بەرەی پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان: تاوانەکەی جندرێس بەشێکە لە سیاسەت و پیلانگێڕیی داگیرکاری تورکیا

لەبارەی تاوانەکەی جندرێس، بەرەی پشتوانی خۆرئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی  بۆ رایگشتیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  دوژمن و داگیرکەران لە پەیامە نەتەوەیی و دیموکراسی و ئینسانیەکان  دەترسن، جەختیشدەکەنەوە: پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان و وڵاتانی خۆرئاواو هەموو ئازادیخوازان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی سڤیلی خۆرئاوای کوردستا ن دەربڕن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٣/٣/٢٦ لە بارەگای نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەی پشتیوانی خۆرئاوای كوردستان بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دژی شەهیدكردنی چوار هاوڵاتییەکە مەدەنییەکەی جەندرێس بە هەردوو دوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکردەوە.

ئیبراهیم فەرەج، ئەندامی بەرەی پشتوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەی بەرەکەی بەزمانی کوردی خویندەوە تیایدا هاتبوو: شەهیدکردنی ئەم چوار هاوڵاتییە کوردە لە جندرێسی عەفرینی داگیرکراو، پەیامی گڵاوی تاریک پەرستانە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە پاڵپشت و هاوکاری دەکرێن.

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی ناڕەزایی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی کورد لە جندرێس .
لەبەیاننامەکەدا هاتووە :
بۆ ڕای گشتی

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ…
پەرلەمانی کوردستان و عیراق
حکومەتی عیراقی فیدراڵ وحکومەتی هەرێمی کوردستان…
ئێمە وەکو بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتووندی ئیدانە ی شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی کورد دەکەین کەلە ئێوارەی ٢٠ی ئەم مانگە بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆز و دەربڕینی خۆشی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لەجێندرێس لەلایەن گروپی تیرۆریستی (احرارالشرقیە)وە بەناحەق شەهید کران ، هاوکات پاڵپشتی خۆمان بۆ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) رادەگەیەنین .
بێگومان شەهیدکردنی ئەم چوار هاوڵاتیە کوردە لە جندرێسی عەفرینی داگیرکراو، پەیامی گڵاوی تاریک پەرستانە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە پاڵپشت و هاوکاری دەکرێن، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دوژمن و داگیرکەران لە پەیامە نەتەوەیی و دیموکراسی و ئینسانیەکان دەترسن و ڕێگە بە هاوڵاتیان نادەن لە زێدی خۆیان و تەنانەت لەگەڕەکێکیشدا ئاگری نەورۆز دابگرسێنن.
هەربۆیە ڕای گشتی و دنیا ئاگاداردەکەینەوە کەئەم پیلانە بەشێکە لەسیاسەت و پیلانگێڕی و داگیرکاری و کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورکیا کەزیاتر لە( ٥)ساڵە و لەدوای داگیر کردنی بەشێکی خۆرئاوای کوردستان و بەتایبەتیش عەفرین وچەندین شاروگوندی خۆرئاوای کوردستان پیادەی دەکات ، کەبەردەوام لەهەڵمەتی کوشتن و گرتن و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی ئەو خەڵکە سڤیلە نەوەستاوەو بەهۆیەوە بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لەئەنجامی ئەم داگیرکاریەش زیاتر لە ٣٠٠ هەزارماڵ ئاوارەو بێ ماڵ و لانەبوون، جگەلەتێکدانی دیموگرافیای ناوچەکەو هێنانی زیاترلە ٤٠٠هەزار ماڵی هاوردەی عەرەب بۆ سەرماڵ وموڵکی کورد کە (٥٠٠)ماڵیان لەفەلەستینەوە هێنراون وزیاتر لە(٢٠) کۆمەڵگەی نیشتەجێ بوونیان دروستکردوە لەچوارچێوەی پرۆژەی هەماهەنگی تورکیاو قەتەرو کۆیتەەوە، هەروەها زیاتر ٦٤ خوێندنگەی ناوچەکوردیەکانیان وێران کردوەو ٥٠هەزار خوێندکار بێ خوێندن وخوێندنگەماونەتەوە،هەربەپێی ڕاپۆرتی مافەکانی مرۆڤ،لەماوەی داگیرکاری ئەم پێنج ساڵەدا(٨٦٩٥)کەسی سڤیل ڕفێنراون، زووربەی باخەکانی بڕیون و (٣٧٢٥٠٠)دار زەیتوون بڕاونەتەوەو(١٣٥٠٠) درەختی بەردار سوتێنراون وزیاتر لە( ١٢) هەزار هیکتار زەوی جوتیارەکوردەکان داگیرکراوە،(٧٥) ناوچەی کلتوری ودیرۆکی وێران کراون…
هەربۆیەگەلی کورد لەمەزیاتر ئەم دۆخەی پێ قبوڵ ناکرێت و پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان و وڵاتانی خۆرئاواو هەموو ئازادیخوازان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی سڤیلی خۆرئاوای کوردستا ن دەربڕن و ئەوگروپانەی کەداگیرکەری تورکیاپشتگیریان دەکات دەربکەن لەناوچەکەو ماف بۆ ماف خوراوان بگێڕنەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان

بەرەی پشتیوانی خۆرئاوای کوردستان
26-3-2023

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *