یادی ناگیهان ئاکارسەل لە شوێنی تیرۆکردنەکەی کرایەوە

 

ژنانی ئازادیخواز و ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک لە چلەی شەهید زیلان  لە شوێنی تیرۆرکردنی  مەڕاسیمێکی تاجە گوڵینەیان  بەڕێوەبرد و بەڵێنیان دا کە درێژە بە ڕێبازی شەهید ناگیهان ئاکارسەل بدەن.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە ١٢/١١/٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی و لە گەرەکی بەختیاری  و لە شوێنی شەهیدبونی هەڤاڵ ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ، کە لە ٤ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک و ژمارەیەک لە ژنانی ئازادیخواز بە ڕێپێوان تاجەگوڵینە و مۆمیان لە شوێنی شەهیدبوونی دانا و لەم ڕۆژەدا دووپاتی درێژەدان بە ڕێبازی ناگیهان ئاکارسەلیان کردەوە.

هەر لە مەڕاسیمەکدا  سارا ڕەزا لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوەو وتی: لە بارودۆخێکدا یادی چلەی شەهیدکردنی ئەو شەهیدە دەکرێتەوە، کە ژنان لە تەواوی جیهان تێکۆشان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەنجام دەدەن، ئەو ئەقڵیەتەی ژن پەراوێز دەخات و بەردەوام هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، هەوڵ دەدات ژن خاوەنی ناو و نازناوی خۆی نەبێت، بۆیە بەردەوام ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کردووەتە ئامانج.

ئەمەش تەنها لە باشووردا ڕوونادات، بەڵکو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانیش ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و تیرۆر دەبنەوە، هەر وەک ئەو دۆخەی، کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی شەهیدکردنی ژینا ئەمینییەوە دروستبووە”.

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەشکرد و ڕایگەیاند: ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە دامەزرێنەر و پێشەنگی فکری ئازادیی ژنە دروشمی ژن،ژیان، ئازادی ئاشنای گەلی کورد و گەلانی جیهان کرد، ئێستاش لە تەواوی جیهاندا دەوترێتەوە، چونکە واتای ژیان و ئازادی بەهێزتر کردووە بە جۆرێک دایکانی شەهیدان لە بری پرسەگێڕان ورەیان بەرزە و سورن لەسەر بەردەوامبوونی تێکۆشانیان.

لە کۆتایشدا جەختی لەوەکردەوە وتی: “هەرچەندە شەهید ناگیهان بەردەوام هەوڵی کۆکردنەوەی خەباتی ژنانی دەدا لە کوردستان، بەڵام شەهیدکردنی نابێتە بەربەستێک لە وەستانی تێکۆشانی ژنان، بەڵکو شەهیدکردنی دەبێتە درێژەپێدەری ئەو بەڵێنانەی لە تەواوی ژیانیدا بۆ ئازادی ژن داویەتی، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پەیمانی خۆیان بۆ هێڵی شۆڕشی ئازادیخواز دووپات دەکەنەوە، جگە لەوە دووپاتی دەکەنەوە جیاوازییەک نییە لەنێوان ژنان و پیاوان، بۆیە بەڵێن دەدەین تۆڵەی خۆمان لە هەموو ئەو کەسانە بکەینەوە، کە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی تێکۆشەری وەک ناگیهان ئاکارسەل شەهید دەکەن”.

لە کۆتایی مەڕاسیمەدا تاجە گوڵینەیان لە شوێنی شەهید بوونەکەی داناو  پاشان لەگەڵ داگیرساندنی مۆم درووشمەکانی ژن ژیان ئازادیی، بمرێ خیانەت، نەفرەت لە تیرۆر دەوترانەوە. پاشان کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات.

 

 

س-ع

 

 

 

 

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *