باوکی شەهید ڕێژوان: پێتان دەڵێم حوکمڕانی بە ئێوە ناکرێت

لە یادی ١١ ساڵەی خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، لەشاری سلێمانی مەراسیمێک ڕێکخرا و باوکی شەهید ڕێژوان ڕایگەیاند، لە بەرانبەر هاویشتنی بەرد دا، بە کڵاشێنکۆف و بیکەیسی وەڵامی خەڵکیان دایەوە، هەروەها هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادییش دەڵێت: لە ئێستادا کێشە و قەیرانەکان زیادی کردوە و خەڵکیش بێ ئومێدە لەوەی دەسەڵات چاکسازی بکات.


ئەمڕۆ، 17ی شوبات 2022 لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان، لە مەراسیمێکدا، بە ئامادبوونی کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات و چالاکوانانی سیاسیی، گوڵ لە سەر گڵکۆی شەهید ڕێژوان داندرا، کەسوکاری شەهیدانی ئەو ڕۆژەی تەقەکەران و دادگایان ئیدانە کرد و پارێزەری کەیسەکە بڕیاری داداگای بە نایاسایی ناوبرد.

حاجی عەلی کاشی، باوکی شەهید ڕێژوان لە سەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی وتی: ١١ ساڵ تیپەر بوو بە سەر خۆپشاندانەکانی ١٧ی شوبات، ١١ ساڵ بەر لە ئێستا خۆپشاندانێک لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، خۆپشاندانەکان ڕووبەڕووی لقی چوار بووەوە، لە بەرامبەر هاویشتنی بەرد دا، بە کڵاشێنکۆف و بیکەیسی وەڵامی خەڵکیان دایەوە، ڕێژوانیان شەهید کرد و ٤٨ گەنجی دیکەشیان تێدا کۆمەڵکوژ کرد، مایەی سەرشۆڕی و نا مەریدیە بۆ تەقەکەران.

ئاماژەی بەوەش کرد:”کاتێک لە بەغدا بارەگاکانییان سوتینران و درانە بە شەق و دەرکران، کەسێکیان نەبوو ڕووبەڕووی حەشدی شەعبی ببێتەوە، دوای ئەوەی دادوەری گشتیی بە فەرمانی سەرکردایەتی پەدەکە، کەیسی شەهید ڕێژوانی لە سلێمانیەوە گواستەوە بۆ هەولێر و دۆسێکەیان داخست، ئەمەش تاوانێکی دیکە بوو، حاجی عەلی بەمەش ناڕوخێت، پێتان دەڵێم حوکمڕانی بە ئێوە ناکرێت، چارەنوستان کۆتایی دێت پشتیوان بە خوای گەورە.

هەروەها، عوسمان شەمسەدین، پارێزەری کەیسی شەهیدانی ١٧ی شوبات، داخستنی کەیسی شەهیدانی ١٧ی شوباتی بە نایاسایی و بە بڕیاری سیاسیی ناوبرد و وتی: ئەم کەیسانە زیندوون، هەر ڕۆژێک ئەم وڵاتە ببێتە خاوەن دادگایەکی سەربەخۆ جارێکی دیکە کاری لە سەر دەکەنەوە بۆ بە سزا گەیاندنی بکوژ و تەقەکەران.

هاوکات، هەڤاڵ ئازاد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان / هەرێمی سلێمانی، بە ماڵپەڕەکایانی ڕاگەیاند: لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پەتی تەحەمولیان بچڕا و دوای دەربڕینی سەدان جار ناڕەزایەتی، بریسکەی شۆڕشێکی چاکسازی لێیدا و لە کاتێکی کورتدا ھێرش کرایە سەر چەند بارەگایەکی دوو ھێزی دەسەڵاتدار. وەک تەڤگەری ئازادی، بە توندی ئیدانەی شەھید و بریندار کردنی گەنجانی ئەم ھەرێمە دەکەین و بە دەسەڵات دەڵێین لە ئێستادا ئێوە زیاتر گەندەڵ بوون و کێشە و قەیرانەکانتان زیاتر قوڵکردۆتەوە. لە ئێستادا کێشە و قەیرانەکان زیادی کردوە و خەڵکیش بێ ئومێدە لەوەی دەسەڵات چاکسازی بکات، دڵنیاشتان ئەکەینەوە کە خەڵکی بێدەنگ نابێت. ئێمەش وەک تەڤگەری ئازادی، خۆمان بە بەشێک لەو خەڵکە ناڕازییە دەزانین و ھەڵگری ھەمان ئەو پەیامانەین کە شەھیدانی ١٧ی شوبات بەرزیان کردبۆوە.

   

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شاری قەڵادزێ ئەمڕۆ ٢٤/٤/٢٠٢٤ نیو سەدە تێدەپەڕێت، بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیی و زامە قوڵ  …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *