ڕاپەڕین
جارێکی دیکە خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى سنوورى ڕانیە دەستیپێکردەوە و داوا دەکەن دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆى ڕاپەڕین لە شارۆچکەى ڕانیەى سەر بە پارێزگای سلێمانى بە دروشمى ‘حکومەتى بنەماڵە.. کوانێ پارەى دەرماڵە’ و ‘کۆڵ نادەین واز ناهێنین تا مافمان بەدەست دێنین’، دەستیپێکردەوە، وەک خۆیان دەڵێن، تەنها داواى مافى خۆمان دەکەین، کە پێدانى دەرماڵەیە.
ئەو خوێندکارانە دەشڵێن، ئێمە بەشێوەیەکى مەدەنیى لەبەردەم زانکۆکەمان گردبووینەتەوە و دوور لە توندوتیژیى داواى مافى سەرەتایی خۆمان دەکەین، کە دابیننکردنى دەرماڵەیە بۆمان.
لە دوو هەفتە پێش ئێستادا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى بەشێکى زۆر لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد، کە حکومەت مانگانە بڕیک پارەیان وەک دەرماڵە بۆ خەرج بکات، بەڵام لە هەندێ ناوچە توندوتیژىی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهات و هێزێکى زۆرى ئەمنییش هێنرایە ناو شار و شارۆچکەکان، کە تائێستاش لەو شوێنانە جێگیرکراون.
لەلایەکى دیکەوە، دەسەڵاتدرانى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى ڕێگریى لە درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان بڕیاریاندا بۆ ماوەىەک دەرگاى زانکۆ و پەیمانگاکان دابخەن، ئەمڕۆش خوێندکارانى زانکۆى ڕاپەڕین وەک یەکەم زانکۆ دەستیان بەخۆپیشاندانەکان کردەوە و بڕیاریشە سبەى یەکشەممە پرۆسەى خوێندن لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دەسپێبکاتەوە، پێشتریش خوێندکاران رایانگەیاندبوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوام درێژە بە خۆپیشاندانەکان دەدەن، تاوەکو بەدەست هێنانى مافەکانیان.
لە ڕۆژى ٢٧ ى مانگى ڕابردوو مەسرور بارزانی لە وەڵامى داوای خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان، کە دوو هەفتە پێش ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت، ڕایگەیاند:”لە دنیادا شتی وانەبووە خوێندن بەلاش بێت و داوای دەرماڵەش بکەیت”، بەو ڕستەیەش وەڵامی خۆپیشاندان و چالاکیی خوێندکارانی دایەوە.