سێیەمیین کۆنفرانسی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی بەڕێوەچوو

 

تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک بە بەشداری ژماریەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو ڕێکخستنە لەهەرێمی کەرکوک، سێیەمین کۆنفراسی خۆی بەست.

ڕۆژی ١١/٣/٢٠٢٢هەینی سێیەمین کۆنفراسی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە ژێر درووشمی (باهەمووان پێکەوە تەڤگەر بە پەروەردە و ڕێکخستن بکەینە پێشەنگ) لە شاری کەرکوک بەڕێوەچوو، کۆنفراسەکە کاتژمێر ٩:١٥ی سەرلەبەیانی دوێنێ بە خولەکێک ڕاوستان بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.

وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لە لایەن کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادییەوە پێشکەش کرا، سەرەتای وتارەکەی بە ڕەخنەدان دەستپێکرد و وتی :”لەپەرەوی ناوخۆدا هاتووە کە پێویستە دوو ساڵ جارێک کۆنفرانس ببستین، بەڵام پاش ٣ ساڵ ئێمە کۆنفرانسمان بەست، لەبەردەم کارکردنماندا ئاستەنگی ڕێگری زۆربوون، بەڵام هۆکارێکی دیکە هەبوو بۆ درەنگ بەستانی کۆنفرانسەکە، ئەمەش جێگای ڕەخنەداینە کە بەهۆی خەمساردی ئەندامانی ئەنجومەن و هاوسەرۆکەکان و ئەندامانی کارگێری نەمانتوانی کۆنفرانسەکە لە کاتی خۆی ببەستین” .

هاوکات  لە درێژەی وتەکەی ناوبراو  وتی: “ئێمە بڕیارێکی گەوەرماندا سەڕەڕای هەموو ئاستەنگی و ڕێگرییە سیاسییەکانی لەدژی تەڤگەرەکەمان لە کەرکوک کۆنفرانس ببەستین، لەماوەی ڕابردوو رۆڵی ئێمە لە ڕەوشی سیاسی لە کەرکوک بەم شیوەیە بوو، زۆر هەوڵمانداوە بۆ یەکریزی پارتە کوردستانیەکانی کەرکوک، و هەوڵی زۆرماندا و لەگەڵ لایەنەکان کۆبووینەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن کورد بە یەک لیست دابەزێت، بەڵام هەوڵەکانمان سەری نەگرد و بەردەوام ڕێگریمان لێکراوە لە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، سەڕەڕای ئاستەنگییەکان ئێمە لە کاروخەباتی خۆمان بەردەوام بووین .”

لە کەرکوک پرۆسەی بە عەرەب کردن و تورک کردنی شارەکە جێبەجێ دەکرێت

کۆمەڵ تیشكی خستە سەر پرۆسەی بەعەرەب کردن و بەتورک کردنی شاری کەرکوک و وتی:” لەئیستادا لەڕێگەی هەڕەشەوە گوندە کوردنشینەکانی کەرکوک چۆل دەکرێن و عەرەب دێننە شوێنەکانیان و ناوچەکە بە عەرەب دەکرێت و پێمان وایە کە پارتە کوردییە دەسەڵاتدارەکانیش ئاگایان لەم پرۆسەی بەعەرەب کردنە هەیە، لەلایەکی دیکەوە پرۆسەیەکی دیکەی بەتورک کردنی شوێنەوارە مێژوویەکی کەرکوک هەیە، لەلایەن تورکیاوە لەڕێگەی بەرەی تورکمانیەوە، کە لەماوەی ڕابردوو بینیمان کە هەوڵی گۆڕانی سیمای بازاری قەیسەری کەرکوک و قەڵای کەرکوک درا لەلایەن تورکیاوە”.

لە درێژەی کارەکانی کۆنفرانسەکە محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وتاری پێشکەش کرد و ڕەوشی سیاسی نرخاند وتی:” سەرەتا بە دروشمی (باهەمووان پێکەوە تەڤگەر بە پەروەردە و ڕێکخستن بکەینە پێشەنگ) پیرۆزبایی لە سێیەمین کۆنفرانسی کەرکوک دەکەم، ئێمە لەکاتێکدا ئەم کۆنفرانسە دەبەستین کە عیراق و هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی نالەباردا تێپەر دەبن، بۆیە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا پێویستە تەڤگەری ئازادی خۆی ڕێکبخاتەوە، کاریگەرییەکانی پرۆسەی سیاسی لەسەر کۆمەڵگا ڕەنگدەداتەوە .”

سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەنگادانەوەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە

لە درێژەی قسەکانیدا محەمەد عەبدوڵا تیشکی خستەسەر پرۆسەی سیاسی جیهانی و وتی:”لەئیستادا باسی ململانێی وڵاتانی زلهێز دەکرێت، دەیان ساڵە زلهێزەکان شەری ساردیان ئەنجامدەدا، بەڵام لەم دۆخەی ئیستای ئۆکڕانیا شەرەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکەوە کە ئەویش قۆناغی شەری گەرمە، وڵاتامی زلهێز هەوڵدەدەن جوگرافیای وڵاتانی ناوچەکە بگۆڕن کە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە دەبێتە قوربانی و گەلی کوردیش لەتەواوی پرۆژەی ولاتانی زلهێز لەناوچەکە هیچ قازانجێک ناکات، سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەرژەوەندی هەندێک ولات دەکەن کە رۆڵیان لە ململانێی جیهانی هەیە کە ئەمەش ڕەنگادانەوەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە .”

پاش نرخاندنی ڕەوشی سیاسی لەلایەن کۆمەڵە سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازدیی، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی کۆنفرانس کرایەوە، کەتیدا باسیان لە ڕەوشی سیاسی و ئەمنی شارەکە کرد و رۆڵی تەڤگەریان نرخاند لە شارەکە و هەروەها ڕەخنەش هەبوون لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوەکە ئاڕاستەی تەڤگەری ئازادی کران.

پاشان ڕاپۆرتی ڕێکخستنی لەلایەن شیرین عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازدییەوە خویندراویەوە و تیدا هاتبوو: ” لە چوارچێوەی پڕەنسیپەكانی پەیماننامە و لە ژێر ڕۆشنای ئەم مادەیە، تەڤگەری ئازادیی ئەنجومەنی هەرێمی كەركوك، مافی بەستنی كۆنفرانسی ئاسایی خۆی هەیە و دەتوانێت ،بە پێی پێوانەكانی پەیماننامەكە بنەمایەكی سەرەكی پێوانە ڕێكخستنیەكانی تەڤگەری ئازادییە، لە كۆنفرانسدا گۆڕانكاری ڕیشەیی لەنێو ئەنجومەن و هاوسەروكان و كۆمیتەكانی هەرێمەكەیدا بكات.

بە پێی پەیماننامە دەبێت ئەنجومەنی هەرێمەكان دووساڵ جارێك كۆنفرانسی ئاسایی خۆیان ببەستن، بەڵام چەند هۆكارێك بوونە هۆی ئەوەی كە ئەنجومەنی هەرێمی كەركوك، ساڵێك لە بەستنی كۆنفرانس دوا بكەوێت، پەتای كرۆنا و چەند هۆكارێكی سیاسیی لەلایەك  لاوازی و كەم تەرخەمی ڕێكخستنیش لەلایەكی تر، هۆكاربوون كە نەتوانرا كۆنفرانس لەكاتی ئاسایی خۆیدا ببەسترێت”.

لە درێژەی خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخستن ، شیرین عەبدوڵا وتیشی: “لە سێ ساڵی ڕابردوودا ،لە گەڵ بوونی بەربەست و ئاڵنگاری و دژایەتی و زەخت و زۆرییەكی زۆر لەسەر ڕێكخستنەكانی تەڤگەری ئازادیی و دەستگیركردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی لە شارەكانی هەولێر و دهۆك، بەڵام تەڤگەرەكەمان توانی چەندین هەنگاوی گرنگی ڕێكخستنی و سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان و كەركووكدا بنێت ، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە سێ كاتی جیاوازدا سێ پڕۆژەی چارەسەری بۆ كێشەكانی كەركوك و ناوچەكێشە لەسەرەكان ڕابگەیەنێت،  بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی لایەنە سیاسی و كەسایەتی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی (یۆنامی) بكات، هەروەها لە پێناوی چارەسەر كردنی كێشەكانی كەركوك و ڕێگریكردن لەتەعریب و تەتریك وداگیركردنی زەوی جووتیاران، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا ئەنجامداوە.

هەروەها لە سێ ساڵی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی هەرێمی كەركوك ،چەندین هەڵوێستی جیاجیای دژ بەهێرشەكانی چەتەكانی داعش و داگیركاری دەوڵەتی توركیا و بۆردومانەكان بەردەوام هەڵوێستی نیشتیمانی هەبووە” .

پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخستنی، نوزاد محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، پەیڕەوی ناوخۆی تەڤگەری خوێندەوە و وتی: “ئەنجومەنی هەرێمی كەركوك لەچوارچێوەی پرەنسیپەكانی پەیماننامەی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان بەشێوەیەكی خۆسەر خاوەن پەیرەوی ناوخۆی خۆیەتی لەپێناو بەڕێكخستن كردنی سەرجەم چین ‌و توێژەكانی كۆمەڵگە ‌لەشار وشارۆچكە و گوند و كۆڵان و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون ‌و شوێنەكانی دیكەی ژیان و كاری هاوبەش و گشتی لەبواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری كلتوری ‌و پاراستنی خۆی بنیاد دەنێت و بەشێوەیەكی دامەزراوەیی و دیموكراسیانە بەجۆرێك كە پێوەرەكانی ئازادی و ژیانی كۆمیناڵ بوون دیموكراسی و هاوسەنگی رەگەزی و پیشەنگایەتی گەنجان لە بەرێوەبردن و بریارداندا بەبناغە بگرێت، لەپێناو گەیشتن بە ژیانێكی ئازاد‌ و خۆبەڕێوەبەر و دیموكرات. دروشمی تەڤگەری ئازادی: دیموكراسی ، هاوسەنگی رەگەزی، ژینگەپارێزیە”.

پاشان نەوزاد محەمەد، پرەنسیپە بنچینەییەكانی ئەنجومەنی خوێندەوە، هەروەها باسی لە ئەرك و ئامانجی ئەنجومەن کرد، هەروەها پێكهاتە و ئەركەكانی كۆنفرانسی هەرێم ڕوونکردەوە.

پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخستنی لەلایەن نەوزاد محەمەدەوە و، کاندیدەکان بۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی پێشنیاکران، پاش دەنگدان ڕووبار نامیق و هەروەها هاوسەرۆکی پێشوو کۆمەڵ سەرمەد بە زۆرینەی دەنگ وەکو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان هەڵبژێرداران.

پاشان پێشنیاری ناوی ئەندامانی ئەنجومەن کرا و دواتر ١٧ ئەندامی کۆنفرانسەکە وەکو ئەندامی ئەنجومەن هەڵبژێردران.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان و دیاری کردنی هاوسەرۆکەکان، پرۆژە و پێشنیاری کۆنفراسی سێیەمی تەڤگەری ئازادی لەلایەن دیهات عوسمان ئەندامی کۆنفرانسەوە خوێندرایەوە و تیدا هاتبوو، له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوری كوردستان و عێراق بە گشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی تێی کەوتووە، لە ئەنجامی ململانێی سیاسیی و دەسەڵاتخوازی لایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رەوشی کۆمەڵگەی کەرکوک بەرەو خەراپتر بردووە.

ئێمه‌ له‌ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی كه‌ركوك، خۆمان ئه‌ركدار ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ربنه‌مای دیموكراتی و به‌ ئیراده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و وه‌ك پێشنیار ئەم خالانەی خوارەوە دەکەینە‌ به‌رده‌م ئەندامانی سێیەمین كۆنفرانس بۆ چارەسەركرنی كێشەكان:

١-‌له‌پێناو به‌ره‌و پێشبردنی سیسته‌می لامەركەزی دیموكراتی و به‌جێكردنی، هه‌روه‌ها ته‌وژمدان به‌ هێڵی سێیه‌م له‌ سیاسه‌تی دیموكراتیدا، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڕێكخستن كردن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن ده‌كه‌ینه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی تێكۆشانی داهاتوومان.

٢-له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگە و به‌ڕێكخستن كردنی، ئامانجمان ئاواكردنی كۆمیته‌ی رێكخستنی جه‌ماوه‌ری له‌ گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌دێ و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی تا ئێستا ده‌ستمان پێنه‌گه‌یشتووه. هه‌روه‌ها بە رێکخستنکرنی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌و نەتەوەو باوەڕی .

٣-له‌به‌رامبه‌ر بۆشایی هزری و ئایدیۆلۆژیدا په‌ره‌پێدان به‌خه‌باتی په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری و راگه‌یاندنی و چاندی پێكه‌وه‌ ژیان له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌ندامان ده‌بێ‌ په‌روه‌ر‌ده ببینن‌.

٤-له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیبی پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ كاركردنی سیاسی له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسی و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، كه‌سایه‌تییه‌ دیموكرات و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان، خاوه‌نداریه‌تی له‌ پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگە ده‌كه‌ین.

٥-له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژییه‌یی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ژنان ده‌كرێ له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌هه‌موو هێز و توانامانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌ و پشتگیری ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ژن خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی پێشه‌نگایه‌تی و خۆبه‌ڕێكخستن كردن.

٦-له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌راوێزخستن و بێكاری و بێهیوایی و كۆچی به‌كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجان له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا، هۆشیاركردنه‌وه ‌و په‌روه‌رده‌كردن ‌و به‌رێكخستن كردنیان ده‌كه‌ینه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی خۆمان.

٧- تێكۆشان ده‌كه‌ین له‌پێناو ئاشکراکردنی داهاتی سامانە‌ سروشتییه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی سامانی نه‌وت و غاز، بۆ ئاوەدانکردنی هەرێمی کەرکوک تاکو ببێتە مایەی خۆش گوزەرانی گەلەکەی. هاندانی هاوڵاتیان بۆ زیاتر ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی گونده‌كانیان و پێشخستنی به‌روبوومی خۆماڵی.

٨- پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژوویی و مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كان و پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکە بە وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا بۆ زیادکردنی روبەری سەوزایی لە پێناو تەندروستییەکی باشتر بۆ هاوڵاتیانی شارەکە.

٩-هەوڵدان بۆ بەڕێوەچونی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ئاشتی و پێكەوە ژیانی نەتەوە و باوەڕییە جیاوەزەكانی كەركوك.

پاش خوێندنەوەی پرۆژە و پێشنیار، ئەندامانی هەڵبژێردراو و ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە  پەیمانیان دووپات کردووە بە پابەندبوون و جێبەجیکردنی ئەرکەکانیان.

 

 

 

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *