هاوسەنگەرێکی شەهید رێزان باس لە کەسایەتی، هەڵوێست و دیپلۆماسی و دیدی شەهید رێزان جاوید دەکات

چواردە ساڵ پێشتر لە هاوینێکی گەرم وەکوو ئێستا کاتێک تۆم ناسی لە بناری قەندیل خۆمان بۆ گەڕانەوەی نیشتمان بۆ چوون بەرەو مۆکریان ئامادە دەکرد. بۆیێ ناسینی تۆ بۆ من لە وەرزە سەختەکانی نیشتمان لە هەوراز و نشیوەکاندا دەستی پێ کرد. وەرزی بێ باوەڕی بوو. سەردەمانێک کە مۆکریان لە نێوە خەیاڵی رابردوودا بوو و ئێمەیان بە میوان دەزانی. زۆر باش لە بیرمە لە یەکەم چاوپێکەوتنەکانی چەند هەوار نشینی کوێستانەکانی زێدی خۆت لێیان پرسین هەڤاڵ: کەی حیزبەکەی ئێمەش دەگەڕێتەوە؟ بۆ هاوکاریان ناکەن با ئەوانیش وەکوو ئێوە عازا و بوێر بن؟! تۆیش بە بزەی هەمیشەییت وتت: بەقۆربان مەگەر ئێمە کین و حیزبەکەی ئێوە کامەیە؟ ئەوە نیە من خەڵکی مۆکریانم و لە مەهاباد لە جەرگەی خەبات و کانگای کۆمار هاتووم و چەکی شۆڕشم لە شان کردوە؟ هاوکات لەگەڵ ئەو بزەیەت قەڕناسەکەیشت نیشان دا و وتت هاتوین تەکوو شۆڕشە نیوەچڵێکەی کۆمار بگەیێنینە لووتکە.
ئەو دەمە بوو تێگەیشتم چە کارێکی گەورەمان لەپێشە. من کە لە هەورامانەوە هاتووم و بۆ یەکم جارە مۆکریانی نیشتمان دەبینم، لە کوێ بزانم لەم بەشەی نیشتمان کە لە ژێر کاریگەری هزری رابردوودایە و تازە بە تازە سەرەتایێکمان بۆ شەڕی فکری دەسپێکردووە. لە یەکەم هەنگاوەکاندا ئەو پەیامەت چرپان بە گوماندا کە لێرە دەبێ خۆمان لە بواری ئایدێۆلۆژیدا تەیار بکەین. ئەم گەلە تاڵ و سوێری رۆژگاری چێشتووە و لە نزیکەوە چەکداری زۆری بینوە. زۆر لە ئێمە نەبەرد تر و عازاتر. لە نزیکەوە شەڕی بینیوە و بەشداریش بووە. بەڵام خۆ بەدەستەوەدان و شکەستەکانیشی بە چاوی خۆی بینوە. بۆیێ هیوا و ورەی رووخاوە ئەوی ئێمە دەبێ بیکەین هەڵساندنەوە گەلێکی بێ هیوایە. لێرە لە نیشتمانی قازی قسە و بەڵێنی زۆر دراون ئەوەی متمانە درووست دەکات کردارە و بێ ئەم یەکە هیچ هەنگاوێک هەڵناگیرێت.
هەڤاڵی شەهید! شایەد ئەمڕۆ کە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم باش دەزانم کە چیدی ناگەتە دەستت و بۆ خۆت نایخوێنیتەوە بەڵام باشیش دەزانم کە رێبوارانی ئازادی ئەوانەی دوای تۆ دێن دەیخوێنەو لە هەڵوێسەکانت و لە ژیانت وانە دەگرن.
تێگەیشتن لە کەسایەتیت و ئاوێتە کردنی هزر و کردار، خاڵی سەرکەوتن بوون. هەروەهاش بوو لێرە لەم نیشتمانە کە تا دوا رادە لە نێو بێ هیواییدا روو چووە، لە نیشتمانێک کە دووژمن چیدی بووەتە بەشێک لە جەستەی و خۆی بووەتە خۆرەی خۆی، دۆزینەوە رێگا و وەرگرتنی هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە ئەستەمە. تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لەم زەلکاوەدا خۆیان بدۆزنەوە و پێشەنگایەتی بکەن کە خاوەن باوەڕی بن. تۆ یەک لەو شۆڕشگێڕانە بووی کە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا و شەڕی ئایدئۆلۆژی و پاراستنت پێکەوە گرێدابوون.
لە بیرتە لە گووندی “نستان” چووینە ماڵێک، هەرچەند پیاوی ماڵەکە دەترسا لەوەی درگامان بۆ بکاتەوە، بەڵام دایکێ بە پیرمانەوە هات و لە باوەشی گرتین و وتی دەبێ بێنە ماڵەوە، ئێوە شۆڕشگێری نیشتمانن. لەوێ وەکوو هەموو جارێ دیسان پرسی چۆنیەتی پەیوەندی ژن و پیاویان لە نێو ریزەکانی پەژاکیان لێکردینەوە. ئێمە ویستمان تەنیا بە چەن وەڵامی لاوەکی بابەتەکە بگۆڕین، بەڵام تۆ باش لەو پرسە تێگەیشتی و دەتزانی بە کام ئارمانج دەکرێت. بۆیێ لە بواری ئایدئۆلۆژی رزگاری ژن و لە روانگەی فەلسەفیەوە شیکردنەوەت بۆ کرد و بە تێر و تەسەلی چوویتە قووڵایی بابەتەکەوە. لەو رۆژەوە فێر بووم و بڕیارم دا هیچ پرسێکی گەل بە تایبەت پرسی ئازادی ژن بچووک سەیر نەکەم و بێ شیکردنەوەی تێر و تەسەل لە پاڵیان تێپەڕ نەبم.
شۆڕشی نوێی رۆژهەڵات پێویستیێکی زۆری بە پێشەنگانی وەکوو تۆی هەبوو ئەوانەی؛ راستیەکان، ئێشەکان، ئازارەکان ببینن. ئەوانەی توانای بڕینی سنوورەکانیان هەبێت و پەیمانەکەی لۆزانیان پچڕاندبێ. بۆیێ کۆچەکەت بێ وادەبوو! چوون ئەمڕۆ زۆرێک هەن لە وشکانی و لە سەر ئاو و ئاسمان بە دەهان و سەدان سنووریان بڕیوە، بەڵام ئەوی نەیان توانی بی بڕن ئەو سنوورانە بوون کە لە نێو مێشکیانداچەقی بەستووە و تا دێت تێلبەندەکانی زۆرتر دەبن و دیوارە بتوونیەکانیان هاو تەریب لەگەڵ ئەو دیوارەی کە داگیرکەران درووستی دەکەن بەرزتر و پتەوتر دەبێتەوە. بۆیێ کە شەهید کەوتی یەکەم پرس کە لیان کردی: ئەو لە رۆژئاوا چی دەکات؟ بۆ لەوێیە؟ ئیشی چیە؟. چە بێ ویژدان بوون تەنانەت نەیان هێشت خوێنی ڕژاوت سارد بێتەوە.

لۆمەیان ناکەم چوون ئەوان لەگەڵ تۆ نەژیاون لە هەورازو نشیوەکان رێگایان لەگەڵت نەبڕیوە. ئەوان لەگەرمەی شەڕدا تۆیان نەبینوە و نازانن چۆن هێزت بۆ بەرەکانی شەڕ دژی داعش تەیار دەکرد. چۆن ورەت دەدایە هەڤاڵانی جەنگاوەر. ئەوان چووزانن چەندە بەسۆن، چەندە بە ئازارن ئەو فرمێسکانەی کە دوای بەڕێ کردنی ئازیزترین هەڤاڵانت بۆ بەرەکانی شەڕ، دوور لە چاوی هەموان دەتڕشتن. زۆر بوون ئەوانەی لە دوورەوە دەستیان بە ئاگری شۆڕش گەرم دەکردەوە و تانەیان لێدەدای کە رۆڵەی خەڵکی دەنێرێتە شەڕ و بۆ خۆی لە خۆشیدا رایدەبوێڕی. راستیان دەکرد خۆش رابواردنەکەی تۆ بەو رەنگە بوو! ئایا ئەوانە ئێستا لەو قسانەی خۆیان شەرم ناکەن؟ ئەوانەی وایان دەزانی هەموان وەکوو خۆیانن و تەنیا قسەی بێ کردار دەکەن.
هەڤاڵی شەهید! دەبێ لەیادت بێت ئەو شەوە بارانیە کە بۆ بەشدار کردنی شەڕوانێکی نوێ چیمان بەسەر هات. لە ژێر لێزمەی بارانی پاییزی سەرتاپامان شل و پل بووبوو، نە ئاگرێک و نە شوێنێکی وشک بۆ حەوانەو، لووتکەی زەمزیران بەرف گرتبووی. تاکە چارە بۆ ئەوی لە سەرما رەق هەڵنەهێنین رۆیشتن بوو لە رێگا هەورازەکانی مۆکریان تاکوو لە ئاسۆی زەردەوە خۆر هەڵبکا و بتوانیین ئاگرێک بکەینەوە و بە دەم خواردنەوەی چایێک خۆمان گەرم بکەینەوە. هەرچەند شەوێکی زەحمەت بوو بەڵام دڵخۆش بووی لەوەی کەسێکمان پەیوەست بە ریزەکانی شۆڕش کردبوو و لە دەستی کۆماری سێدار رەزگاری بووبوو. ئەرێ، تۆ وەها هەڤاڵانی خۆت کۆ کردەو و وەهاش بۆ پێشخستنی تێکۆشانی کوردستان رەوانەی سەر ئەرکەکانت دەکردن. بۆیێ مەحاڵە ئەوان لە هەستی تۆ تێبگەن، لە پەرۆشیت بۆ گەیشتن بە ئازادی، لەو فرمێسکانی کە دەڕژان.
شۆڕشی ئازادی خوازی سەردەمی نوێ بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ خۆلقێنەری نرخ و بەهای نوێیە و بوەتە هیوای ئازادی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و گەلانی بن دەستی جیهان. بۆیێ لێکدانەوی ئەم شەڕ لە چوارچێوەی تەسکی پارچەگرایی و تەنانەت هەرێمی ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت. هەر چەند سیستەمی سەرمایەداری راستەو خۆ و نا راستەوخۆ لە رێگای بەکرێگیراوانی ناوخۆیی هەوڵی بەلارێ بردنی هێڵی راستەقینەی شۆڕش دەدەن. بەڵام لە بواری ئایدئۆلۆژیدا نەیتوانوە سەرکەوتن دەست بخەن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسایەتیەی کە لە سێبەری ئەم شۆڕشەدا خۆلقێنراوە و نموونەی تۆی و شەهیدانی وەکوو تۆن. بۆیێ پەنای بردووەتە بەر سڕینەوە شۆڕشگێڕان. لە راستیدا شکەستی سیستەمی سەرمایەداری لە بە چۆکدا هێنانی دواهەمین ویستگەی دیمۆکراسی وەهای کردوە روو لە تێرۆر بکات. ئەوان نازانن پەیوەست بوونی هزری و ئایدئۆلۆژی بە چەکی کیمیایی و ئەتۆمیش بن بڕ ناکرێت. کەسێک کە تەنیا بۆ وەفای هاوریێکی و بۆ یادێک چەێندین کیلۆمتر بە پێ ببڕێت چۆن دەتوانێ لە بیرووڕای دەس هەڵگێرت.
هەڤاڵی شەهید! با وەبیرت بێنمەوە کە چوون چووین بۆ گووندی “کوونەورچ” سەر بە “سەردەشت” ئەو گووندەی کە کەسێک لەوێ دەژیا ، شێوەی زۆر لە شەهید “رامان جاوید( رەحیم بۆڕنا)” دەکرد. شەهید “رامان” ئەندامی چاپەمەنی بوو و هەمان ساڵ بەهارەکەی لە هێرشی فرۆکەکانی تۆرکیە لە گەڵ چەند هاڤالێکی دیکەی شەهید کەوت، تۆیش بە یادی ئەوەو پاشناوی جاویدت هەڵبژارد. هەر ئەو لەیەک کردنە وای کرد تاکوو هانمان بدەی لە گووندی “گەنمان”ەوە بەو شەو ساردەی پاییز بەرەو ئەێ بەڕێ بکەین. ئێمە کە دەمانویست بەرەو قەندیل بگەڕینەوە وەها قسەت بۆ کردنین و هانت داین کە رێگاکەمان بگۆڕین و بچینە ئەو گووندە. هەرچەند نەمان بینی بەڵام پێکەوە یادێکمان بۆ هەڤاڵی شەهیدمان کردەوە.

هەڤاڵی شەهید! لەگەڵ تۆدا و کاتی سووڕانەو لە قەلەمڕەوی شۆڕشدا فێری بووم، دیپلۆماسی تەنیا دانیشتی سەر مێزەکان و لێکدانی دوو پەرداخ و پەنجە مۆر کردنی چەند بەڵگەنامە نیە. هەبوونت لە رۆژئاوای نیشتمان سەلمێنەری ئەو راستیەن کە بۆ لکاندنەوەی دڵەکشاوەکان دەبێ دڵێکی گەورەت هەبێ. ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە لە خۆی تۆراوە لە شۆڕشگێڕێکانی تۆراندوویانە. لە نیشتمانەکەی تۆراوە. شێرکۆ وتەنی: من چیم ئەویست لە نیشتمان\ جگە لەوەی کە نانێک و کە کونجێکی دڵنیای و گیرفانێکی بە حۆرمەت و ….. پێ بدات. مەگەر ئەم نیشتمانەی ئێمە چی دەوێت لە شۆڕشگێڕک؟ جیای لە دەسپاکی و راستی و دڵنزمی. ئەوە نەبوو لە چۆڵەوانیێک و لەگەڵ شوانێک هاودەم دەبووی و ئاوازێکی ماملێتان دەچڕی؟ خۆ ئەو مامە شوانە تەنیا ئەو دڵنزمیەی بەس بوو، کاتێک بە پاروویێک نان و ماستێک رازی دەبوویت. یان لە ماڵێکدا کاتێک دایکێک منداڵەکەی لە لامان جێ هێشت و پێ سپاردین تەکوو نانەکەی تەواو دەکات ئاگامان لێ بێت و نەهێڵین بگریت. ئەو لەکوێ دەیزانی ئێمە بۆ چە ئەرکێک هاتووین و دەبێ زوو بڕۆین. بەڵام تۆ باشت دەزانی لێرە قسەو و پرۆپاگەندە ئاو ناخواتەوە، بۆیێ دەبێ تەنیا ئاگامان لەوە بێت کە منداڵەکە نەگریت. کاتێک دایە هات و دی منداڵەکەی دەم بە پێکەنینە و تۆیش لە باوەشت گرتوەو گۆرانی بۆ دەڵی وا گەشایەوە کە تاکوو ماوە هیچ کات شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی لەبیر ناکات. لەوێ گەورەتین زمانی قسە دڵنزمیەکەت بوو، هەر ئەو هەڵسوو کەوتانە بوون کە گووند بە گووند دەگەڕای و دڵە شکاوەکانت جۆش دەدایوە و تووی باوەڕیت دەچاند.
رۆژئاوایش بۆ تۆ بەشێکی ئەم نیشتمانە بوو کە بوەتە لانکەی گیرسانەوەی شۆڕشی سەردەم و شوێنی جۆشدانی دڵی شۆڕشگێران و چاندنی تووی باوەڕی. بۆیێ بە پێویستت زانی لەوێش هەبیت و لە کووچە و کۆڵانەکانی محەمەد شێخۆ هەنگاو هەڵگریت و ئاوازەکانی ماملێیان بۆ بچڕیت. دیپلۆماسی لای تۆ بۆ هەڵوەشانەوەی سنوورەکان بوو، نەک بۆ گواستنەوەی و دەست بەدەست کردنی ئەو بەڵێنانەی کە هیچ کات جێبەجێ نەدەکران و کۆبوونەوەکانیش تەنیا بۆ دیاری کردنی وادەی کۆبوونەوەیێکی دیکەیە بوون.
هەڤاڵی شەهید! باش دەزانم دوای رۆیشتنت زۆرێیک لە سەرت دەدوێن هندێ ناو و ناتوورەت بۆ دەنێنەوە، ئەوانەی کە پێیان وایە تۆ ویستووتە بە رێگای پژاکەوە جێگایان پێ لێژ بکەیت و وەدەریان نیت. نازانن باوەشت چەندە ئاوەڵا بوو ئەو دەمەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەت دە حەواندەوە و لە دەمی هەڤاڵانی خۆت دەتگرتەوە تاکوو ئەوان کەموو کوورتیان نەبێت. دەتوت ئەوان میوانن و دەبێ پێیان رابگەین. تۆ بە کردار سەلماند کە دەبێ لەبەرەیێکی هاوبەشدا دژی دووژمن شەڕ بکرێت، بەڵام ئەوانەی راستیەکان چەواشە دەکەن و دوورن لە راستینەی گەلێکی زام چێشتوو، گەلێک کە خەون بە یەکریزی و تەبایی ماڵی خۆیەوە دەبینێ، ئەوانەی نیشتمانیان کردوە بە سەرمایەی دەستی خۆیان و بازرگای پێوە دەکەن، ئەوانەی دوورن لە پرشەی ئاگری شۆڕش. تەنیا دەهۆڵی بەرژوەندی خۆیان دەکووتن و ئاو بە ئاشی دووژمندا دەکەن، کەی لەم راستانە تێدەگەن.
کە شەڕ دەستی پێدەکرد دەیان وت پەژاک پرۆوەکاسیۆن دەکات. کە رادەوەستای دەیان وت دەستکردی خۆیانە. کە بەرخۆدانی قەندیل کرا و شەڕ دەستی پێکرد وتیان بە دوو کڵاشینکۆف شەڕی چی؟! کە ئاگربەست کرا وتیان چووەتە بەرەی مۆقاومەتەوە. راستی ئەوان چیان دەویست؟! من کە تێنەگەیشتم نازانم چۆن تۆ تێگەیشتی و چۆن وەڵامی ئەو هەموو دووفاقیەت دەدایەوە، بە راستی سەبرت زۆربوو.
هەڤاڵی شەهید، هاوسەنگەرم! زۆرجار تەنگت پێ هەڵدەچنن و ئەڵێن چۆنە هێزەکانی پەژاک لە نێو دڵی رۆژهەڵات جەولەدەکەن و لە هاتووچوودان، دەچنە گووندان، بە هاوین و زستان لەوێ دەمێنەوە و شتێکیان بەسەر نایەیێت؟ لەگەڵ هێزەکانی رژیم تووشی دەرگیری نابن؟ بەم جۆرە دەیانهەوێ گۆمان بخەنە سەر خەباتی رەوای شۆڕشگێڕان و لە روانگەی خۆیانەوە ئێمە و رژیم وەک هاوکاری یەکدی لە قەڵەم بدەن. بۆیێ لە وەڵامی ئەم سێبەر خستنەی سەر شۆڕشمان بیری ئەو رۆژانە دەکەمەوە کە چۆن و بە کام تاکتیکی گەریلایی لە نێو دڵی رۆژهەڵاتدا جەولەمان دەکرد.

دەبێ ئەو رۆژەت لەیاد، لە بەرزایەکانی گووندی “جانداران” کە دەڕژێتە سەر گووندی” چۆمەڵ” لە کوێستانێکی رووت وەک سەری کەچەڵ بێ دار و بەرد. بەرزترین شتی ئەو دەوەرە “دەوەن” بوو. شەش هاڤاڵ بووین، هەریەکەمان لە بن دەوەنێکدا جێگامان ساز کردبوو و راکشابووین تۆیش بە قەڕناسەکەتەوە نگابانیت دەدا. لە دوورڕا دوو راوچی بە تاپڕەوە بەرەو روومان هاتن، دەنگت نەکرد تاکوو نزیکمان بوونەوە. کە تۆیان بە تەنیا بینی چەک و رەختت بەستبوو حەپەسان و لە جێگای خۆیان وشک بوون، بانگت کردن و ئەوانیش هاتن لە باڵت دانیشتن و وتیان: برالە ئەو لێرە چیدەکەی؟ تۆش وتت گەریلام ولە پێناو نیشتمان تێدەکۆشم. یەکیان دایە ژێر پرمەی گریان و وتی: رۆلێگیان بەتەنیا لەم کوێستانە چی دەکەیت، چۆن شتی وەها دەبێ ناترسی دووژمن بێتە سەرت؟ تۆش وتت بە تەنیا نیم و هەڤاڵم لە گەڵدان. لە تۆ وتن و لەوان پرس، چیت کرد باوەڕیان نەدەکرد. ئێمە هەموومان گوێمان لێ بوو، بەڵام لە جێگای خۆمان جووڵەمان نەدەکرد، وتمان با پێمان نەزانن و بڕۆن. ئاخری وتت هەڤاڵ هەڵسن وەرن ئەمانە نارۆن. ئێمەش هەریەکە لە شوێنی خۆمان هەڵساینەوەو سڵاومان کردن. دیان تەواو کوتوونەتە ناوراستمانە و دەورەیان دراو. ئەو ساتەبوو بزە کەوتە سەر لێویان و وتیان: رەحمەت لەو شیرەی خواردووتانە بەوانە ئەڵێن شۆرشگێڕ. نیو کاتژمێرە لە ناوراستیانداین و پێمان نەزانیون. دووژمن چۆن پێتان بزانێ ئەگەر زۆڵە کورد نەبێت؟ ئەرێ هەڤاڵ لە ژێر فەرمانداری تۆدا وەها هەڵدەسووڕاین! بۆیێ بە راستی ئەگەر زۆڵە کورد نەبێت چۆن دەیانتوانی بتخەنە بەر بۆمبای درۆنەوە؟!
ئەوەی ویستی تۆ بناسێت دەبێ بەرد بە بەرد سەنگەر بە سەنگەر بەشوێن هەنگاوەکانتا بگەڕی. لە کاتی رێکخستن کردنی گەل و پەرۆش بوونت بۆ پەروەردەی کادر لەگەڵت بێ. ئەودەمەی لای تۆ جیاوازی نەبوو مۆکریان و ئیلام، ئەودەمەی لۆڕستانت کردبووو بە ئارمانجی شۆڕش، ئەوکاتەی هۆرامان بووبوو بە کانگای ژیانەوەی ئەوین و خۆشەویستی. کۆساڵان و شاهۆ بووبوونە مەکۆی گەریلا. یان ئەو کاتەی لە خاکوورک و حەفتانین خەمی شۆڕشی باکوورت بوو. دەبێ ئەوانەی دەیانهەوێ تۆ بناسن لەگەڵت بێن بۆ سەر مێزی گفتگۆ و لە نزیکەوە شاهیدی پەرۆشی تۆ بن بۆ سازدانی ماڵی کورد و یەکریزی شۆڕشی کوردستان . یان دەبێ لە تۆ تێبگەن کاتێک باسی شۆڕشی نوێی گەلی کوردت دەکرد. ئەوکاتەی بووبووی بە پراکتیسیێنی هزری ئاپۆیی. بۆیێ کە چوویتە رۆژئاوا خۆت بە میوان نەزانی، تۆ خاوەن ماڵ بووی؛ چوون پەرۆش بووی بۆ سەرخستنی شۆڕشی سەردەم. شۆڕشێک کە لە هەر چوارلاوە داگیرکەر دەورەیان داوە، زلهێز دژی راوەستاوە و خۆ فرۆشیش وەک خۆرە کەوتووەتە گیانی.
ژ.ت

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *