بەدروشمی «نا بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بژی بەرخۆدانی عەفرین» یادی پێنجەمین ساڵەی هێرشی داگیرکردنی عەفرین کرایەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢١/١/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی بە دەستپێشخەری نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا، مەراسیمێکی تایبەت بە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا لەلایەن خانەوادەی شەهیدانەوە ٥٨ مۆم هەڵکران، وەک هێمایەک بۆ ٥٨ڕۆژ بەرخۆدانی گەلی عەفرین و شەرڤانان. پاشان لەلایەن سمکۆ ڕەشیدەوە ئەندامی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بەیاننامەی بەرەکەیان خوێندرایەوە تێیداهاتبوو، دوای پێنج ساڵ ئێستاش ڕۆژانە دەوڵەتی تورک و گرووپە بەکرێگیراوەکانی دەستدرێژی بەردەوام دەکەنە سەر کورد و کوشت و بڕ ئەنجامدەدەن، هەموو ئەمانەش لەپێش چاوی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دوور لە ئەخلاق و مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.
باسی لەوەشکرد و وتی: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە هەرگیز هێرشی داگیرکاری و کوشت و بڕ و سیاسەتی نکۆڵی کردن لە سەر کورد هیچ ئەنجامێکی نابێت، تاکە چارەسەری بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە، گێڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف، بە گفتوگۆ و لەسەر مێزی دیالۆگ.
ئەو ئەندامەی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا وتیشی: لێرەشەوە داوا لە ڕای گشتی جیهان دەکەین، چیتر چاوپۆشی لەدڕندایەتی دەوڵەتی تورک نەکەن و واز لە سیاسەتی دوو ڕوویی بەرژەوەندپەرستانەیان بهێنن، چونکە بەم کارە هەموو دروشمە قەبەکانیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ.
لەکەسایەتی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی عەفرین و هێزی ڕزگاریخوازی عەفرین، سەرجەم شەهیدانی دۆزەکەمان یاد دەکەینەوە، لەئەنجامی داگیرکاریی عەفرین،سەدان هەزار کورد ئاوارەبوون و چەتە و خێزانەکانیان بەجێکران، خەڵکی عەفرین ڕوویانکردە شەهبا، ڕژێمی سووریاش دەیەوێت ئیرادەی گەلی عەفرین بشکێنێت و گەمارۆی جۆر بەجۆریان دەخاتەسەر بەڵام ئەوان دەست لەشەهبا هەڵناگرن، هاوکات دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک بەردەوام هەڕەشە لە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و ئێمەش هیچکات بێدەنگ نەبووین و سوورین لەسەر دامەزراندن و پێشخستنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەری.
پاشان بەڵگەفیلمێک لەسەر شاری عەفرین و ٥٨ڕۆژی بەرخۆدان و هێرش و داگیرکارییەکانی سەر ئەو شارە نیشاندرا.
لەکۆتاییشدا جاویدان حەسەن وتاری پارتی یەکیتی دیموکرات-پەیەدەی پێشکەشکرد و وتی: ٥٨ڕۆژی بەرخۆدانی عەفرین لە ٥ی ساڵی داگیرکاریی واتادارترە، ئێمە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و گرووپە چەتەکانی شەرمەزاردەکەین و بەرخۆدانی شەرڤانان پیرۆزدەکەین، ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک دیسان دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پێویستە لەم کاتەدا ڕژێمی سووریا ئاگاداربێت نەکەوێتە ناو یاری ئەردۆغان و داخوازییەکانی تورکیا جێبەجێ نەکات، چونکە سەرەتا سووریا دوایش ڕۆژئاوای کوردستان لەناودەبات، پێویستە چیتر سنورێک بۆ هێرش و دڕندەیی دەوڵەتی تورک دابنرێت، بانگەوازیی ئێمە لە ڕای نێودەوڵەتی ئەوەیە کە خاوەندارێتی لە عەفرین بکەن بۆ ڕزگارکردنی، هەروەها هەموو گەلی کورد خەبات و تێکۆشان بەردەوامی پێ بدەن تا ئازادبوونی عەفرین.
س-ع