‘دۆخی ئیمراڵی زۆر لە دۆخی ئەو دوورگەیەی ماندێلای تێدا دەستبەسەر کرابوو دژوارترە’

پەرلەمانتاری سویسری د. بێپی ساڤاری-بۆریۆلی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆشەگیری رەها لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و رایگەیاند، “دۆخی ئیمراڵی زۆر لە هەلومەرجی دوورگەی رۆبێن کە نێلسۆن ماندێلا ٢٧ ساڵ تیایدا زیندانیبوو، دژوارترە”.

پەرلەمانتاری کانتۆنی تیچینۆی سویسرا و سەرۆکی بەشی سویسرای پزیشکانی نێونەتەوەیی بۆ رێگری لە شەڕی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبلیۆ) هاوکات یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان د. بێپی ساڤاری- بۆریۆلی لە میانی بەرنامەی رۆژەڤی ئەوروپای کەناڵی مێدیا خەبر  سەبارەت بە گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵسەنگاندنی کرد.

هەلومەرجی دوورگەی ئیمراڵی لە دۆخی دوورگەی رۆبێن دژوارترە

د. بێپی ساڤاری- بۆریۆلی ئاماژەی بەوەکرد کە مامەڵە و هەڵسوکەوتەکان بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە تەواوەتی نامرۆڤانەن و لە دژی هەموو بنەما یاساییەکانن و وتی، “ئەمڕۆ لە گەڵ داواکاری گشتیی پێشووی فیدڕاڵی سویسرا و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی لە ئەنجومەنی ئەوروپا بەرێز دیک مارتی لەبارەی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەمان کرد. هەردووکمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە هەلومەرجی زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بە تەواوەتی نامرۆڤانە و نایاساییە.

عەبدوڵا ئۆجالان پێگەیەکی هاوشێوەی نێلسۆن ماندێلای هەیە. بە تێڕوانینی من هەلومەرجی ئیمراڵی زۆر لە زیندانی دوورگەی رۆبێن لە ئەفریقای باشوور کە نێلسۆن ماندێلای تێدا زیندانی کرابوو، دژوارتر و قورسترە. ئێمە باش دەزانین کە رێکارەکانی چارەسەری لە ئەفریقای باشور دوابەدوای ئازادکردنی نێلسۆن ماندێلا دەستیان پێکرد. لە کاتی ئازادکردنی ماندێلادا سەرۆک وەزیران کلێرک کە لە ئەردۆغان پێشکەوتنخوازتربوو لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەفریقای باشووردا بوو. بە روونی دەڵێم، ئەوەی هەندێک ئارامی بە من بەخشی ئەوەبوو کە بەڕێز دیک مارتی کە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەنجومەنی ئەوروپا هەیە، بە منی وت ‘ئەنجومەنی ئەوروپا بە هەموو جۆرێک چاودێری و بەدواداچوون بۆ دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان دەکات’. بەو جۆرە بیردەکەمەوە کە ئەنجومەنی ئەوروپا بەهۆی پەیوەندی دیپلۆماتیکەوە لەبارەی ئەو دۆخەوە لێدوانی نەداوە. بەڵام سەرباری ئەوەش ئەوەی نیگەرانی منی زیاد کردووە ئەوەیە کە ٢٧ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی بەڕێز ئۆجالان بەردەست نییە”.

ئەردۆغان لە رێگەی گۆشەگیرییەوە سەرانەسەندن بەرامبەر هەموو کەس پەیڕەو دەکات

د. بێپی ساڤاری- بۆریۆلی رایگەیاند، ئەردۆغان لە رێگەی گۆشەگیرییەوە سەرانەسەندن و شانتاژ بەرامبەر هەموو کەس پەیڕەو دەکات و بەم جۆرە دوا: “وەک ئەو سەرانە سەندنەی بەرامبەر فینلەندا و سوید کە لەم دواییەدا ویستیان ببنە ئەندامی ناتۆ، ئەنجامیدا. ئەردۆغان لە پێگەی فەرماندەی دووەم گەورەترین و گرنگترین سوپای  ناتۆدایە. لە ئەنجامدا لە دوای سوپای ئەمریکا لەناتۆدا خاوەنی دووەمین سوپای گەورەیە. بە تایبەتی لە رێگەی بەکارهێنانی پرسی پەنابەرانی سوریا، باج و سەرانە لە وڵاتانی ئەوروپا وەردەگرێت. بە وتنی ‘سنوور بە رووی پەنابەراندا بکەمەوە، ئێوە دەبینن چی روودەدات’ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

هەروەها وابیردەکەمەوە کە ئەگەرجی زۆرینەی بەرهەمهێنانی چەکی تورکیا ئێستا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام تائێستاش ئەردۆغان کڕیارێکی باشی هەندێک پیشەسازی ئەوروپایە. بەڵام ئەردۆغان شانتاژ و کارتی گوشار وەک ستراتیژییەک بەکاردەهێنێت. دەوڵەتانی ئەوروپی زۆر رێگەیان هەیە ئامۆژگاری بدەن بە تورکیا، کە بەنیازە ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. بەڵام واناکەن. ئەڵمانیا کە رەوەندێکی گەورەی تورکی تێدا نیشتەجێن، بە دڵنیاییەوە وڵاتێکە کە زۆرترین پەیوەندی و کاریگەری لەسەر تورکیا و ئەردۆغان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بەو جۆرە تێگەیشتووم کە ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەردۆغان تاڕادەیەک هیچ شتێک ناکات. دەبێت وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەردۆغاندا هەنگاوی توند بنێت.

نەیانهێشت لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکەین

د. بێپی ساڤاری- بۆریۆلی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئەوروپاش رۆڵیان لە سیاسەتەکانی تورکیا لە دژی کورد هەیە و وتی، ” هەڵبەت لەم دۆخەدا ئەوروپاش بەرپرسیارێتی هەیە. ئەمریکاش لەو شتانەی روودەدەن بەرپرسیارە. ئەمریکا سیاسەتێکی دووڕوویانە پەیڕەودەکات. ئەمریکا لە شەڕی داعش دا پشتیوانی لە کورد دەکات. کوردەکان بە قوربانیدانی زۆرەوە بەرامبەر بە داعش شەڕیان کرد و سەرکەوتن. سەرکەوتن لە دژی داعش نەک لە رێگەی بۆردومانی ئاسمانی، بەڵکوو بە تێکۆشانی ئەفسانەیی کوردەکانەوە بە دەستهێنرا. دوای ئەوەی کوردەکان ئەمەیان کرد ، بە تەنیا هێڵڕانەوە.

لەسەر داواکاری یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی بۆ رێگریی لە شەڕی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبڵیو) لە ئەڵمانیا، من و پسپۆڕی چەکە کیمیاییەکان د. ژان ڤان ئاکین کە پێشتر لە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە لە هەڵەبجە کردبوو، چووینە سلێمانی و تا سنووری تورکیا رۆیشتین. بەڵام قائیقامی ئامێدی بە پاساوی ئەوەی ناتوانێت سەلامەتی ئێمە گەرنتی بکات لەسەر فەرمانی کاربەدەستانی تورک رێگری لە رۆیشتنی ئێمە بۆ ناوەکە کرد. بە ئاشکرا نەیانهێشت کە ئێمە بچینە ئەو ناوچانەی کە بانگەشەی ئەوەدەکرێت چەکی کیمیاییان تێدا بەکارهێنراوە و نەیانهێشت لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بکەین و لەگەڵ ئەو کەسانەی پەیوەندیان لەگەڵدا سازکردبووین گفتوگۆ بکەین. رێگە نەدرا کە ئێمە بەڵگەی راست و دروست بەدەستبهێنین. بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەی یەکلاکەرەوە نەتەوەیەکگرتووەکان یاخود سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانن شاندێک رەوانەی ناوچەکە بکەن. یاخود دەبێت رێکخراوەکانی وەک رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) رۆڵی خۆیان بگێڕن. دەبێت دەوڵەتێک هەبێت لە داوای لێکۆڵینەوە بکات بۆ ئەوەی ئۆ پی سی دەبڵیو بکەوێتەجوڵەوە. بەداخەوە نەمانتوانی ئەو دەوڵەتە بدۆزینەوە. نە سویسرا و نە ئەڵمانیا کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە، نایانەوێت ئەوە بکەن. ئەوەش بیرکردنەوەمان لەبارەی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە هەندێک لە تورکیای ئەردۆغان دەترسن پشتڕاست دەکاتەوە.

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …