ئیدانەی لە سێدارەدانی چوار گەنجی کورد دەکەین
ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، زۆر بەتوندیی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار دەکەین.
ئەم لێشاوی لەسێدارەدان و بێ ھەڵوێستییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دام و دەزگا نێونەتەوەییەکانی بە ناو مافی مرۆڤ، دووپاتی دەکاتەوە هەمووان لە ژێر چەتری سیستمێکدان جگە لە بەرژەوەندییەکانیان، هیچ بابەتێکی دیکە سەرنجیان ڕاناکێشێ و بە گرنگی نازانن.
بەداخەوە! ئەو ڕەوشەی کە ڕۆژانە گوێبیستی ھەواڵی لەسێدارەدان و تیرۆری ژنان و گەنجانی کوردی خاوەن ھەڵوێست و ئازادییخواز دەبین. هۆکارەکەی پارچەبوون و لێکترازان و یەک نەبوونی ماڵی کوردە کە دەرفەتی گەورەی بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ڕەخساندووە، کەبێ باکانە پێشەنگانی گەلی کورد دەکەنە ئامانج.
لەو بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە پیادا تێپەڕدەبێت، کە راستەوخۆ پەیوەندیی بەگەلی کوردەوە هەیە و کاریگەریی لەسەر دادەنێت و مەترسییەکان زیاترن و دەستکەوتەکانمان بەرەو لەناوچوون دەبات. بەرامبەر بەم دۆخەش، تەنها یەک رێگە چارەمان هەیە ئەوەیش یەکڕزیی سیاسیی و یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد و پێشخستنی پرۆژەیەکی هاوبەشی چارەسەریی سیاسیی و دیپلۆماسیی و خۆپاراستن.
هەربۆیە ئێمە دەتوانین بە ھەڵوێستی یەکگرتوومان، پشتیوانیی لە گەلە کەمان بکەین لە رۆژھەڵاتی کوردستان .
دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
٢٩/١/٢٠٢٤