سالاری بازیان
چەند شانۆگەرییەكی پڕ بینەرە،چ كەرنه ڤاڵێكی دیموكراتیه كاتێك له نێوان درێژکردنەوەی تەمەن یان نەکردنەوە، زۆرینەیەك (بەناوی دیموكراتیەتەوە) تەمەنی خۆیان درێژدەكەنەوە و ناوچەكه لەژان و كوڵاندایە.
باشووری كوردستان و هەرێمەکەی لەناو خوێنی دەیان برینی ساڕێژ نەبوودا تل دەخوات، ئێوەش لەوهەموو بێدادییەدا، لەکوێی ئازار و کێشەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدان، هیچیشتان پێنەوتین چیتان پێیە بۆ ئەمە تەمەنە نەو بەهاریەتان..
ساڵانێکە پەڕلەمان بووەتە شانۆی نمایشی جوراو جۆر، ساڵانێکە ئەم دەزگا گەورەیەی یاسادانان بووەتە هۆیەک بۆ ڕووپۆشکردنی سیستمێکی خێزانی بێ فەر، بووتە جێگەی شەرعیەتدان بەناهەقی و نادادپەروەری، ئەمەیە دیموكراسی درۆزن و هەڵبژاردنی ساخته دوا فۆرمی شكستخواردوی حوكمرانی خاورمیانه و هەرێممەکەی ئێمەیە چونكە حزبەكان لەگەڵ هەموو دنیا سیاسەت ناكەن لەگەڵ خەڵكەكەی خۆیان نەبێت.
ئیستا دەپرسین، هەڵبژاردنی ئالەو چەشنە دەتوانێت چی بگۆڕێت؟.كومەڵگەی كوردەواری بەئومێدێكی زۆرەوە متمانەی خستە بەردەستی ئێوە ئێوەش نەك هیچتان نەكرد ئەو تروسكاییەی ئومێدی كوردەواریشتان فەنا كرد، هەقە خەڵك تەنانەت هەموو ئەوانەشی كە هێشتا تەمەن رێگەی پێنەداون بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بپرسن لەم ٣٢ساڵە ئەم پەرلەمانە نازدارە کام بەردی خستووەتە سەر بەرد بۆ بیناكردنی كۆمەڵگەیەكی ساخڵم، ئاخۆ توانیویەتی چی بكات کە خێر و بێری میللەتی تێدا بێت؟.
ئیستا لەسایەیی سیاسەتی فشەكردن بە پەڕلەمان و هەڵبژاردنەوە، ئەودوانە بوونەتە دوا بزماری ئەو تابوتەی كە نەوەی ئایندە بەنیازبوون هیوا و ئومێدی لەسەر هەڵچنن و لە داهاتوویەکی گەشی پێ بینابكەن.
خەڵکانی هەلپەرستی ناو ئەم شانۆیە کە دەسته دەسته بوون بەسەربار بەسەر كۆمەڵگەوه، ئێستا گەرمتر هات و هاواریانە و دەیانەوێت خۆیان كاندید بكەنەوە و کڵاوێکی تر بخەنەوە سەر میللەت، ڕووداوه سیاسیەكانی ناوچەکە و جیهانیش ئاماژەن، کە سەرجەم نەخشەی سیاسی ناوچەكه گورانكاری بەسەردا دێت، جا مژده بێت لەو پەرلەمانەی كە هەر بەنیوه ناچڵ له دایك بووە، بەنیوه ناچڵیش دەمرێت.