ئەوانیش ناڕازین و ئێمەش ناڕازی

عادل عوسمان
جیھانی دەسەڵات سیستەمێک بەڕێوەی دەبات بەشێوەیەکی زۆرخراپ. کاریگەریەکانی ئەو خراپیە لەسەر ھەموو بوارەکەنی ژیان و سروشت ھەیە. ئەو سیستەمەی ھەیە، سیستەمێکی دەسەڵاتدارەتی، دەوڵەتی قازانج پەرستە. لەبەرامبەریشدا ژیانێکی کۆمەڵایەتی بە سیستەمێکی بەرگری سروشتی و سەرەتایی لەبەرامبەر دڕندەییەکانی ئەو سیستەمەدا، بەرخۆدان و ژیان دەکات. سیستەمی دەسەڵەت، بەدرێژایی مێژویەکی دور کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە کردوەو ویستویەتی لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنەوە، بێشکێنێت و ملکەچی بکات.
کێشمەکێشەکانی ناو ئەو ململانێیە بە ئاستێکی ترسناک گەیشتوە، کەدەسەڵاتداران، خۆیان کردوەتە کۆمەڵگەو، دەسەڵات و دەوڵەت و لە ڕوانگەی قودرەت تەڵەبیەوە ھەرشتیان گرێدراوی خۆیان کردوە. بۆیە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمەکەیان کایەیەکی گەمژرانەو سیحراویان دروستکردوە، کە ئەوانیش خۆیان کردوەتە ناڕازی و ڕەخنەگر. تەنیا لەپێناوی ئەوەی کە ڕەخنەگری بنچینەیی کۆمەڵگە دەرنەکەوێت و خۆی بەڕێکخستن نەکات. کێشەکە لێرەیە تێگەیشتن لە ناڕەزایەتی و ڕەخنەگریە جیاوازەکان. ئەوان بۆیە ناڕازین، لەبەرئەوەی بەدڵ و گوێرەی خۆیان کۆمەڵگەیان نەپلیشاوەتەوەو ژێردەست نەکردوە.
کۆمەڵگەش بۆیە ناڕازیە، لەبەر ئەوەی مل بەو ژێردەستی و زوڵمەی سەری نادات و بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە گۆڕەپاندایە. ڕەخنەگریەکانی کۆمەڵگە جیاوازی مەزنی ھەیە، ڕەخنەگریەکانی کۆمەڵگە لەپێناوی ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد، پێکەوەیی، ئارام و ئاشتەوادایە. لەپێناوی کۆمەڵگەیەکی خۆسەر، خۆبەڕێوەبەر، ڕەگەزی و ژینگەدۆستدایە، کە ناکۆکی لەگەڵ جیاوازیەکانی نیە. ڕق و کین لەو ڕەنگ، لەو ئایین و ئایینزا، لەو نەتەوەو ڕەگەزی تێدا نیە. ڕەنگەکان، شێوەکان و دەوروبەر دەوڵەمەندیەکانی ژیان و سروشت و گەردوون دەبینێت. کەسایەتیەکان بۆ پێکەوەبون، ئارامی و ئاشتەوایی بانگ دەکات.
بۆیە لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر کۆمەڵگە ئازادو دیموکراتیکەکەی تێکۆشان دەکات و لەبەرخۆدانی پاراستنی بەھاو کلتورە جوان و سروشتیەکاندایە. خۆی بەبەشێک لەژینگەو سروشتەکەی دەزانێت، نەک دەیپارێزێت، بەڵکو پەرەی پێدەدات و خزمەتی دەکات. بۆئەوەش سیستەمێکی ئاواکردوە، کە ژینگەپارێزەو مافی دەستدرێژی بە ھیچ کەس و لایەنێک نادات پێشێلی بکات. پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئافراندوە، کە مافی دەستدرێژی کردنەسەر ئەو سیستەم، ژینگەو دەوروبەرە بەکەس نادات. ئەگەر لەڕێلادانی دەستدرێژی کەرانەش دروستبوو، کۆمەڵگە ھێزی وەڵامدانەوەی خێرای نەبوو، ئەوا ملکەچ و ڕازی نابێت! بەڵکو بەھۆی دینامیکیەتی کاردانەوەی فشارەکانی سەری خۆی ئامادەو پڕ دەکات و ناھێڵێت بەردەوام بێت. بۆیە بەپێی ھەردوو لایەن ڕێ و ڕێباز بۆ چۆنیەتی ژیانکردن و کاریگەری لەسەریەک دانراوە.
ئەگەر سەیری ڕێکخستنی سیستەمەکان بکەین ھەندێ کات تەنیاو ھەندێک کاتیش لەناویەکدان، بۆیە کاریگەریەکانی سەر یەکتریان بەرھەمھێنانی چۆنیەتی توندوتیژی، دڕندەیی و نەرمی و لەسەرخۆییە. کاتێک سیستەمی کۆمەڵگە ھوشیارتر، ڕێکخراوترو ھەستیارتر بێت، ئەوا سیستەمی دەسەڵات قودرەت بێ کاریگەرو بچوک دەبێت. پێچەوانەکەشی ڕاستە، واتە ئەگەر کۆمەڵگە لەبەر یەکھەڵوەشاو، ناھەستیاربوو قودرەت خوازان ڕێکخراوتربوون، ئەوا ھێرشەکانیان دڕندانەتر، کوژەرتر و وێرانکەر تر دەبێت.
سیستەمی دەسەڵات، چوارچێوەو پێوان و یاسا بۆخۆی دادەڕێژێت و بەسەر کۆمەڵگەیدا دەسەپێنێت. بۆنمونە: دەوڵەتی دروستکردوە، وڵاتی بۆ ئاوا کردوە، دەستورو یاسای بۆ داڕشتوە. بەڵام تائەویا پەیڕەوی لێ دەکات کە لەبەرژەوەندی خۆی و خواستەکانیدا بێت. ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپی، ڕوسیا، چین، ئێران، تورکیا، عیراق، وڵاتانی ئەفریقا و زۆر دەوڵەت و وڵاتی تر ھەن، بەپێی پەیوەندیە نیو دەوڵەتیەکان، ئەم دەوڵەتانە وادروستکراون ھیچ لایەن و کەسێک بۆی نەبێت سنورە دەستوری و یاساییەکانی پێشێل بکات و دەستدرێژی بکاتە سەر سەروەریە ڕاگەیەنراوەکانی. بەڵام سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەقەیرانێکی وادایە، کەھیچ سنورو یاساو ڕێسایەک نانسێت. بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ماڵوێرانیەی کە بەھۆی بەرچاوتەنگی و قازانجپەرستیەوە تێی کەوتوە، ھیچ سنورو پێوانەکانی خۆیشی ناناسێت.
دەوڵەتی عیراق، خاوەنی دەوڵەت، دەستورو سەروەری نێو دەوڵەتی خۆیەتی و دانیشی پێدانراوە. لەدەستورەکەیدا لە ماددەی یەکەمدا، ئاوا نوسراوە “کۆماری عیراق دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆیە، سەروەری تەواوی ھەیە، سیستەمی حوکم تێیدا کۆماری پەڕلەمانی دیموکراسیە، و ئەم دەستورە دەستەبەری یەکپارچەیی عیراق دەکات”.
لەماددەی سیشدا، دەڵێت “عیراق وڵاتێکی فرەنەتەوەو ئایین و ئاینزایە”.
لەماددە پێنجیشدا دوو پاتە لە “سەروەری بۆ یاسایەو گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکان و ڕەوایەتیەکەیەتی”.
لەماددە ھەشتیشدا، دەڵێت “عیراق ڕەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش دەکات و پابەند دەبێت بەدەست وەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی دیکە. بەپێچەوانەشەوە ڕاستە”.
ئەوانە ھەندێک لەو بەندە دەستوریانەبوو، کە عیراقی پێ ناسێنراوەو پێ دەپارێزرێت. بەڵام لەبەرامبەر ئەو دەستورەدا، چی دەگوزەرێت.
عیراق بوەتە گۆڕەپانی دەستێوەردان و شەڕی سێھەمی جیھانی و نەک داگیری دەکەن، بەڵکو نەتەوەی کوردی ناویشی پاکتاو دەکەن و ژینگەو سروشتەکەشی کیمیاباران دەکەن و بۆمبی ئەتۆمی و چەکی قەدەغەکراوی بەسەردا دەبارێنن. ژینگە سروشتیەکەی تێکدەدەن و دەیسوتێنن و دارە دێرینەکانی دەبڕنەوەو دەیدزن و کەسیش نیە، لەعیراقدا، وەک دەوڵەت، حکومەت، حیزب قسە لەسەر ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژیانە بکات. کەس نیە بەپێی ئەو پێوانانەی کە بۆ عیراق دانراوە، دەنگھەڵبڕێت و بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان، باسی سەروەری عیراق و ڕاگرتنی ھێرشەکان و وێرانکاریەکان بکات.
ئەو وێرانکاری و بۆردومانانەی بەچەکی قەدەغەکراو بۆسەر خاکی عیراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێت دور لەھەر بەھایەکی مرۆیانەیەو پێشێلکردنی یاساو سەروەریەکانی عیراق، ھەرێم، ژینگەو مافەکانی مرۆڤی جیھانیە. بۆیە دەنگ ھەڵبڕین بەرامبەر بەو وێرانکاریە مرۆیی و ژینگەییەی بەرامبەر عیراق و ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد دەکرێت، ئەرکی دەوڵەت، حکومەتی عیراق، حیزبەکان، ھەرێمی کوردستان و تەواوی کۆمەڵگەی عیراقی و بەتایبەت کوردەکان و گەلانی نیشتەجێی گۆڕەپانەکانی شەڕو بۆردومانەکانە.
دەوڵەتی تورک لە بێدەنگی دەوڵەت، حکومەتی عیراق و ھەرێم، کۆمەڵگەی عیراق و کوردان و خەڵکی خۆجێیدا، خەریکی کوشتارو کۆمەڵکوژی و سوتاندن و کیمیاوی کردنی سروشت و ھەرێمی کوردستانە. ئەو ھەموو بەندو ماددە دەستوری و یاساییە ناوخۆیی و جیھانیە، لەدەرەوەی ویژدان و ئەخلاق، یارمەتی دەری بوێری دەنگ ھەڵبڕینی ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژیە مرۆیی و ژینگەییەیە کە خەریکە لەبێدەنگیدا بەڕێوەدەبرێت، دەکات.
پێویستە ھەموان کار بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژیە مرۆیی و ژینگەییەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەچاوپۆشین لە ھۆکارە دروستکراوو خڕاپەکانی. بێدەنگی ڕەوشی عیراق، ھەرێمی کوردستان، پارت و ھێزەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەواوی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە!. بۆیە بۆ ڕاگرتنی وەرنە مەیدان.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *