کەسایەتی پێناسەیەکی دیاریکراروی نیە

بەشی یەکەم
کەسایەتی پێناسەیەکی دیاریکراروی نیە، بەڵام کەسایەتی بۆخۆی کۆکراوەی ئەزمونی و کلتوری مێژوویی ھەبونی کەسە لەناو پراکتیکی ژیانی چینایەتی، کۆمەڵایەتی، سروشتی و گەردونیدا. نوێنەرایەتی مێژووی ھەبوون و دەوروبەر دەکات. کاتێک کەسایەتی بەدابڕاوی تێیبڕوانیت، نادروست و پارچەبوو دەبێت، بەوپێیە کەسایەتی ھەبونی مێژووی پراکتیک کردنی ژیانە بەلایەنە باش و خراپەکانیەوە.
ئەوکەسایەتیەی بەم شێوەیە بیخەتە بەرباس و شیکردنەوە، دەتوانیت باش ھەڵیسەنگێنیت و تێی بگەیت. مرۆڤ کەڵەکەبوی مێژووی گەردون، سروشت، کۆمەڵگەیە. ئەم مێژووە مرۆڤ پێ بزانێت یان پێنەزانێت، ئاوایە. لەبەرئەوە مرۆڤەکان ئەگەر ساویلکانەش خۆیان ببینن، بەڵام نوێنەرایەتی کارتێکەری ھێڵێکی گەردونی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی دەکەن. بۆیە مرۆڤ ناتوانرێت لەو ھاوکێشەیە دابڕێت. دابڕان لەو ھاوکێشەیەو بە دابڕاوی سەیرکردنی توشی نائومێدی و بێکاریگەریت دەکات. کاتێک وەک یەکەیەکی گەردونی سەیری کەسایەتی بکرێت، کێشەکان باشتر تێگەیشتوو ناکۆکیەکان باشتر دەبینرێت و چارەسەریەکان یەکگرتوانەو باشتر دەکرێن.
لێرەوە دەتوانین کەسیش وەک بەش و پێکھێنەرێکی ئەکتیڤی ناو ئەم کەسێتیە ھەلسەنگێنین و بیناسین. لەدەرەوەی ئەوە کەس دەبێتە لاشەیەکی جوڵاوی بێ گیانی دابڕاو لە کارتێکەریە نائەرێنیەکان. لەبری ئەوەی کارتێکەرێکی کاریگەر بێت، دەبێتە کارەکتەرێکی بەکارھاتتوو یان بەکارھێنراوی ھێزە کارتێکەرەکان. بۆیە کەس دەبێت مێژووی کەسایەتی خۆی بناسێت و پێگەو جێگەی لەناو کەسێتیدا دیاری بکات و بەکاریگەری لەپراکتیک کردنی پرۆسەکانی ژیانی ئازاددا ھەبوونی خۆی بسەلمێنێت. بەوە کەس لە بەکارھێنراوەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی کاریگەرو ئەکتیڤ. ناسینی خود لەناو پرسی کەسێتی گەردوونی مێژوویدا، پرسێکی گرنگ و کاریگەرە.
لێرەوە دەچینە سەر ئەو ناسنامەیەی کە کۆمەڵگەو سیستەمە چینایەتیەکان بە کەسایەتی و بەکەسی دەدەن و کەسێتیە جیاوازەکان بەرھەم دێنن.
کەسایەتی لەکۆمەڵگەی سروشتیدا، بەوھۆیەی لە کۆمەڵگەیەکی پێکەوەبووی وەک یەکیدا دەژیان، ھۆکاری کاریگەری خڕاپ لەسەریان لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانم بڵێم نەبوە. ئەو ھۆکارانەی ھەبوون، ھۆکارگەلی سروشتی و ژینگەیی بوون. کە پێویستی کردوە بەپێی ئەو ژیانە سادەو سەرەتاییە خۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ژینگەو سروشت بگونجێنن. لەبەر ئەوەی بەشێکیش بوون لەژینگە لەناو پەیوەندیەکی وەرگرتن و پێدان و بەخشیندا خۆیان گونجاندوە. کاریگەریەکانی ئاژەڵە دڕندەکان، سروشتی سارد، تۆفان و لافاو، با، گۆڕینی وەرزەکان وای کردوە بیرکردنەوەی خۆگونجان و ڕاھێنان لەگەڵ ئەو سروشتەدا بەرھەم بێنن و بەپێی ئەوە کەسێتی گونجاو بنیات بنرێت کە دۆستی خۆی و دەوروبەری و ژینگەکەی بێت. بەپێی ئەوەش ھەست و ھۆشەکانی ئافراندوەو دامەزراندوە.
لەسەردەمێکی گەشەی ھزریدا، مرۆڤ بوە ھۆکاری کارتێکەری لەسروشت و خاک و ژینگەکەی. لێرەوە ھزری بەرھەمھاتوو دەستی پێکردوو، ھۆشمەندیەکی بیرلێکراوە بەرھەمھات، کە مرۆڤ و دەوروبەری خستە ژێر کاریگەری ئەم ھۆشمەندیە بەرھەم ھاتوە. بۆیە دەڵێین کاسایەتی بەرھەمی ئەزمونی ئەو دەستپێک و بەردەوامیەیە تا ئەمڕۆ.
کۆمەڵگەی چینایەتی، ھەرشتی دابەشی من و تۆ کرد! گیانی منپەرستی پێشخست و کاریگەری لەسەر شێوە پێدانی کەسەکان و پێکھاتە چینایەتیەکان کرد. بەشێک باڵادەست، بەشێک بەڕێوەبەر، بەشێک ملکەچ. لێرەوە ئیدەو باوەڕیە پێویستیەکانی ئەو ئافراندنە نوێ دەستێوەردراوە پێویستی پەیداکردوو بوە دەزگاو سیستەم. سیستەم، دەزگاکانی ئافراندو دابەشی سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو چوارچێوانەی کرد کە خودی سیستەمی چینایەتی باڵادەست دەیەوێت. بەبێ باڵادەستی نەدەتوانرا ئامانجی دەستبەسەردا گرتنی قازانج و بەھای کۆمەڵایەتی بەڕێوە ببرێت. سیستەمی باڵادەستیش، پێویستی بە زھن و ھۆشمەندی قبوڵکراوی ئەو باڵادەستیە بوو، بۆیە بیرکردنەوە بەلاڕێدابراو لە دەوڕی منی باڵا خولایەوە، تا توانرا لەڕێگەی کارتێکەریە سروشتی، کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەو زھنیەتە بکەنە بەڵای سەری کۆمەڵگەو بە خەڵکە سەرەتاییەکەی بسەلمێنن.
دروستکردنی شارو گەشەی پێکھاتەکەی زۆری دانیشتوانەکەی زەمینەی گەشەی ھۆشمەندی بیرلێکراوە( ئانالیتیک) ی خوڵقاند. چینی بیرکەرەوە دەستی کرد بە ئافراندنی بیردۆزەکانی جیاوازی و باڵادەستی و نیشاندانی وەک ھەبونی خوداوەند. لەپێشدا خوداوەندە ئاسمانیەکان ھەبوون، مرۆڤەکان گیرۆدەی ملکەچی ئەو خوداوەندانە کرابوون. گۆڕینی خوداوەندی ئاسمانی بەخوداوەندی زەمینی لەڕێگەی نوێنەرە باڵادەستەکانی مرۆڤەکانەوە کارێکی شایانی کردن و قبوڵکردن بوون. بۆیە ئەوکارە بەزۆرو زەحمەتیەکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرا.
پیاوی بیرکەرەوە، بەھێزو زۆردار، لەڕێگەی لێدانی گورز لەژنی ئافرێنەرو بەڕێوەبەرەوە، توانی پێگەی ژن دەست بەسەردابگرێت و خۆی جێگەی بگرێتەوە. لێرەوە کەسێتیە جیاوازەکان دروستبوو کاریگەریەکانی لەسەر مرۆڤایەتی، ژینگەو دەوروبەر دەستی پێکرد. بەگوێرەی ئەو ژینگەیەش کەس ئافرێنرا. دەستبەسەرداگرتن پێویستی بە ئافراندنی کەسایەتی نامۆو بێھێز ھەبوو. چۆن بتوانرێت دەستێوەردان لە زھنیەتی کۆن، واتە سروشتی بوونی زھنیەتی مرۆڤدا بکرێت. ئەوە کێشەکەیە کە پێویستە بیناسین و چارەسەری بکەین. بەبێ بوونی زھنیەتی کۆیلەو تەسلیم بوو، ڕازی بەجیاوازی چینایەتی، ھێزو وزەی باڵادەستی. ناکرێت تاکێک یان چینێک یان پێکھاتەیەکی بێھێزی بەخۆ بڕوانەبوو بئافرێنرێت. بۆیە ئەو مێشکانەی کە دەیانەوێت باڵادەستی و دەستبەسەرداگرتن بەڕێوەببەن. لەپێشدا کاری ئامادەکردنی زھنیان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕو دەستبەسەردا گرتنە کردوە. تاوای لێھات سیستەم و دامودەزگای بەڕێوەبردنی ئەو کارانەیان دەست پێکرد.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *