و پێشکەوتنی شارستانیەتدا، چونکە باشتربونی دۆخی ژنان نیشاننەی تێپەڕینی یاسای هێزە،کە یاسای   دارستانە.  پاشماوەی سستمی کۆیلایەتی و دەرەبەگی وکۆمەڵگای کۆنە. کاتێک ژنان لەمناڵیەوە واپەروەردەبکرێن کەکەسایەتی دڵخوازی ئەوان ئەوەیە گوێڕایەڵی مێردبن،دەرەنجامیش خۆیان بڕوایان بەوەدەبێت! ئەمەبۆپیاویش ڕاستە چونکە کەمناڵ لەتەمەنی کەم شتانێکی پێدەوترێ کە ئەسڵەن لێشیان تێناگات، ئەوا لەگەورەیدا وادەزانێت ئەم بۆچونانە بۆچونی خۆیەتی، نەک وەری گرتبن!هەربۆیە زۆرێک کۆیلەکان باوەڕیان کردبو، کە کۆیلایەتی سیستەمێکی سروشتییە و ئاغا یان خاوەنکۆیلە بە سروشت خواکرد، ئاغا و سەردارە، وەکچۆن ئەمڕۆ ژنانێک لەپیاوان زیاتر بەرگری لەسیستەمی نێرسالاری و مێردسالاری دەکەن، کۆیلایەتی ژنان هێندە قوڵە، کەهەست و بۆچونی پیاوانیان  کردۆتە فەرمانی خودایی لەسەرخۆیان! میل دەڵێت لەشەرەناوخۆییەکانی ڕۆم و یۆنان ناوی گەلێ کۆیلە و ژن لەبەردەستن کە ئەگەرچی گەلێ جار کۆیلە لەژێر ئەشکەنجە مردووە، بەڵام خیانەتیان لەئاغاکانیان نەکردووە، لەزۆرجێ ئێستاش ئەم دۆخە بۆژنان بەرقەرارە، خۆبەلای هیندیەکانیش سوتاندنی ژن کاتێ پیاوەکەی مردوە سروشتیبوە، لەوێ کۆیلایەتی ژن هێندەقوڵبو، کە بەریتانیا هیندستانی داگیرکرد، پیاوان پێیان وابو بەریتانیا دەیەوێت کلتورەکەیان تێکبدات! هێشتا بەپاساوی پیلانگێڕی بەریتانیا دەیانەویست کۆیلایەتی ژنان ڕەوابکەن. هەتا خۆشەویستی ژن بۆ پیاو کە وەک سەرۆک لێی دەڕوانێت، مەرج نییە سروشتیبت، کۆیلە هەیە کە لەماڵی ئاغاکەی لەدایکبووە وەک خزمەتکار و ئاغاکەی خۆش ویستووە. هەموان دەزانن سیستەمی کۆیلایەتی ڕۆم چەند زاڵمانهبو، چەندبێ بەزەیی دەجوڵانەوە لەگەڵ کۆیلە، بەڵام بۆچونی میل: وابەستەییەکی واقوڵ لەنێوان کۆیلەو ئاغا، ژن و مێرد یەکێکە لەتەنزەکانی ژیان، وابەستەیی ئاوا تەنیا لەژێر سایەی دەسەڵاتی زاڵمانەترین داموو دەزگا پێک دێت! وەک چۆن ژنان ئەگەرچی وەک میل دەڵێ حەقە پێیان بوترێ شەهید ئەوەندە نکۆڵی لەحەزەکانیان دەکرێ، کەچی ژنانێک هەن هەموو توانایان بەکاردێنن بۆ پارێزگاری ئاغا -مێرد،یاخود سیستەمی نێرسالاری،ئەمە بەڵگەی ڕەزایەتی ژنان نیە، بەڵگەیە لەسەر زاڵمەتی ئەوسستەمە هزرییەی کاریان لەسەردەکات ودامەزراوەو پەرستگە گەلێک کە واڕایان دەهێنێت کۆیلایەتی سروشتی و خواکرددە.

ئەگەر چی پاساو دێننەوە دەڵێن، ژنانێک لەژێر دەسەڵاتی پیاوی دادپەروەر بەختەوەرن، بەڵامیاسا دەبێ بەجۆرێبێ مرۆڤە خراپەکان لەهەڵەبگێڕێتەوە. زۆرن ئەوپیاوانەی لەدەرەوە لەیاسا لانادەن،لەترسان، بەڵام لەماڵەوە هەموشت دەکەن بەرامبەرژنان.یان دەوترێ پیاو ماندوە ژن پاشای  ماڵە، بەڵام لەڕاستیدا کۆیلە هەرککۆیلەیە لەهەر پلەیەدابێ!مەسەلەی خۆشەوهۆگری پیاو خزمەتکردنی ژن هیچ نییە،پیاو وەک کەلو پەل و شتەکانیتر خزمەتی دەکات،کێشەکە نایەکسانییە، پیاو بەوەی کە ئاغاو فەرماندەرە قەرەبوی ئەوەدەکاتەوە کەزەحمەتی دەکێشێت. ئەوەی دەوترێ ژن لەماڵێ دەسەڵاتی یەکەمە،مەلیکە،پیاو لێی دەترسێ و هەندێ فرت وفێڵی تری پیاوانە،هیچ نییە لەهاندان بۆ کۆیلایەتی،دەکرێ وەک هێزی نەرم ببیندرێ.چونکە دواجار بەختەوەی ژن بەستراوەتەوە بەوشتانەی پیاو بۆی دەکات،پیاوێکی دارا ڕەنگە چێژ لەوەببینێت کە ژنەکەی سەرسام بێت پێی ،بەڵام دۆخی دڵخواز ئەوەیە کۆیلە نەبی

زۆرجار قەرەواشێک فەرماندەدات بەسەر قەرەواشێکیتر بەڵام ئەو هەر قەرەواشە،ژن کە تەنانەت پرسی پێبکرێ یان هەر کۆیلەی ماڵێیە.ئەم جۆرە هاندانە بۆمناڵانیش هەیە گەرچی بۆمناڵان ئەنجامێکی باشی هەیە،بەڵام بۆژنان توندکردنی کۆیلایەتییە.بەکورتی دەسەڵاتی ماڵێ ناتوانێ قەرەبوی ئازادی ژن بکاتەوە وەو بیکاتە بونێکی ڕەسەن.

هیچ کەس ئامادەنییە ئەرکی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی هەبێت و دەسەڵاتی فەرمانبەرێک!پیاوان فێرکراون دەنگ و ڕای خۆیان بپەرستن،ئەوەندەیان بەلاوەگرنگە کەژن وەک یاسا چاو لەبۆچونەکانیان بکات،چەندە ش لەبازنەی مرۆڤایەتی دورکەوینەوە خۆپەرستەر دهبین،ئەم خۆپەرستیە لەو  پیاوانەی هیچ کەسیان لەبەردەستدانیەو هیچ لەبارانەبوون زیاترە،کاتێک ناتوانن زاڵبن بەسەرکەسیتردا لەماڵێ قەرەبوی دەکەنەوە.بەبڕوی میل هیچ ئاینێک ناتوانێ خۆپەرستی پیاو هەوساربکات جگە لەباوەڕبەیەکسانی ژن وپیاو.

گەرچی مەلا خۆپەرست و لۆژیک پیشەکان لەژێر بەرژەوەندی کۆمەڵگە دەیشارنەوە،بەڵام بەژەوەندی کۆمەڵگە بەرژەوەندی پیاوانە،لەکۆمەڵگەی نێرسالار و دامودەزگاکانی .

تەنها یەکسانی لەبەردەمیاسادا دەتوانێ هەردولا بەختەوەربکات،میتۆدێکیتر نییە.

بەڕای میل  ئەمە تەنیا میتۆدێکە دەتواندرێ وەک قوتابخانەی پاکژی ڕەوشت واخلاق هەستی ڕەسەنی ئەخلاقی پەرەپێبدات،چونکە کاتێک ژن جەستەی هی پیاوبێت نابێتە خاوەن ئەخلاقی ڕەسەن.

بەڵام کاتێک پەرەروەردەی اخلاقی بەپێی یاسای زۆرەملێبێت،چاوەڕێ ناکرێت ژن خاوەنی ئەخلاقی ڕەسەن بێت،ئەخلاقێک دور لەچاوی پیاو مێرد ….

ئەخلاقیاتی گوێڕایەلی هی کۆمەڵگای سەرەتاییە،ئەم اخلاقیاتە لەزۆربەی مێژودا پەسەندبووە،کۆمەڵگای مۆدێرن ئەخلاقی جوامێری دەوێت نەک ملکەچی.

گەورەیی مرۆڤ لەپێکەوەژیانی یەکساندا،نەک گوێڕایەڵی و زاڵیەتی و ئاغایەتی و خزمەتکاری،ئەمەش بەخێزان بەدیدێت،خێران دەبێ قوتبخانە فەزیڵەتی یەکسانیبێتمیل دەڵێت:یاساکان باشنابن مەگهر زۆرینە هەستی اخلاقیان لەیاساکان بەرزتربێت.

ئەوانەی دەڵێن ژن تەنها لەماڵداریدا سەرکەوتووە دەیانەوێ ژن هەر ژێردەستەبێ.

ئەوە زوڵمە ژنان لەکاروبارێک بێەشبن کە یاسا گەمژەترین پیاویشی لێبێبەشن٫بەڵگە سایکۆلۆژیەکان ئەووە دەردەخەن  ئەوجیاوازیی ە زەینیەی وێدەچێ هەبێت لەنێوان ژن وپیاودا  هیچ نییە،جگە لەکاریگەری سروشتی ئەوجیاوازیانەی کە لەژینگەو پەروەردەکردندا هەیەئەگەر ئەوکاریگەریانە لاببرێن شتێک نامێنێ بەناوێی سروشت.

بەڵگەیەکی دی بواری سیاسەت وبەڕێوەبردنە ،کە ئەزمون سەلماندویەتی( شابانو)ە هەڵکەوتوەکان زیاترن لەپاشاکان،ئەگەرچی ژمارەی ژنان لەوبوارەدا کەمتربوە لەچاوپاشاکان.بەڕای میل لەپلەی سەرۆک وەزیرانیشدا ژن باشتربون لەپیاوان،ئەوە حاشا هەڵنەگرە.ئەوەجگە لەوەی لەسەردەمی قەیرانەکاندا شابانوەکان بەدەسەڵات گەیشتون،ئەوەش بەڵگەی کارەمەربونی ژنانی فەرمانڕەوایە لەکاتی قەیرانەکاندا،جگەلەوەی ژنان ی فەرمانڕەوە هەمیشە باشتربوون لە هەڵبژاردنی پیاوان بۆ بەرپرسیاریەتی کەسی شیاو.

میل دەڵێت:ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لەزۆربواردا  خەسڵەتە مەزن وباشەکانی ژنان ئەوانەبووە،کەلەگەڵ کەسایەتی فەنتازی ونەریتی ئەوان جیاوازبووە!.ڕێژەی ژنەمەزنەکانی بواری فەرمانڕەوایێ لەپیاوان زیاترزووە،ئەو مەسەلەیە هێندە حاشا هەڵنەگرە کەدەڵێن :کابرایەک دەیویست نکۆڵی لەتوانای ژنان بکات لەبواری فرمان،دوایی پەشیمان بۆتەوەو وتویەتی ژنان باشترن چونکە لەحکومەتی پاشاکان ژنان فەرمان ڕەوان و لەحکومەتێ ژنان پیاوان فەرمان ڕەوان

شارلی  هەشتەم پادشای فرەنسا دەسەڵاتی دایەخوشکەکەی ،سن لویی فەرمانڕەوایی بەدایکی بەخشی  کەلەدوای شارلمان فرەنسا فەرمانڕەوای وای بەخۆیەوە نەدیوە،شارلی پێنجەم دوکچەکەی خۆی کردە فەرمان ڕەوای هۆڵەندا شابانوەکان لێوەشاوەتربون لەدەستنیشانکردنی پیاوانی بۆ بەرپرسیایریەتی،بۆیە میل دەڵێ لە فەرمانڕەوایی 

پلەی سەرۆک وەزیراندا لێوەشاوەترن،چونکە ئەرکی سرۆک وەزیرئەوەنێە بەتەنێ فەرمان ڕەوابێ بەڵکو لێوەشاوهیی پێدانی  برپرسیاریەتی،بەڕای میل ناسینی خێرای کەسایەتی تاکەکان سەلمێنەری لایەنی باشی ئافرەتە بەسەرپیاواندا.

ئەوتوانا زەینیانەی سەلمێنەری توانای ژنانن چین؟

بەڕای میل تواناکان لەوجۆرانەن 

ژنان بەرەو پراگماتیکی دەبەن،ئامادەی دەکەن کە کردەیی بێ تا تیۆری،حەزیان لە کردەبێت لە وەی تیۆردابڕێژن،یان خەریکی خۆشکردنی دنیایەکی دیکەبن ،کەبەرهەمی خوڕافیات وخەیاڵی پیاوانە ،جگەلەوەش ژنان خاوەنی تێگەیشنی شهودین،لەپیاوان زیاتر،واتا توانای تێگەیشتنی خێراو دروستی واقیعیەتەکان ،لەم جۆرەتێگەیشتنەدا باسێک لە بنەماگشتیەکان نییە،یان گەیشتن بەیاسای گشتی هەرچەند لەم بوارەشدا ژن دەتوانن هاوشانی پیاوبن کە وەک پیاوان دەستیان بەزانیاریەکانی مرۆڤایەتی ڕابگات.

بەڵام میل پێی وایە دەبێ وڵامی ئەوپرسیارە بدرێتەوە،ئەگەر ژنان ئازادبن چ سودێکی هەیە؟

بەڕای میل ئەو خۆبەزلزانی و بەرزەدەماخیەی هەیە،بەرهەمی پەیوەندی نایەکسانی ژن و پیاوە.کەواتا لەسەرەتادا گریمانی زەهێز ئەوەیە ئازادی ژنان جیهانێکی مرۆڤانەتر دروستدەکات.ئەگەرچی ئەو دزێوی و ئازارو بێسەروبەریەی بەرهەمی کۆیلایەتی ژنانن هێندە سامناک وبەربڵاونکەس ناتوانێ چاوپۆشیان لێبکات.

بەڵام کەسانی گەمژەو دەمتەڕ تەنیا ئەوشتانە دەبینن لەبەرچاوە، کەزۆربڵاون ولەبەرچاوی خەڵک ئاساین دەسەڵات تەنیا بە پیاوی دادپەروەرو ماقوڵ نادرێ،بەڵکو وەحشیترین پیاویش هەمان دەسەڵاتی هەیە،ئێستا هیچ کەس بە یاسا کۆیلە نییە،جگە لەژانی ماڵ !

ئەگەرچی بەڕای میل نایەکسانی لەخێزاندا زیاتر لەناو هەژارودواکەوتوەکاندایە،کوڕوکچانی چینەبەرزترەکان جیاوازییان لەنێواندا نییە،بەڵام کاتێک کوڕی چینەبەرزترەکان گەورەدەبێت،ئەویش دەکەوێتە ژێر ئەقڵیەتی باوی زۆرینە.بۆیە بەڕای میل ئەوەی مرۆڤایەتی کردویەتی بۆ ڕزگاربون لەکۆیلەیەتی لەڕێی پەروەردەو ژیارەوە دەبێتە بڵقی سەرئاو،بێ ئازادی و یەکسانی لەمافدا.

ئەوەش نایەتە دی تافۆڕمی خێزان نەگۆرێ،خێزان قەڵاسەختەکەی دوژمنە،دوژمنی یەکسانی و ئازادی ژن.تائەوکاتەی فەرمانڕەوایی بەهێز بەسەرلاواز لەدڵی کۆمەڵگەدا واتا  خێزان ،مابێ ئەستەمە  پرەنسیپی یەکسانی بەسەر پەیوەندیەکاندا زاڵبێت. پاشان نیوەی توانا زهنیەکانی مرۆڤ زیاد دەکات بەئازادبونی ژن،لەهەموی گرنگتر سەربەستی ژن دەبێتە هۆی بەخشینی پاڵنەری  نوێ بەهێزی ئەقڵانی بە  پیاوان!ئەم خاڵە زۆر گرنگە چونکە وادەکات نەک ژنان بەڵکوپیاوانیش پێشکەوتوتربن و کەمتر گیرۆدەی هەستە نائەقڵانیەکان و خوڕافەبن،ئەوەیە کەدەورێ ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە.

ئازادی دەبێتە هۆی گەشەکردنی سۆزە اخلاقیەکانی ژن.هێزی هزری ژنان کە ئازادبێ نەک هەرکاریگری گەورە،بەڵکوبەسودتریش دەبێ لەسەرباوەڕی پیاوان،لەکۆنەوە ژنان کاریگەریان هەرهەبووە،بۆنمونە پاڵەوانیەتی و بواری سەربازی زیاتر بۆ ئافەرینی ژنان بووە،پیاوان هەوڵیانداوە ببنە جێ سرنجی ژنان.زۆرجار پیاوهاندراوە توندوتیژی کەمبکەنەوە،چونکە ژنان خۆیان قوربانی یەکەمبون لە توندوتیژی وجەنگەکان ،هەروەها دایکەکان کریگەربون لەسەر ئازایەتی و جوامێری کوڕەکانیان.بەڵام لەگەڵئەوەشدا ژنان هەوڵیانداوە ئەوخەسڵەتانە لەپیاودا پرەپێبدەن خەسڵەتگەڵی کەخۆیان لێیان بێبەشکراون وەک فەزیلەتە سەربازیەکان،تاپیاوان بتوانن پارێزگاریان لێبکەن.لەسەردەمی دڕندایەتی.لەکۆندا فەزیڵەتی سەربازی بۆ ئەوەبوەژنان تاریفی پیاوان بکەن

بەڵام ئازادی ژن وادەکات زیاتر لەبانتایی گشتی و سیاسەت بەشداربن،واتا نیوەی کۆمەڵ دێتە بواری گشتی،بەڵام لە خێزانی نێرسالاردا ژن کەمتر گوێ بەپرسی سیاسەت و پرسی گشتیدەدات،و کاریگەریشیان لەسەر کوڕان کەپیاوی داهاتون خراپ دەبێت،بەوپێیە لەکۆمەڵگەی نێرسالاردا پیاوانیش کەمتر گوێ بەپرسە گشتیەکاندەدەن. کۆمەڵەی مێگەلی و ‌دەسەڵاتی  ستەمکار بەرهەمی کۆیلەکردنی ژنانە.

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …