د. كامەران مەنتك
هەندێك رووداو هەیە، سەرباری كارەستباری و ئێش و ئازاریان، دونیایەك جوانی دەردەخەن و نیشانی دەدەن، كە رەنگ بێت بۆ ماوەیەكی زۆر كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەو جوانیانە كرابێت، یاخود بەهۆی ماندووبوون و شەڕی راگەیاندنەوە، كۆمەڵگا وەكو پێویست بایەخی پێنەدابێت، یاخود چاوی نەیبینیبێت، كە دیارە ئەم چاوبەستن و فریودانە، لە كۆمەڵگای كوردی كراوەتە دیاردەو خەڵك تەنیا شتە ناشیرینەكانی دەسەڵات دەبینێت و بەرامبەر ئەمەش هەموو ئەو جوانیانانە فەرامۆش دەكات، كە لەناو خودی خۆیدا رەگی داكوتاوە.
لافاوەكەی هەولێر، سەرباری ئەو لایەنە نەرێنیانەی قسەی زۆری لەسەر كرا، وەكو هەموو بابەتێكی تر، بووە هۆی هێنانە ئارای گەڕەلاوژەیەكی سیاسی لە نێوان هێرش بردن و بەرگریكردن، پێگەیەكی گرنگی لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەوە، جارێكی تر ئەو جوانیانە فەرامۆش كران، كە دوژمنانی كورد، بەخۆماڵی و دەرەكیەوە كار لەسەر تیكشكاندن و ناشیرینكردنی دەكەن، ئەویش بەرزی گیانی بەتەنگەوە هاتن و یارمەتدانی یەكترە لەناو كۆمەڵگای كوردی! كەس ئەو سەرمایەدار و هەژارو مامۆستا و پیاوی ئاینی و كاسب و خوێندەوار و نەخویندەوارەی سلێمانی و هەڵەبجە و دوزخۆرماتوو و گەرمیان و دهۆك و زاخۆی نەبینی و سەرنجی رانەكێشا، كە بەوپەڕی بەرپرسیارییەتی و گیانی مرۆیی و نەتەوەییەوە، كۆمەكیان بۆ لێقەوماوان و زیانلێكەتووانی لافاوەكەی هەولێر كۆدەكردەوە، هیچ دیمەنێك وەك دیمەنی ئەو ئاژەڵدارانە جوان نەبوو، كە لەچاوی لێقەوماوی خۆیانەوە، سەیری شوانەكەی هەولێریان دەكرد و بەدەست و دیاری، رانێك لەسەر مەڕ و ئاژەڵی تر، هاتنە تازییەباری ئەو شوانە كۆست كەوتووە! دیمەنی ئەو گەنجە خۆبەخشانەی كۆمەك و یارمەتیان كۆدەكردەوە، سەرنجی كەسی رانەكێشا! نازانم بۆ نووسەرانی كورد، كار لەسەر نیشاندان و بەرز نرخاندنی ئەو دیمەنە جوانانە ناكەن!؟ كە گیانێكی كەموێنەیەو موچڕك بەجەستەی مرۆڤ دا دەهینێت و ئەوە دەسەلمێنێت، كە كورد لەباشوور، سەرباری هەموو شتێك، تاوەكو ئێستا ئەو جوانیانەی پاراستووە، كە شایەنی مانەوە و پێشكەوتن بێت.
لافاوەكەی هەولێر ئەوەی سەلماند، كە تا ئێستا گیانی نەتەوەیی بوون و مرۆڤ بوون لەناو ناخی تاكی كورددا رەگی داكوتاوە و هیچ هێزێك نەیتوانیوە و ناتوانێت هەڵیتەكێنێت، لەپاڵ ئەوەدا ئەوەی جێگای داخە جگە لە خەڵكی شارو گوندەكانی باشووری كوردستان، هیچ شارێكی تری ئێراق، سەرباری ئەوەی هەولێر باوەشی بۆ هەموویان كردەوە و لە تاریكترین چركەساتەكانیاندا، سەرباری ئەوەی ئەوان بەشداریان لە جینۆساید كردن و رەشەكوژكردنی كورد كردبوو، باوەشی بۆ كردنەوە و تاوەكو ئێستا لەهەولێر ژیانێكی پڕ ئارامیان بۆ دابینكراوە، كەچی هێندەی من زانیاریم هەبێت، كەسێكم نەبینی، نە رۆشنبیر و نەرێكخراوەكان و نە …نە…نە بیر لەوە بكاتەوە، وەك شارەكانی تری كوردستان بیر لە بەهاناوەچوونی هەولێر بكاتەوە!
هیوادارم تاكی كورد، بەر ۆشنبیرو خویندەوار و نەخوێندەوارەوە، كار لەسەر بەرزرنرخاندن و بەهێزكردنی گیانی هاریكاری و بەتەنگەوەهاتنی یەكار بكەن و بیپارێزن، لەبەرئەوەی ئەو گیانە كۆڵەگەیەكی سەرەكی مانەوە و بەردەوامبوونەو هەوێنێكی رەسەنە، بۆ لە یەكتر نزیككردنەوە و رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی.