ئاسمیلاسیۆنی کلتوری و فەرھەنگی

عادل عوسمان

هەر لێکدانەوەیەکی قۆناغ و گۆڕەپانە جیاوازەکانی شەڕ، لەهەر پنتێکی ئەم جیهانەدا بەتەنیا و دور لە ناسینی هەژموونیەتی ئەمریکا و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، چەندەی نەناسینی دیاردەیە، ئەوەندەش غەفڵەت و کورت بینی و مێشک پووتیە. هیچ ڕووداوێک بەبێ نەخشەی پێکدادان و بێ چارەیی و دەستبەسەردا گرتنی زیاتر هیچی تری لێ سەوز نابێت و بەڕێوەناچێت. شەڕەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیای دور و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین. بەهوشیاری و پڕ لەقەیرانەوە بەڕێوەدەبرێت.

سەرمایەداری بۆخۆی سیستەمی قەیران و قوڵکردنەوەی کێشە و قەیرانە. لە کەشی ئاشتی و ئارامیدا ناتوانێت بژی، کورد وتەنی “لە ئاوی لیخن ماسی دەگرێت”. کۆمپانیاکانی شەڕ و بازرگانی، گەر و ڕێڕەوە ئاویەکان، کەشتی و بارهەڵگرەکان، چەکسازی و بۆمبهاوێژەکان، نان و ئاوو کەرەستەی گواستنەوە، پیشەسازی چەک و تەندروستی، زانست و زانکۆ هەمووی بەدەستی ئەوانە. شەڕی بۆ دەنێنەوە و لە ڕێگەی هێزە چەکدار و وێرانکەرەکانیشیانەوە بەناوی پاراستنەوە دەیپارێزن و چاودێری دەکەن.

بۆیە سەرمایەداری بۆخۆی قەیران و شێرپەنجەیە. سەرمایەداری لە شیکردنەوەکانی مارکسدا و لەسەردەمی ئەودا، لە کەشی ئارامدا گەشەی دەکرد و قازانجی بەرهەم دێنا. ئەوە ڕۆژگاری پەرەگرتنی سەرمایەداری بوو. بەڵام لە ئێستەدا، جیاوازە. بەشێکی هەرەگەورەی سودی سەرمایە لە نانەوەی قەیران و شەڕدایە. ئاخر لەشەڕدا، چەکوچۆڵ و بۆمب پێویستە، لۆجستی پێویستە، نان و ئاو پێویستە، داوو دەرمان پێویستە، خورد و خۆراک پێویستە، ڕێگە و گواستنەوە پێویستە، هەموو ئەوانە لای کێیە؟ لای ناوەندەکانی سەرمایەدارانن. زۆرترین قازانج پێویستە، لە کوێیە؟ لە هەموو ئەو شوێنانەیە کە گۆڕەپانی شەڕن. کەواتە بەردەوامی شەڕ و قەیران دوو سودی هەیە:

١-دەستبەسەر شوێن و ووڵاتەکاندا دەگرێت.

٢-قازانجی زۆر و زەوەند بەدەست دێنێت.

بۆ ئەوەش دەبێت، قەیران دروست بکەن و شەڕ هەڵگیرسێنن. بۆیە ئەو شەڕانەی هەیە، شەڕی سیستەمی سەرمایەیە بە مرۆڤایەتی، ژینگە و گەردونی دەفرۆشێت، لە پێناوی زۆرترین قازانجدا. ئەگەر لایەنەکانی ناو شەڕ هەڵسەنگێنین، ئەوا دەبێت بڵێین؛ هەموو هێزەکانی گڵۆباڵ، دەوڵەت نەتەوە و دەوڵەتە ناوچەییەکان بەئاستی پەیوەندی و ناکۆکی بەشدارن لە پشکی شەڕەکاندا. بۆیە ئەم شەڕانە شەڕی پشک و ناکۆکی و پێکەوەبوونە. دەبێت مرۆڤە ئازادەکان هەڵسەنگاندنیان لە ئاستی ناسینی قوڵی شەڕەکان و هێزەکانیدا بێت.

ناکرێت ئەمریکایەک، کە کیسنجەر لەسەری دەڵێت( چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لە جیهاندا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نی یە ، بەڵکو لە بەرژەوەندیی خۆیدایە کە جه له وی  هە وو کێشەکان له ده ستی  خۆی بێت و  ئەو کاتە  دە توانێت بە پێی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکا بجوڵێنێت…) هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، چاوەڕوانی فریادڕەسی لێبکەیت وهیوات بە چارەسەری قەیرانەکان هەبێت پێی. ئەمریکا وەک هێزێکی گڵۆباڵ لەسەر بێ ئەخلاقی و دەستبەسەرداگرتن دامەزراوە بۆیە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. بەڵکو دروستی دەکات و لە ژێر دەستی خۆیدا بەڕێوەی دەبات. بۆیە ئەمریکا هێزی چارەسەری کێشەکان نیە. بەڵکو قەیرانەکان لە ژێر کۆنترۆڵدا ئاراستە دەکات.

هەروەها دەڵێن “ئەمریکا بێهێزە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت و هەندێکیش فشار دەکەن لە ناوچەکە دەری بکەن”. بەڵام ئایا ئەمریکا ناوچەکە چۆڵ دەکات و بەجێی دەهێڵیت؟ بۆ وەڵامئ ئەو پرسیارە دەبێت، هەم شەڕەکە بناسین، هەم لایەن و ئامانجەکانی شەڕەکە و هێزەکانی ناوی و ناوچەکە و هەستانەوەی گەلانی ناوچەکەش بناسین!

بەبێ لێکدانەوەی قوڵ ناتوانین، بێ دەنگی یاخود جوانتر بڵێیت باڵادەستی ئەمریکا بەسەر کردەوەکانیدا بناسین. بۆیە ئەم شەڕەی هەیە، شەڕی جیهانی سێهەمە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش گەرمترین و کاریگەرترین پنتی ئەم شەڕەیە. بەهۆی جیۆپۆلەتیکی ئابوری، ووزە، مێژوویی و کلتوریەوە گرنگی زۆری هەیە و کێ لەم ناوچە و جوگرافیایەدا سەرکەوتو یان چەندی پشک و جێگە هەبێت، ئەوەندە لە جیهاندا جێگە و دەستی هەیە و وەک هێزێکی گڵۆباڵ کاریگەری هەیە.

لایەنێکی گرنگی ئەم شەڕانە، هەستانەوەی گەلانی خۆجێی و بەتایبەت گەلی کورد و کلتورە سروشتیەکەی و تیئۆریزەکردنی وەک پارادیگمای چارەسەری قەیران و کێشەکانی نەتەوەیی، مرۆڤایەتی، ژینگە و سیستەمە قەیراناویە شێرپەنجەییەکەی سەرمایەیە. بۆیە نەناسینی ئەم ژیانەوە و بوونە هێزەی کوردان و پارادیگماو سیستەمەکەی وامان لێ دەکات، بە چاوەڕوانیە دۆنکیشۆتیەکان، بەدوای فریادڕەسە گڵۆباڵەکاندا بگەڕێین و هەمیشە خۆ بچەمێنین و بشکێنین.

تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بوەتە فیگەرێکی کاریگەری هێز و لە ناوچەکەدا، ئەگەر ڕاگەیەنراویش نەبێت،  حسابی بۆ دەکرێت. لایەنێکی گرنگی شەڕەکە، شەڕی سیستەمی مۆدێڕنیتەی گڵۆباڵ و دەوڵەت نەتەوەیە، بەرامبەر مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و پێشەنگایەتیەکەی بۆ گەلانی ناوچە و بەڕێوەبەرێتیەکەی. ناکرێت لەدەرەوەی هەڵسەنگاندنێکی لەو شێوەیە ئەو شەڕە کۆنترۆڵکراوە بناسین. ناکرێت بوونی ئەو هەموو هێزە پرۆکسیە توندئاژۆیە لە ناوچەکە بناسین. بۆیە بونی داعش و حەماس و حوسی و هاوشێوەکانیان بۆ گەمارۆدانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و ئازادی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەیە. ئەوەی پێویستە، هوشیاری گەلی کورد و ئەو بەشە لە چاوەڕوانیکەرانە کە چاوەڕوانیەکانیان سەرڕاست بکەنەوە و لەگەڵ گەلەکەی خۆیاندا بەدورایی و قوڵی شەڕی جیهانی سیهەم لە گۆڕەپانەکان، هێزەکان تێبگەن و پێکەوەیی نەتەوەیی چاوەڕوانیەکانیان لە خۆیان و گەلی خۆو گەلانی ناوچەکە بێت.

کلتوری ناوچەکە دێرین و دایک و خاوەن شارستانیەتە، خۆراک پێدەری مێژوو و هەبوونە. ئەم شەڕە لایەنە هەرە گرنگەکەی شەڕە لەدژی ئەم شارستانیەتە خۆراک پێدەرە. بۆیە مانەوە لەناو ئەو کایەدا کوشندە دەبێت، پێویستە مرۆڤ بە بڕوا بەهێزی خۆ و ئەو کلتورە مێژووییە لەم شەڕەدا بەدوای ئامانجەکانی؛

  • نەتەوەی دیموکرات.
  • کۆمەڵگەی ئازاد و خۆسەر.
  • تاکی بەخۆبڕوا و خاوەن کەسێتی ئازاد.
  • پێکەوەژیانی گەلان و
  • ئازادی ژنەوە بێت.

بەو شێوەیە دەبێتە خاوەن ئامانجی کۆمەڵگەی ئازاد و خۆسەر و هێزی کاریگەری بنیاتنان و ئازاد.

  • لەم باسەی شەڕی سێهەمی جیهاندا، باسی ئاسمیلەی کلتوری و فەرهەنگی چ واتایەکی هەیە؟ لەپەیوەند بەم شەڕەدا کورد چ جێگەیەکی هەیە و ڕەوت و هێڵە جیاوازەکانی ناو کوردان چی بەرهەم دێنن؟

کۆتایی عوسمانیەکان، کۆتایی دەورانی هەژمونیەت و باڵادەستی دوو پیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی بوو، کە مۆری خۆیان لە قۆناغێکی چەند سەدەیی ناوچەکە دابوو. بەڵام بە کۆتایی هاتنی عوسمانیەکان، قۆناغی نوێی سەرمایەداری دەوڵەت نەتەوە هاتە پێشەوەو مۆری خۆی لە قۆناغی نوێ دا. بەڵام قۆناغی نوێ پڕ لە ئازار و کوشتاربوو بۆ گەلی کورد. لەبەرئەوەی سیستەمی نوێ لە ئەنجامی مێژوو کلتوری دزراو و بەرهەمە فکری و کلتوری و فەرهەنگیەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی گرتبوو، بوبوە دەزگای فکری و دامەزراوەیی. بۆ ئەمە شەڕێکی وێرانکەر بۆ ناوچەکە ڕەنگڕێژکرا.

بۆیە کوردان بونە بۆمبی کاتڕێژکراوی ناو ناکۆکیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئینکاری ئەم گەلە سیستەمەکەیان دامەزراند و لەسەر وێرانە خاکی ئەم نیشتیمانە کۆمەڵێک نەتەوەی، دەوڵەتیان دروست کرد و وەک خوێن مژە و وەحشی سەپاندنی شارستانیەتی سەرمایەداری بەریاندانە گیانی ئەم گەل و نیشتیمانە و خاک و ناسنامەکەیان خستە ژێر گۆڕ و گۆڕ گووم کرا.

بۆیە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە لەسەر بێ ناسنامە هێشتنەوەی کوردان و خاکەکەی دامەزراو، بووە هۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتی قڕکردن. تەمەنی ئەم سیستەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ١٠ تا ١٢ دەیە دەچێت. کە ئامانج نەهێشتنی کوردان و کلتورەکەیان بوو. بەڵام دۆخ بەشێوەی دڵخوازی ئەو سیستەمە و هێزە گڵۆباڵە نوێیەکەی دەرنەچوو، نەشکایەوە. بەڵکو لە سەرەتاکانی ئاواکردنی سیستەم و دەوڵەت نەتەوەدا بەرخۆدان و ڕاپەڕینەکانی کوردان تەنگی بە سیستەمە داگیرکاریە قڕکەرەکە هەڵچنی. بۆیە گۆڕانکاریەکانی دوای شەڕی دووەمی جیهانی بەخۆداهاتنەوەی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی بەدوادا هات و خۆی نوێکردەوە و لە ناو کورداندا، هێڵێکی دەستەمۆو داگیرکاری دروستکرد. کە بتوانێت یارمەتی ئەو سیستەمە قڕکەرە بدات.

بێگومان هێزی بەڕێوەبەری سیاسەتی داگیرکەری قڕکەر، کوردانی بەکدێگیراو، دەرەبەگ و خێڵ و بنەماڵە تەسلیمچیەکانن. ئەم هێزە میللیگەراییە سەرەتاییە کۆمپرادۆرە بەرژەوەندپەرستە. هەر ڕاپەڕین و بەرخۆدانێکی کوردانی بەخۆوە گرێداو لە چوارچێوەی بەرژەوەندی – دەسکەوتدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ پرسی داگیرکاری و بەرخۆداندا کرد، نەک ماف و حەقیقەت،  سیاسەتی تەسلیمیەت و ملکەچی پەرەپێداو و درێژەی بە سیستەمی داگیرکاری داو لە خزمەتی دەوڵەتە سەردەستەکانی کورداندا سیاسەتی دەکرد. لە کوێدا داگیرکەر پێویستی بەچی بووبێت، بەگوێرەی ئەو پێویستیە خۆی ئارایشت کردوەو کەوتوەتە خزمەتی سیاسەتی داگیرکەر و قڕکەر.

سەرلەنوێ ئاواکردنی سیاسەتی دژە داگیرکاری، چەندە سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەکانی تەنگاو و بێ چارەکرد، ئەوەندەش لێدانی لە هێڵی بەکرێگیراوی داگیرکاری دا. بۆیە مۆدێڕنیتەی سەرمایە و دەوڵەت نەتەوە و هێڵی بەکرێگیراوی بەشێوەی نوێ کەوتنە شەڕ و دژایەتی لەگەڵ گەلی کورد و تێکۆشانە ئازادەکەی. ئەم هێڵە بەکرێگیراوە، لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە بە جوانی بەڕێکخستن کراو ئاراستەی پێدرا. بۆیە شێوازی ئاراستەکەی لەبری شەڕ، کوشتار، زیندان و کۆمەڵکوژی. ئاسمیلەکردنە، واتە تواندنەوە و وەک خۆ لێکردن لە ڕێگەی دەستێوەردان و گۆڕانکاری لە کلتور و فەرهەنگیدا. بۆ نمونە مێژووەکەی دەشێوێنرێت. هونەری خراپ دەکرێت، زمانی تێکەڵ و پێکەڵ دەکرێت، گوندی تێکدەدرێت، شار و لە ناو شاردا شارەکان پەرەی پێدەدرێت و کۆمەڵکوژی زهنی پەرەی پێدەدرێت، گۆرانی دەکرێتە بازاڕی سیکسواڵی و چێژی دوو لێوان مەم و سێوی بن باخەڵ، خێزان دەکرێتە گۆڕستانی جوانی و بەها ئەخلاقیەکان، ماڵ دەکرێتە جندەخانە و بەتاڵ کردنەوەی ڕەمەکی پیاو و خاڵی کردنەوەی هەستە نەشیاوەکانی، ژن دەکرێتە کۆیلە و سواڵکەر و خزمەتکاری ئاشپەزخانە. قوتابخانە، زانکۆ، مزگەوت دەکرێتە شوێنی بەرهەمهێنانی بێ فەرهەنگترین پیاو وژنی سیستەم و کۆیلە و توندڕەو و توندوتیژ.

بۆیە سیستەم کاتێک لە ڕێی توندوتیژی و کوشتارەوە ئەنجامی بەدەستنەهێنا، لە ڕێگەی ئاسمیلە کردنەوە دەیەوێت بە ئانجام بگات. ستاتۆی هەرێمی کوردستان و زهنیەتی فەرمی، هاوکار و یارمەتی دەری ئەو سیاسەتە ئاسمیلەکردنەیە. لە ڕێگەی؛

١-ڕەشکردنی هێڵی تێکۆشانی ئازادی کوردستان.

٢-ڕەوایەتی دان بە داگیرکاری و سیاسەتی کوشتار و تەسلیم کردنی خاک بەداگیرکەر.

٣-پارچەکردنی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردان و نانەوەی ناکۆکی و دروستکردنی شەڕو دوبەرەکی و چەند بەرەکی لە ناو هێز و پارچەکانی کوردستاندا.

٤-پەرەدان بە هێڵی بەکرێگیراو – داگیرکەر – سیخوڕ و هاوکاری سوپایی و لەشکری و چەکداری بۆ داگیرکەران.

٥-دروستکردنی گیانی نامۆیی و داگیرکاری بابەتی و ڕوخساری دڵگیری و تامەزرۆیی بۆدوژمن، وەک چۆن دەڵێن ئەو ئاژەڵە کۆیلەیەی کە چەقۆی قەسابەکەی لە کاتی سەربڕیندا دەلێسێتەوە.

٥-خۆ خستنە جێگەی بیرکردنەوەی گشتی و ڕەوایەتی دان بەخۆ، لە ڕێگەی باڵادەستی، قوربانیدان و نیشاندانی خۆ وەک مەزڵوم لە ڕێگەی ئەم تێکۆشان و شۆڕشەدا.

٦-تێکدانی هێڵە گشتیەکانی نێوان شۆڕش و خیانەت و تەسلیمیەت. سەپاندنی ڕوانگەی بەکرێگیراوی تەسلیمیەت بەسەر خەڵک و پێملکردنیان بە ڕوانگەکەی خۆی.

٧-خەڵەتاندنی خەڵک لە ژێر ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و کردنەوەی دەروازەی کوشتارگە و پەرەپێدانی.

٨-دروستکردنی هێزگەلی دڵخوازی خۆی و پەیوەندی دروستکردنی نابەجێ لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکان و لێدان لە کۆمەڵگە.

٩-پشتگوێ خستنی کۆمەڵگە و دەستور و یاسا دیموکراتیکەکان کە بتوانن کۆمەڵگە و سیستەمی بەڕێوەبەری ڕەنگڕێژبکەن، بۆ شیاوترین ئاستی ئازادی، ئارامی و ژیانێکی شایستە.

١٠-دروستکردنی باندی قاچاخ، لە ڕێلادەر و بکوژی خەڵک. پەرەدان بەتوندوتیژی و کوشتار و دروستکردنی کەشی باڵادەستی بۆ بنەماڵە و هێزە چەکدار و کەسێتیە لۆمپەنەکان.

١١-لە هەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر، پەرەدان بە زهنیەتی باڵادەستی دەوڵەتگەرا و هێزی توندوتیژ و کۆیلە، لە پاڵ ئەوەدا پەرەدان بەزهنیەتی، پیر و پیاوسالاری ڕەگەزگەرای پیاوگەرا. دروستکردنی سوپای کۆیلەی کۆمەڵایەتی.

بێگومان خودی کۆمەڵگەش لە بەرامبەر ئەم هێڵە هاوکارەی سیاسەتی ئاسمیلەدا، بێ دەنگ و بێ سەنگ نیە. بەڵکو وەڵامی ئەو سیستەمە داگیرکاری بەکرێگیراویەی، بە نەتەوەی دیموکرات، کۆمەڵگەی ئازاد و سیستەمی ئیکۆلۆژی، ژینگەیی، ڕەگەزی داوەتەوە و لەو پێناوەدا پشت بەستە بە ئاواکردنی زهنیەتی کۆمەڵگە و ژنی ئازاد، دەیەوێت مۆری خۆی لە ئاراستەی سەدەی ٢١ وەک سەدەی ئازادی کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی ژن بدات و بۆ ئەو تێکۆشانەش لە ناو جەنگاوەری و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و لێدان لە شێرپەنجەی شارگەرایی و ڕەگەزگەرای پیاو و پیرسالاریە.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …