لاست ئەمین
زیاد لە دە ساڵە بانگەشەی نائومێدیی ئەكەم.. هاوار بۆ بێ هیوایی ئەكەم.. هەر جارێك سیاسییەك، كۆڵتێك، كۆمپانیایەك دائەمزرێت و درۆی هیواو ئومێد ئەبەخشێتەوە، من زەنگی ئاگایی لێ ئەدەم و بێ چەند و چوون بە هەموو توانامەوە، دژیەوەستم.
بۆ ئەوەی، بێ ئومێد نەبیت، ئەبێت بە بانگەشەی هیچ ساختەچییەك فریو نەخۆیت و ئومێددارنەبیت.
بۆ ئەوەی، بێ هیوا نەبیت، هیوا لەسەر خەونی هیچ قەحبەیەكی سیاسیی هەڵمەچنە.
مەلاكان، سیاسییەكان، بازرگانەكان، بە درێژایی ژیانیان لە پێناوی گەیشتن بە خەونەكانیان، لە پێناو دەوڵەمەند بوون و خۆشگوزەرانیی، لە پێناوی ناوو ناوبانگیان، درۆی هیواو ئومێد ئەبەخشنەوە، ئێوە هەمیشە هەموو هێزو تاقەو ئابوریی خۆتان لە پێناوی ئومێدو هیوای ئەوان بەفیڕۆ ئەدەن. ئەوان، ژیانیان خۆشەبێت و ئەگەنە ئامانجەكانیان، ئێوەش لە پێشتر ڕسواترو تێكشكاوتر ئەبن.
كۆمپانیای گۆڕان دروستكرا بە هیوای ئەوەی ژیانتان خۆشتر بكەن! بە ئومێدی ئەوەی لە دەستی مافیاو چەتە ڕزگارتان بكەن! خاوەنی گۆڕان و هەلپەرستەكانیان، دەوڵەمەند بوون، ژیانی خۆیان لەسەر ئەحمەقیی ئێوە گۆڕی و پایەكانی حوكمی چەتەشیان بەهێزتر كرد. ئێوەش، خراپترو داڕزاوتر و لاتتر بوون.
ئەوان، بە خەونەكانی خۆیان لەسەر ڕەنج و عارەق و خڵەفاوی و خۆشخەیاڵیی ئێوە ئەسپی خۆیان تاوداو گەیشتنە ئامانج و مەرامەكانیان. ئێستا، چەتەی نوێیان بۆ دروستكردون، كۆمەڵی دادگەریی خۆیان بە بەرەی ئێوە ئەزانن! یەكگرتووی ئیسلامیی لە پێناوتان تێدەكۆشێ و گوایە بەرهەڵستكارن! هەموویان ئەسپی خۆیان تاو ئەدەن و حەشاماتێك لەو گەمانە تێر نەبوون و هێشتا لەناو هیواو ئومێدی ئەوانە، ئەخولێنەوە!
بەڵام، خۆشبەختانە، زۆرینەكە بە هۆش خۆی هاتۆتەوەو بە ئاگاییەوە كە هیچشتێكی لە دەسەڵاتدا نییە بەرامبەر چەتەو مافیاو بازرگان و قەحبە سیاسییەكان، لەو نائومێدیی و هیوایەی كە كەرەستەی شۆڕشی بنەڕەتیی و ڕاستەقینەیە، نیشتیمان جێدێڵن و حوكمی چەتەكان ڕەتەكەنەوە.
سەیركەن;
ئێوە ئەم وێنەیەی من بێننە پێش چاوەكانتان، لەسەر وەرەقەیەكی سپیی بازنەیەكی خڕ بە مرەكەبێكی ڕەش دروستكراوە، ناوو ناوەڕۆكی حوكمی چەتەكانە.
پێكهاتوە لە حكومەت، پارلەمان، دادگاكان، شارەوانییەكان، هێزی میلیشیایی، دەسگای سەركوتكەرو جاسوسی ئەمنیی، هەموو جۆرەكانی میدیا، چەندین كۆڵت و مۆب و گروپو تاقمیی مافیایی و چەتەیی، چەندین قەحبەی بەناو سەربەخۆو ئەكادیمیی و نووسەرو ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیر و هتد..
هەر گروپ و ڕێكخراوێك، هەر كەسێكی سیاسیی، چالاكەوان و ڕۆشبیرو نووسەرو هتد.. بە شێوەیەك لە شێوەكان دان بەم سیستەمە چەتەگەرییە بنێ و داوای مۆڵەتی حیزبی بوون و میدیایی و هتد..بكات، چەند بانگەشەی دوژمن بوون و ڕووخاندنی حوكمی ئەم چەتانە بكات، ئەوەندە خزمەتی سیستەمەكە ئەكات و هەڵپەیەتی لەسەر فریودانی ئێوە، باشترین شوێنی پێببڕێت لەسەر پاروە چەورەكە.
تەنها، باوەڕ بەو هێزو گروپ و كەسانە بكە، كە دژی سیستەمە چەتەییەكەیە، دژی سەرتاپای كولتوورە سیاسیەكەیە، دژی هەمووشتێكی پیرۆزكراوی ئەمانەیە..
هەر ڕۆژێك گروپ و ڕێكخراوێك دروست بوو، داوای مۆڵەتیی لە حكومەتی چەتەكان نەكرد بۆ كاركردن، بانگەشەی بەشداریی هەڵبژاردن و چونە پارلەمانی
نەكرد، بانگەشەو شیعارەكان و خەتی فیكری و سیاسی ڕادیكاڵ بوو دژی ئەم چەتەو مافیایانە، ئەوە ئەو هێزو گروپەیە كە بەڕاستی ئەیەوێت ئەمانە ڕیشەكێش بكات و كۆتاییان پێبێنێت. ئەوكات تۆش ئەتوانیت بەشداربیت لەگەڵیان و یەكێك بیت لەوان.
پێویست بەوە ناكات ئەو هێزە چەكداربێت، ئەبێت تەواو مەدەنیی بێت، بەڵام خەتە فكری و سیاسییەكانی ڕادیكاڵ وتوندوتیژبن. هەر هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دەربڕینێك بۆ داواكردنی هیچشتێك نەبێت، جگەلە دروشمی ڕووخان. مانگرتن ڕابگەیەنێت، شەقام و بازاڕ بوەستێنێت و هتد ..
ئومێدێكت پێنادات وەرە دەنگم بدەرێ بۆتەگۆڕم! وەرە لەگەڵمبە هیوات هەبێت ئەم سیستەمە ئەگۆڕین و ژیانت خۆشەكەین! هیچ هیوا بەخشینەوەیەك نیە، هیچ ئومێدێك نیە، لە ئاكامی نەبوونی ئومێد و هیوا، هەر یەكێكتان ڕابەڕێكن و حوكم و دەسەڵاتی چەتەكان ئەڕووخێنن.
كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەم چەتەو مافیایانە، بە سروشتیی شتێكی باش و ڕاستە..گرنگ مرۆڤ بە ماناوە بژی و بۆگەن نەكات و تەسلیم و ملكەچی ئەو واقیعە نەبێت.
ئەم ڕاكردن و قبوڵنەكردنەی خەڵك لە دەستی حوكمی چەتەكان، بۆ خۆی، ئاكتێكی شۆڕشگێڕییە لەم بێ دەسەڵاتییەی ئێستای خەڵك.
ئەگەر شۆشم بەرامبەرت پێناكرێت لە ئێستا، بەڵام نامانەوێت دەسەڵاتیشتان قبوڵ بكەین.
ئەگەر نەمانتوانی لێتان ڕاپەڕین، خۆ ئەتوانین فریوی چەتەو مافیاو بازرگان و قەحبەی سیاسیی كۆن و نوێ نەكەوین و چیتر نەبین بە خۆڵەمێش.
بەردەوامەبێ ..