تەڤگەرە خوێندکارییەکان، پەیامی قوڵتر لە تێگەیشتنی ئەم دەستەڵاتەیان هەیە

ئێوارەی ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی هەڵویستی خۆی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی خوێندکاران دەربری.

ئەمەش دەقی لێدوانەکە.

 

‎<<تەڤگەرە خوێندکارییەکان، پەیامی قوڵتر لە تێگەیشتنی ئەم دەستەڵاتەیان هەیە>>
‎تەڤگەرە خوێندکارییەکان، ڕەگوڕیشەی قوڵی مێژووییان هەیە، دەستەڵاتی دڕندەتر لە حکومەتی هەرێمییان بە چۆکدا هێناوە، کاریگەریی گەورەیان لە جیهاندا دروستکردووە.
‎ئەوەی ئێستا خوێندکارەکانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ مافی خۆیان بە ئەرک و چالاکی ڕاستەقینەی خوێندکارییانەی خۆیان هەڵدەستن، لەمەشدا نە سڵ لە دەستەڵاتی ڕەشی ناوخۆیی دەکەنەوە، نە سڵ لە ماندیبوونی خۆیان دەکەنەوە. زنجیرە چاڵاکی پیرۆز و کاریگەر و تایبەتن و جێگای ڕێزی ئێمە و هەموو ئازادی خوازێکی جیهانن، هەموو توندوتیژی و تۆقاندنێکی دەستەڵاتیش ئیدانە و شەرمەزارکراوە لەلایەن ئێمەوە.
‎داواکاری خوێندکاران، داواکاری ھەموو ھاوڵاتیانە، داواکاری گەنجە گیرفان بەتاڵ و مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمانە. ئێمە بە تەواوەتی لە پشتی داواکاریەکانیانەوە دەبین. لە هەموو شوێنێک هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، بادینان وسۆران و هتد..
‎حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە لە ئیدارەدانی تەواوی کەرتەکانی، تەندروستی و کارەبا و پەروەردە و بەرگری هتد.. بۆیە ئەم دۆخە پێویستە وا لە حکومەتی هەرێم بکات، کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی سەرتاسەری-کاتی بدرێت و کۆمەڵگا خۆی بەڕێوەببات و چاوەڕێی کەسیتر نەکات خۆی بکاتەوە خاوەنی هەموو شتێک.
‎دۆخی خوێندکارانی زانکۆ حکومیەکان لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەرئەنجامی شکستی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی بەرەی هۆشمەندانەی بایکۆتە. ئەم ھەنگاوانەی دەسەڵات ھەنگاون بۆ بە تایبەت کردنی کەرتی پەروەردە بۆیەش ھەردێت پەروەردەو بەرەو گێژاو و بێ سیستمی دەروات، جیاکاری چینایەتی بەرز دەبێتەوە هەموو ئەوانەی بەوپەڕی پێداگریەوە دێنە سەر شەقام، ئەوانەن لە هەڵبژاردندا کەسیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نەزانیوە، بەڵکو خۆیان ڕێبەری خۆیانن، خوێندکاری ئێستای زانکۆکان سەرباری هەژاریی و دەستکورتییان لە ڕووی ماددی-ئابووریەوە، بەهەرحاڵ زانا و مکوڕن لەسەر ماف و ئازادیەکانیان و باش حاڵی بوون لەوەی کە ئەوەی ئەوانی توشی ئەم دۆخە قوڕسەی ژیانیی و فکری کردۆتەوە، هەر ئەوانە و باوکی ئەوانەن کە هێشتا هەرزە/ موڕاهیقن کەچی زانکۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، لە دۆخێکی واداین کە خوێندکار ناتوانێ قەڵەمێک و کتێبێک بکڕێت و توێژینەوەی پێبکات، کەچی کوڕی ئەوان زانکۆیان هەیە و سەرۆکی بۆردن، خوێندکارە ڕاستەقینەکان باش دەزانن کە ئەوان ناتوانن پڕۆفیسۆرێک ببینن و تا تێربەدڵی خۆیان توێژینەوەیەکەیانی لەگەڵ شەن و کەو بکەن، کەچی کوڕانی ئەوان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی پڕۆفیسۆرەکان دەکەن و پڕۆفیسۆرەکان دەخەنە پشتی خۆیانەوە.
‎ئەم دۆخە ئەگەر درێژەی هەبێت، نابێت تەنها لەسنووری خواستی دەرماڵە قەتیس ببێت، بەڵکو وا پێویست دەکات، سەقفی داواکانیان بەرزتر بکەنەوە، بەوەوە نەوەستن تەنها دەرماڵەی مانگێکیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵکو پێویستە داوای قەرەبووی ساڵەکانیتریش بکەنەوە. وەهەروەها ڕەوشەکە خوێندکاران ناچار دەکات کە ئەنجومەنی دیاریکراوی خۆیان دیاریبکەن و بۆ ئەوەی توشی ئازاردان نەبنەوە و ئەم ئەنجومەنە ئیشی ئەوەبێت بۆ هەموو شارێک و زانکۆیەک تەڤگەرەکەیان بگوازنەوە و بۆ ئەوەش کە هیچ کەس ماف بەخۆی نەدات کە تۆمەتی سواویان بۆ هەڵبەستێت.
‎لێرەوە بە پێویستی دەزانین، کە داوا لە پۆلیس و ئاسایشەکانیش بکەین، کە ئەم خوێندکارانە کەسوکاری ئەوانن، بەهیچ شێوەیەک نابێت خوێندکاران ئازاربدەن و بیانترسێنن، بەڵکو پێویستە بە چەکەکانیانەوە بچنە پاڵ خوێندکارەکانی ناڕازی و خۆپیشاندەر و پشت لەو دەستەڵاتە بکەن کە بەدەیان مووچەی ئەوانی خواردوە و بەدەیانی تری لێبڕیون و پاشەکەوت کردوون، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەن هیچ شتێک ڕەوایەتی نادات بەوەی کە ئاسایشێک، پۆلیسێک بێت و بێ ویژدانانە خوێندکارێک بکوژێ، برینداربکات، وەیان ئازاربدات.
‎لە کۆتاییدا، دەمانەوێت بە خوێندکارە پڕ جۆشەکانی ڕابگەیێنین بە دڵنیایەوە ئەو ڕاپەڕین و چالاکیەی ئێوە پێگەی ئەوانە دەلەرزێنێ کە مافی ئێوەیان خواردوە ، هیچ چارەیەکیان نیە ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەر ئەبێت گوێ بۆ داخوازییە ڕەواکانتان بگیردرێت .

لە کۆتاییدا دەڵێن پێویستە ھەرچی زووە خوێندکارانی دەستگیرکراو ئازاد بکرێن و خوێندکارانیش بە شێوەیەکی ڕێکخراوانەتر چالاکیەکانیان بەردەوام بکەن و ڕێگە نەدەن ھیچ دەستێکی ڕەش و گێرەشێوێن تێکەڵاوی چالاکیەکانیان ببن و کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوایەتی داواکانیان دروست بکەن و ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانی داوا ڕەواکانیانین

 

‎شەرمەزاری بۆ ئەوانەی دەیانەوێ داهاتومان وەکو ڕابردوومان لێبکەن.
‎ تەڤگەری ئازادی
٢٠٢١/١١/٢٣

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *