مەراسیمی چلەی ماتەمینی کوێستان داودی لە شاری سلێمانی، بە بەشداری چالاکوانان و کەسوکارەکەی بەرزڕاگرا و خەبات و تێکۆشانی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە پێشاندرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٤/٣/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی چلەی ماتەمینی کوێستان داودی ژنە تێکۆشەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و چالاکوان و ئازادییخواز بەڕێوەچوو، دوای خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، دیکۆمێنتارییەک لەبارەی ژیانی داودی پێشەکەشی ئامادەبوان کرا.
لە لایەن هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کوێستان داودی مۆم بۆ گیانی پاکی ئەو ژنە تێکۆشەرە داگیرسێندرا و سرودێک پێشکەشکرا.
کوێستان داودی ژنە شۆڕشگێڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەمەنی تەرخانکردبوو بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان لە هەر چوارپارچەیی کوردستان، پاش ساڵانێک لە تێکۆشان لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ٢٤ کانوونی دووەم کۆچی دوایکرد.