کەمال چۆمانی
زانکۆی کوردستان بۆ زانستە پزیشکییەکان و زانکۆی کوردستان لە سنە لە ریزبەندی رانکینگی گۆڤاری تایمز بۆ ٢٠٢٢ لەپێشەوەی کۆی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن. ئەو دو زانکۆیە لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانن. دەچیتە هەر شار و گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەلتور و کەلەپوری کوردیی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان دەبینی. کەچی کاتێک زارا محەمەدی دەیەوێ زمانی کوردی فێری منداڵانی سنە بکات، کۆماری ئیسلامیی بە شەش ساڵ زیندانی سزای دەدات، بۆچی؟
چونکە ئەو کردەیەی زارا محەمەدی کردەیەکە لە دەرەوەی سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی. خوێندن بە زمانی دایک مافێکی گەردونییە. نەتەوە یەکگرتوەکان لە چەندان بۆنە و جاڕنامەدا ئەوەی دوپاتکردۆتەوە کە پێویستە زمانەکان بپارێزرێن و منداڵان بە زمانی دایکیان بخوێنن. رۆشنبیرانی پۆستکۆلۆنیال خوێندن بە زمانی دایک بە یەکێک لە هەرە گرنگترین میکانیزمەکانی دژایەتیی کۆڵۆنیالیزم و راستکردنەوەی کەلتوری شێوێنراو و عەقڵی داگیرکراو دەکەنەوە.
یونیسکۆ ساڵی ٢٠١٧ رایگەیاند: <<زمانە لۆکاڵەکان، بەتایبەتییش زمانی کەمایەتییەکان و رەسەنەکان، کەلتور، بەهاکان و مەعریفەی دابونەریت دەگوازنەوە، هەربۆیە رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە پێشخستنی بەردەوامێتیی داهاتوەکان.>>
ئنگوگی وا ثیۆنگ، نوسەری بەناووبانگ و دامەزراوی کینیی دژ بە کۆڵۆنیالیزمی زمانی، دەڵێت: <<ئەگەر هەمو زمانەکانی دونیا بزانیت بەڵام زمانی دایکی خۆت نەزانی، ئەوە کۆیلایەتیی عەقڵییە. بەڵام ئەگەر زمانی کەلتوری خۆت بزانیت و هەمو زمانەکانی دیکەی بۆ زیادبکەیت -بزانیت-، ئەوا بەهێزبونە.>>
ئنگوگی وا ثیۆنگ هەمیشە هەوڵیداوە ئەفریقایییەکان بە زمانی دایکیان بخوێنن چونکە پێیوایە <<زمانی دایک بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی کەلتورییە.>>
زارا محەمەدی لە فێرکردنی زمانی کوردییدا، تەنها زمانی فێری منداڵان نەکردوە، کە منداڵان دەتوانن دەیان زمانی دیکەش فێرببن، بەڵکو ئەو شوناسە کەلتورییەی تێدا دروستکردون کە ئێرانی ئایەتوڵاکان نایەوێت دروستببێ.
زارا محەمەدی بەو رۆحییەتە پڕ فیداکاری و لەخۆبوردەیی و ئازایەتییەوە بەر لە رۆییشتنی بۆ زیندان، لەناو کۆمەڵانی خەڵک بەهێمنییەکی شۆڕشگێڕانەوە دێڕە شیعرێکی قانعی شاعیر دەڵێتەوە: <<قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە.>>
بە گوتنەوەی ئەو دێرە شیعرە کە لای زۆربەی کورد لە رۆژهەڵات و باشور ئاشنایە، زارا خان زۆر بەئاسانی پەیوەندییەکی رۆحیی گەورە دروستدەکات. ئەو لە بەهێزیی زمانی دایکی تێگەییشتوە، لە ئەدەبیات و کەلتوری ئەو زمانەش ئاگادارە، بۆیە بە گوتنەوەی دێرە شیعرێک -هێندەی بزانم قانع ئەو شیعرەی لە کاتێکدا نوسیوە کە لە زیندانی ئێرانی سەردەمی شا بوە- دەزانێت چۆن وەڵامی سیستەمی دیکتاتۆری ئێران بداتەوە و چۆنیش خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان لە هەرکوێیەکی دونیا بن بەجۆش بکات بۆ خەباتی زمانی دایکیی.
بەڵام، بەدڵنیایی ئازادی زیندان ناکرێ!