سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئاشکرایکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا هێزی ئاسمانیی خۆی لە بنکەی عەین ئەسەد بەڕێژەی ٢٠% زیاد کردوە.
جەبار عودە سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی بە (بەغداد یوم)ی ڕاگەیاندوە، “ئەمریکا لە ماوەی ساڵی 2023دا هێلیکۆپتەرەکانی و باقی جۆرەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی بە ڕێژەی 20% لە بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای وڵاتەکە بەهێزتر کردوە”، جەختیشی لەوە کردەوە “زیادبوونی هێنانی چەکی زیاتر، نیشانەی پرسیاری زۆر ئەوروژێنێت، وەک ئەوەی خۆی بۆ هەندێک شەڕ ئامادە بکات“.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێنانی چەکی زیاتر پێویستی بە وروژاندنی پرسیاری زۆر هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ زانینی نهێنییەکانی ئەو شتانەی لە عەین ئەسەد ڕووئەدەن، وتیشی”دۆخی گشتیی ئەوە دەرئەخات کە ئێمە ڕووبەڕووی بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنان ئەبینەوە نەک بنکەیەکی جەنگ.”
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە “هیچ کۆنتڕۆڵێکی بنکەی عەین ئەسەد لەلایەن لایەنێکی عێراقییەوە ناکرێت، جگە لەوەی هیچ کەس ناتوانێت بچێتە ناویەوە جگە لە مۆڵەتی هێزەکانی ئەمەریکا و ئەمەیش پێچەوانەی بنەمای سەروەرییە لەسەر زەوی“.
عەبدوڵا جغیفیی ئەمینداری گشتیی حیزبی ئەحرار فورات لە ئەنبار، پێشتر ئاشکرای کردبوو کە “دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە عێراق زەوییان لە یەکێک لە خێڵەکانی پارێزگای ئەنبار کڕییوە، کە وەک بیابانێک وایە”، ئاماژەی بەوەش ئەکات “ئەمڕۆ قاعیدە لەڕێگەی ئەمریکییەکانەوە فراوانتر ئەبێت“.
جغیفیی پرسیارێکی کرد و وتی: کوا ڕۆڵی جێگرەکان و حکومەتی ئەنبار لە فراوانکردنی بنکەی عەین ئەسەد لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەرەو ڕۆژئاوا؟، وتیشی “ئەگەر ئەو لایەنانە بزانن، ئەوا ئەمە کارەساتێکە، ئەگەر نەزانن ئەوا کارەساتێکی گەورەترە“.
بنکەی عەین ئەسەد (بنکەی ئەلقادسیەی پێشتر) دووەم گەورەترین بنکەی ئاسمانی عێراقە لەدوای بنکەی ئاسمانیی بەلەد، کە ئەکەوێتە ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هێزەکانی ئەمریکا تیادایە و بە درێژایی ماوەی بوونی ئەمریکا لە عێراق بەکاریان هێناوە وەک بنکەیەکی ئاسمانیی و ناوەندێکی سەرەکیی بۆ گواستنەوەی سەرباز و پێداویستیی.