‘دەبێت فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان لەناو گەلی قوبرسدا بڵاوبکرێتەوە’

پارلمانتارێکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت لە قوبرس زیاتر هەبن و وتی، “زۆر گرنگە گەلی قوبرس فەلسەفەی ئۆجالان بناسن”.

پارلمانتاری قوبرس لە پارلمانی ئەوروپا سیاسەتمەداری قوبرسی نیۆکلیس سیلیکیۆتیس باس لەوەدەکات کە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بۆ قوبرس نمونەیەکی مێژوییە و بووەتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن.

پارلمانتاری قوبرسی پەرلەمانی ئەوروپا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و رایگەیاند: “زۆر دەمێکە بزوتنەوەی ئازادیی کورد دەناسم، لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە کە لە ئەڵمانیابوون پەکەکە دەناسم. بەڕێز ئۆجالان بەهۆی هەڵوێستێکی یۆنانەوە کە مایەی قەبوڵکردن نییە دەستگیرکرا. هەر ئەو کات رەخنەمان لەو هەڵوێستەی یۆنان گرت. بۆ ئێمە جێگەی شەرمەزاریەکی گەورەبوو. من ئاگاداری سەرجەم قۆناغەکانی دەستگیرکردنی ئەوم و هەر ئەو کات ناڕەزایەتییمان دەربڕی. کاتێک دادگاییکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا فراکسیۆنی چەپ لە پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتی گەورەی نیشاندا. لەم ساڵانەی دواییدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆن بووم و هەموو ساڵێک چالاکییمان لەپێناو کوردستان ساز دەکرد. بۆ ئەوەی تێکۆشانی کوردان نیشان بدەین لە هادەپەوە تا پەیەدە لە سوریا ئێمە بانگهێشتی کوردمان دەکرد و بەردەوام پرسی ئازادکردنی ئۆجالانمان دەهێنایە بەرباس.

وەک فراکسیۆنی چەپ و ئەی کە ئی ئێڵ هەرگیز قەبوڵی ناکەین کە بزوتنەوە رزگارییخوازەکان وەک تیرۆریست پێناسەبکرێن. دەبینین کە تورکیا ئەو کەسانەی بۆ ئازادیی گەل تێدەکۆشن بە ئاسانی بە تیرۆریست تۆمەتبار دەکات. بابەتێکی دیکە کە پەیوەست بە عەبدوڵا ئۆجالان مایەی قەبوڵکردن نییە، ئەوەیە کە لە ژووری تاکەکەسییدا رادەگیرێت، کە ئەوەش لە سیستمی دادوەری تورکیا و ئەوروپادا جێگەی نابێتەوە. ماوەی نزیکەی سێ ساڵیشە ناتوانێت پارێزەر و کەسوکاری خۆی ببینێت. ئەوەش پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. ناتوانن مرۆڤێک لەو ئاستەدا گۆشەگیر بکەن. ئەوە شێوازێکی ئەشکەنجەیە.

عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانێکی بێهاوتا بەڕێوەدەبات و ئەوەش راستییەکە. تا ئەو تێکۆشانە هەبێت چەندەش گوشار بکەن، ناتوانن لەبەردەم تێکۆشانی ئازادیی کورد ببنە لەمپەر. بەپێچەوانەوە، تێکۆشانی گەلی کورد زیاتر گەورە دەبێت. نەک هەر لە تورکیا، لە سوریا، لە عێراق و ناوچەکانی دیکە. ئەوەش دەریدەخات کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر لە بەرامبەر سەرۆکی گەلی کورد چەندە رێکاریش بگرێتەبەر، ناتوانێت رێگریی لە رۆڵی ئەو بکات لە ناو تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا”.

نیۆکلیس سیلیکیۆتیس ئاماژەی بۆ شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، “لە چالاکییەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا ئێمە پشتیوانیی زۆر لە مۆدێلی رۆژئاوا دەکەین، ئەوەی نمونەیەک لە پێگە و هەڵوێستی عەبدوڵا ئۆجالانە؛ ئازادیی ژن، پاراستنی ژینگە، ژیانی پێکەوەیی و دیموکراسی لە ئاوێتەی مۆدێلی رۆژئاوابوون. نمونەیەکە کە بەردەوام باسی دەکەین. لەبەر ئەوەی کورد لە رووی مێژووییەوە بۆ ساڵانێکی زۆر بە ئایین، شێخ و مەلاوە بەسترابووەوە، لە سایەی پەکەکەوە پێناسەکانی دیموکراتیک، کۆلەکتیڤ و ئیکۆلۆژیک خوڵقێندران.

شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بۆ قوبرس نمونەیەکی مێژووییە. ئەوە بۆ ئێمە سەرچاوەی سوودوەرگرتنە. وەک چۆن مرۆڤەکان لە رۆژئاوا، عەرەب و کورد لە ناو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بە شێوەیەکی یەکسان دەژین و بەرپەرچی نەتەوەپەرستیی دەدەنەوە، ئەو پاڕادایمەش دەریدەخات رۆمەکان لە قوبرس دەتوانن بە شێوەیەکی دیموکراتیک لەگەڵ گەلانی دیکەدا بژین، پێویستیان بە هێزێکی دیکەی باڵادەست و هێزێکی پاراستنی جیا نییە”.

سەبارەت بە هەڵمەتی ‘ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد’ نیۆکلیس سیلیکیۆتیس وتی، “تورکیا بە زیندانی کردنی عيبدوڵا ئۆجالان دەیویست بزوتنەوەی ئازادیی کورد پاکتاو بکات. ئەمە رووینەدا، بە پێچەوانەوە لە دۆخی دیلگرتندا شۆڕشێکی نوێی خوڵقاند. ئەو کەمپینە زۆر گرنگە، بابەتێکە کە ماوەیەکی زۆرە باسی دەکەین. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەبێت سەرۆکی گەلی کورد ئازاد بکرێت. گۆشەگیرییی بە کەڵکی چارەسەری کێشەکە نایات، بەڵکوو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. بۆیەش دەبێت پشتیوانیی نێونەتەوەیی بەهێزتر بکرێت. بۆ چارەسەری دیموکراتیک و یەکسان. بۆ راگرتنی شەڕ، دووپاتی دەکەمەوە کە دەبێت دەستبەجێ عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت”.

لە کۆتایی قسەکانیدا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس رایگەیاند، “لەهەموو کارەکاندا ئێمە لەگەڵ کوردداین. چی دەکەن، با بیکەن، ئێمە پشتیوانیی لەوان دەکەین، خۆی لە خۆیدا ئێمە هەموو کات پشتیوانییمان دەەربڕیوە. روانینێکی زۆر ئەرێنیمان لەسەر کورد هەیە. ئەو کەمپینە زۆر گرنگە. لە رێگەی ئەو کەمپینەوە دەبێت ئێمە زیاتر لە کارەکانی ئۆجالان لە زیندانەوە، لە پێشنیازەکانی بۆ ئاگربەست، کارەکانی لەپێناو کۆمەڵگە، کار و بەرهەمەکانی لە رۆژئاوا زیاتر تێبگەین. دەبێت ئەوە بۆ گەلی قوبرسیش باس بکەین. هەربۆیە بە بڕوای من دەبێت کتێبەکانی ئۆجالان بە زمانە جیاجیاکان وەربگێڕدرێنەوە. بەتایبەتیی لە قوبرس زۆر کەمن. دەبێت زیاتر بکرێن. زۆر گرنگە کە ئەندێشە، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان لەناو گەلی قوبرسدا بڵاوببێتەوە”.

 

هەروەها چێکی بکە

“مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە هێزی ژنان و فیکری ژنان دەترسێت”

سارا ڕەزا رایدەگەیەنێت، لە باشووری کوردستان بەهۆی نامووسگەراییەوە ژنان قوربانیی دەدەن، رەخنەشی لە خەباتی ژنان …